مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران ڕایگەیاند، کە ئەمریکا چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی لە ئێران دەکات بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵبدرێتەوە.
ڕۆبیۆ، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەبدولەتیف بن ڕاشد ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، کە لە ڕێککەوتی 25ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەچوو، وتی: "ئێمە ئێستا دەچینە قۆناغێکی نوێوە کە هیوادارین ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە واشنتن بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو، هەوڵ دەدات دەرفەتی گفتوگۆیەکی بونیادنەر بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران. جەختیشی کردەوە کە ئەوان کراوەن و ئامادەن بۆ هەر ئەنجامێکی پۆزەتیڤ، بەڵام مەرجێکی سەرەکییان هەیە.
ڕۆبیۆ مەرجەکەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە و وتی: "ئەمریکا ئامادەی گفتوگۆیە، ئەگەر ئێران بڕیار بدات لە جیاتی ئەوەی جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕ بێت و هەوڵی هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی بۆ وڵاتانی تر بدات، ببێتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی (Nation-state) کە تەرکیز بخاتە سەر خۆشگوزەرانیی گەلەکەی خۆی."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مارکۆ ڕۆبیۆ دووپاتی کردەوە کە ئەگەر تاران ئەم ڕێڕەوە بۆ داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانی ڕابردوو، پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەو ئاشتییە بکاتە واقیع.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.