Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 17:58

دەرهێنەرێکی ئیسرائیلی لە فیستیڤاڵی فیلمی مارسیلیا کشایەوە

Kurdistan Ahmed
100%

ناداف لابید، دەرهێنەری ناوداری ئیسرائیلی، بڕیاری دا لە 37یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مارسیلیا (FIDMarseille) بکشێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی شەپۆلێکی فراوانی بایکۆت دژی بەشداریکردنی ئەو دروست بوو و چەندین دەرهێنەری تر فیلمەکانیان کێشایەوە.


لابید کە ساڵانێکی زۆرە لە فەرەنسا دەژیت، بەوە دەناسرێت کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی بنیامین نەتانیاهۆ و کۆمەڵگەی ئیسرائیلییە. هەروەها هەڵوێستی توندی هەبووە دژی جەنگی غەززە کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە دەستی پێکردووە. بڕیار بوو لەم خولەی فیستیڤاڵەکەدا (کە لە 7 بۆ 12ی تەممووز بەڕێوەدەچێت) وەک ئەندامی لیژنەی دادوەران بەشدار بێت و فیلمی "The Policeman"ی نمایش بکرێت.


تسڤیتا دۆبریڤا، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی مارسیلیا، بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" ئاشکرای کرد کە گروپێک لە دەرهێنەران داوای بایکۆتی فیستیڤاڵەکەیان کردووە بەهۆی بەشداریکردنی لابید. لە سەرەتادا بڕیاردرا لابید تەنها لە لیژنەی دادوەران بکشێتەوە، بەڵام کاتێک داواکارییەکان بۆ قەدەغەکردنی نمایشکردنی فیلمەکەشی زیادیان کرد، دەرهێنەرەکە بڕیاری دا بە تەواوی لە فیستیڤاڵەکە دووربکەوێتەوە.

لابید لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "لومۆند" ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی فیستیڤاڵەکە نەخاتە مەترسییەوە کشاوەتەوە، بەڵام ڕەخنەی لە ڕێکخەران گرت و وتی: "دەبوو لە کاتێکی وەهادا ڕێکخەران بەرپرسیارێتییەکی زیاتر بگرنە ئەستۆ."


ڕێکخەرانی فیستیڤاڵی مارسیلیا لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی و ڕایانگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک یاسایی نییە دەرهێنەرێک بە بەرپرسیاری سیاسەتە ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی دابنرێت." جەختیشیان کردەوە کە دەبێت گوێ لە دەنگە سەربەخۆکانی وەک لابید بگیرێت کە هەوڵی تێگەیشتن لە توندوتیژییەکانی ناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسرائیلی دەدەن.


بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەم کێشەیەوە نزیکەی 10 فیلم لە کۆی 120 فیلمی بڕیاردراو، لەلایەن دەرهێنەرەکانیانەوە کێشراونەتەوە. دۆبریڤا وتیشی: "هەرچەندە هەر هونەرمەندێک مافی کشانەوەی فیلمەکەی هەیە، بەڵام ئێمە دژی بایکۆتی کلتوورین."

ئەم ڕووداوە نیشاندەری ئەو دابەشبوونە قووڵەیە کە جەنگی غەززە لە ناوەندە هونەری و کلتوورییەکانی ئەوروپادا دروستی کردووە، تەنانەت بەرامبەر بەو هونەرمەندانەی کە خۆیان ڕەخنەگری حکومەتی ئیسرائیلن.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.