Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 15:34

ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگەیەکی 60 ڕۆژە ڕێککەوتن

کوردستان TV
100%

نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان ڕایانگەیاند، ئەمریکا و ئێران کۆتاییان بە خولی یەکەمی دانوستانەکانیان هێنا، ئەمەش دوای دانوستانێک کە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بوو و هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێککەوتن کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا.

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لەلایەن قەتەر و پاکستانەوە بڵاو کراوەتەوە، تێیدا هاتووە، ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر درێژەدان بە دانوستانە تەکنیکییەکان بە درێژاییی ئەم هەفتەیە لە لە هاوینەهەواری (بێرگنستۆک) لە سویسرا، هاوکات گەیشتوونەتە میکانیزمێک کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە لوبنان و کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندییە بۆ زامنکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کارەکانی ڕۆژی یەکەمی لوتکەکە، کەشێکی ئەرێنی و بونیاتنەری بەخۆیەوە بینیوە. 

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی (ئێکس)، نووسیویەتی: "نێوەندگیرییە بەردەوامەکەی پاکستان و قەتەر، پێشکەوتنێکی گەورەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان بەدەستهێناوە."، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی لێخۆشبوونی بەدەستهێناوە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات، سەرباری ئازادکردنی بەشێک لە سامانە سڕکراوەکانی ئێران و ڕاگەیاندنی پلانێکی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران.

لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی ڕاستەوخۆی سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەم خولەی ئێستای دانوستانەکان یان ئەنجامە کۆتاییەکانی نەداوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.