ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، لە سنووری قەزای سیدەکان، بۆمبێکی چێندراو (TNT) بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکدا تەقییەوە و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان "گەرووی سنگان و مەتەرێزان" ڕوویداوە. بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک بەناوی (سائیب کەریم خان) تەقیوەتەوە، کە خەڵکی ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێیە و پیشەی ئاژەڵدارییە. لە تەقینەوەکەوە شۆفێر و سەرنشینانی ناو ئۆتۆمبێلەکە سەلامەتن و تەنها زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "کاتژمێر 6:15ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی تەقینەوە، تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە وردبینی و کۆکردنەوەی زانیارییەکان کردووە."
ئەمە دووەمین ڕووداوی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوە لە ماوەی ئەم مانگەدا کە لەو سنوورەدا ڕوو دەدات و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی ڕەوەند و کاسبکاران دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش نیگەرانیی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.