Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 01:09

ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا بۆ 920 کەس بەرزبووەوە

100%

بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی کە ڕۆژی چوارشەممە وڵاتی ڤەنزوێلای هەژاند، گەیشتە 920 کەس. هاوکات وەزارەتەکانی دەرەوەی چەندین وڵات گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتیانی خۆیان لە ناو ئەو کارەساتەدا پشتڕاست کردووەتەوە.

 وردەکاریی ناسنامەی قوربانییە بیانییەکانە بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوەکان:

پورتوگال: وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال ئامارەکانی نوێ کردەوە و ڕایگەیاند، کە تا ئێستا 28 هاووڵاتیی پورتوگالی یان نەوەکانیان لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 85 کەسی تریشیان تا ئێستا بێسەروشوێنن.

چین: میدیا فەرمییەکانی چین بڵاویانکردەوە، کە 7 هاووڵاتیی چینی لەناو قوربانییەکاندان. باڵیۆزخانەی چین لە كاراكاس داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە لە ڤەنزوێلا وریای پاشلەرزەکان و کارەساتە لاوەکییەکان بن.

ئیسپانیا: حکومەتی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە لانیکەم 5 هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە و 119 کەسی تریش بێسەروشوێنن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە 14 کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دۆزراونەتەوە. ئیسپانیا بڕی 1 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی بەپەلەی بۆ ڤەنزوێلا تەرخان کردووە.

بەرازیل: وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل پشتڕاستی کردەوە کە دوو هاووڵاتییان (پیاوێک و ژنێک) لە ناو کارەساتەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

شیلی: وەزارەتی دەرەوەی شیلی، کە وڵاتەکەی میوانداریی ڕەوەندێکی گەورەی ڤەنزوێلی دەکات، ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکی وڵاتەکەیان لە بوومەلەرزەکەدا گیانی لەدەستداوە.

ئیتاڵیا: پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ کە هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی ئیتاڵی و ڤەنزوێلی بووە، لە ناوچەی "لا گوایرا" کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەیەکەوە گیانی لەدەستداوە. ئیتاڵیا دەڵێت نزیکەی 170 هەزار هاووڵاتیی هەڵگری پاسپۆرتی ئیتاڵی لە ڤەنزوێلا نیشتەجێن.

ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە تیمەکانی فریاگوزاری و گەڕان لە ناو وێرانکارییەکانی كاراكاس و شارەکانی تر بەردەوامن لە کارکردن، و ترسی ئەوە هەیە بەهۆی زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنەکان، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ژمارەی کۆچکردووان زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.