تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران توانییان منداڵێک لە مەترسیی خنکان لە پۆندی کاولۆکان ڕزگار بکەن و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە دیانا سامی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا ئاگادار کراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی کەوتنە ناو ئاو لە ناوچەی (پۆندی کاولۆکان) لە نزیک گەلی عەلی بەگ، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە منداڵەکە ژیانی لە مەترسیدا بووە، بەڵام تیمەکان توانیویانە بە خێرایی و بە سەلامەتی لە ناو ئاوەکە دەریبهێنن و لە خنکان ڕزگاری بکەن.
لەبارەی دۆخی ئێستای منداڵەکەوە، ڕەوەند هاودیانی گوتی: "لە ئێستادا منداڵەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی لە سۆران کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، خۆشبەختانە دۆخی تەندروستیی جێگیرە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.