لە قاهیرەی پایتەختی میسر، شاندێکی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخی ئەزهەر کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر ستایشی پێگەی مێژوویی کورد و ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئایینی کرد و بانگهێشتی فەرمیی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان قبوڵ کرد.
ئەمڕۆ، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا، لەلایەن شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی باڵای مەشێخەی ئەزهەرەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا شێخی ئەزهەر ڕێز و پێزانینی قووڵی بۆ مێژووی گەلی کورد دەربڕی و ڕایگەیاند: "مێژووی کورد پڕە لە خزمەتکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی، ڕۆڵی زانایانی ئایینی کوردستان لە چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان و میانڕەویدا مایەی سەرنج و بایەخە."
لە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، د. پشتیوان سادق بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوەتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان. شێخ ئەحمەد تەیب بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد و ڕایگەیاند: "لە دەرفەتێکی گونجاودا، بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم."
هەروەها شێخی ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ بڕیاری بنیاتنانی باڵەخانەیەکی هاوچەرخ بۆ "پەیمانگای ئەزهەر" لە شاری هەولێر، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دانرا بوو. شێخ تەیب و بەرپرسانی ئەزهەر بە گرنگییەکی تایبەتەوە باسیان لە دروستکردنی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە شاری هەولێر کرد وەک نیشانەیەک بۆ بایەخدان بە پەیامی ئایینی و نیشتمانی.
وەزیری ئەوقاف لە دیدارەکەدا تیشکی خستە سەر دۆخی نموونەیی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و وەک ئارامترین ناوچەی ناوچەکە وەسفی کرد. هەر لەم دیدارەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئایینییەکان پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرا، کە لەلایەن مەشێخەی ئەزهەرەوە بە هەنگاوێکی "گرنگ و پڕبایەخ" وەسف کرا و پشتگیریی تەواوی بۆ دەربڕدرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری ئەوقاف پەرتووکی "پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان"ی پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرد، و لە بەرامبەردا شێخی ئەزهەر قەڵخانی ڕێزلێنانی مەشێخەی ئەزهەری وەک هێمایەک بۆ قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کوردستان و میسر پێشکەش بە وەزیر کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.