وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی شەممە بە فەرمی ڕایگەیاند، کە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی نێوان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سبەی یەکشەممە لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک بەدواداچوون بۆ "لێکتێگەیشتنامەی ئیسلام ئاباد"، گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی لە ناوچەی "بۆرگنبشتۆک" لە سویسرا لە ڕێکەوتی 21ی حوزەیرانی 2026 ئەنجام دەدرێن. ئەم کۆبوونەوانە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەن بۆ داڕشتنی وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و ڕاگرتنی پێکدادانەکانە لە ناوچەکەدا.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نێوەندگیرەکانی هەردوو وڵاتی پاکستان و قەتەر لە پەراوێزی ئەم گفتوگۆیانەدا ئامادە دەبن و هاوکاریی شاندە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان. ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک لێدوانی دژبەیەک و هۆشدارییان ئاراستەی یەکتر کردبوو، بەڵام دیاریکردنی کات و شوێنی ئەم گفتوگۆیانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە هێشتا بەردەوامییان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.