وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتوویی پڕۆژەیەکی ستراتیژییان بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی وزە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا ئەنجام دا.
تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەردوو کۆمپانیای (کار) و (داناگاز)، توانییان لە ماوەی تەنها 6 کاتژمێردا بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانییەوە ببەستنەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، بە پشتبەستن بە وێستگەکانی دیکە، ڕێگرییان کردووە لەوەی کاریگەریی نەرێنی بکەوێتە سەر کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ناوچە جیاجیاکان، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی وزە 4700 مێگاوات بوو، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 5300 مێگاوات."
هەمان سەرچاوە جەختی کردەوە کە بە زیادبوونی ئەم 600 مێگاواتە، کێشەی کەمیی کارەبا و پچڕانی تەکنیکی لە سنووری قەزای سۆران و دەوروبەری بە شێوەیەکی بەرچاو چارەسەر دەبێت و ئاستی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان جێگیرتر دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.