ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی 25ی حوزەیرانی 2026، لە مەراسیمێکی تایبەتدا کۆتایی بە خولێکی درێژخایەنی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ قوتابیانی خوێندنی ئایینی هات، کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی نەبەز ئیسماعیل کەمال بەگ، نوێنەر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، محەمەد ڕەمزی، بەڕێوەبەری خوێندنی ئایینی و حوجرەکان، و مامۆستا سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری قوتابخانە، لەگەڵ نوێنەرانی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و ڕێکخراوی (ئەمیدیست - AMIDEAST) بەڕێوەچوو.
خولەکە بە پاڵپشتیی دارایی و لۆجستیی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئەنجامدرا و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای زمانیی قوتابیانی خوێندنی ئایینی بوو بۆ ئەوەی بتوانن ئاشنای سەرچاوە زانستی و ئەکادیمییە جیهانییەکان بن.
لە میانی وتەیەکدا، نەبەز ئیسماعیل سڵاو و ڕێزی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی گەیاندە ئامادەبووان و سوپاسی کونسوڵخانەی ئەمریکای کرد بۆ ئەم دەسپێشخەرییە. ڕاشیگەیاند: "فێربوونی زمانی ئینگلیزی هەنگاوێکی گرنگە بۆ قوتابیانی ئێمە تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی ئەکادیمی پەیامی ئایینی و مرۆیی بگەیەنن و پەرە بە تواناکانیان بدەن." هەروەها دەستخۆشی لە مامۆستایانی خولەکە کرد کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا خزمەتی قوتابیانیان کردووە.
وەزارەتی ئەوقاف جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە خولانە بەشێکن لە ستراتیژی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی خوێندنی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و کرانەوە بەڕووی زانستە مۆدێرنەکاندا.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر 43 قوتابیدا دابەشکرا، کە بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانی خولەکەیان بڕیبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.