حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی وڵاتەکە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" بڵاوکراونەتەوە، و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە باسانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو باس و خواسانەی لە ناوەندە میدیاییەکاندا سەبارەت بە جێهێشتنی ئەندامێتی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەکرێن، بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمیی بەغدا ناکەن. ئاماژە بەوەش دراوە کە عێراق وەک ئەندامێکی سەرەکی و دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە، پابەندییەکانی خۆی لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهانی بەردەوام دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەت دڵنیایی دایە لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ڕایگەیاند، کە سەرۆک وەزیران لە هیچ کات و کۆبوونەوەیەکدا باسی لە کشانەوە لە ئۆپێک نەکردووە و ئەم پرسە لە کارنامەی حکومەتدا نییە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەندێک دەنگۆ بڵاوبووبوونەوە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی عێراق لە پشکی هەناردەکردنی نەوت و قەیرانی دارایی لە ساڵی 2026دا. چاودێران پێیان وایە ئەم لێدوانە فەرمییە بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێی بازاڕەکانی نەوت و دووپاتکردنەوەی هاوئاهەنگیی عێراقە لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.