کۆمپانیای بەڕێوەبەری بورجی ئیڤڵ لە پاریس ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی شەپۆلێکی توندی گەرماوە کە فەرەنسای گرتووەتەوە، ئەم شوێنەوارە گەشتیارییە ناودارەی جیهان زووتر لە کاتی ئاسایی دەرگاکانی بەڕووی سەردانیکاراندا دادەخات.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی پێشبینینەکراوی پلەکانی گەرما، بڕیاردراوە گۆڕانکاری لە کاتی کارکردنی بورجەکەدا بکرێت. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، بورجی ئیڤڵ بە شێوەیەکی ناوازە لە کاتژمێر 4ی ئێوارە (بە کاتی ناوخۆی پاریس) کارەکانی ڕادەگرێت، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران و کارمەندانی ناوەندەکە لە تیشکی بەتینی خۆر و گەرما.
بورجی ئیڤڵ یەکێکە لە گرنگترین نیشانە گەشتیارییەکانی جیهان و ڕۆژانە هەزاران گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە ڕووی تێدەکەن. داخستنی پێشوەختەی ئەم شوێنەوارە نیشانەی توندی ئەو شەپۆلە گەرمایەیە کە فەرەنسای گرتووەتەوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست کردووە.
بەرپرسانی پاریس داوا لە گەشتیاران دەکەن پێش سەردانیکردنی شوێنە گشتییەکان، ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی کاتی کارکردن بن، چونکە چاوەڕوان دەکرێت پلەکانی گەرما لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری هاوشێوە لە شوێنەوارە گەشتیارییەکانی تری پایتەختی فەرەنسا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.