محهمهد رهشید دارتاش: مامۆستا خالید سەرکار وتى: بەردەوام بە ئێمەش لەسەرەتاوە بەوشێوە یەدەستمان پێکرد .
محهمهد رهشید دارتاش: قیبلەى هونەریی من تیپى مۆسیقاى سلێمانییه ..!
وەک حەزو ئارەزوو هەموو ئامێرەکانى موزیکم خۆش دەوێت و چێژم لێوەرگرتوون ، بەڵام نازانم هۆکار بۆ چى دەگەڕێتەوە لەسەردەمى منداڵیمەوە عەشقى ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) بووم و تامەزرۆ بووم کە خۆم ببوومایە بەژەنیارى ئەو ئامێرە موزیکیە بەداخەوە خەونەکەم نەهاتە دی .
ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) لەبنەڕەتدا ئەم ئامێرە ( ئیتاڵى) یە بەواتاى( کۆمەڵێک دەنگ) ، بەڵام لەهەموو نەتەوەکاندا لەئەوروپا و ئاسیا و وڵاتانى عەرەبى بەکاردێت ، گەلى کوردیش ئەو ئامێرە خۆشە موزیکیەى لەناو تیپە موزکییەکان لە ناوەڕاستى سەدەى پێشووە بەکارهێناوە ، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو ئامێرە زۆرکەم بەکاردێت ؟! .
لەناو تیپە مۆسیقیەکانى کوردستاندا ژمارەیەکى بەرچاو هونەرمەندى بەتواناى ژەنیارى ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) مان هەیە و بەدەست و پەنجە هونەرییەکانیان و سۆڵۆى ئۆکۆردیۆنەکانیان مێژوویەکى جوانیان لە گۆرانى و موزیکى کوردیدا تۆمارکردووە.
یەکێک لەو هونەرمەندە دەست و پل و پەنجە هونەرییانەى ژەنینى ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) هونەرمەند ( محەمەد ڕەشید دارتاش)ە ، ئەندامى دێرینى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و خاوەنى مێژوویەکى پڕبەخششى هونەرییە، دواى پەیوەندى پێوەکردن و ڕەزامەندى وەرگرتن لەبەڕێزیان ئەو دیدارەم لەگەڵ هونەرمەند ( محەمەد ڕەشید دارتاش ) سازکرد و زۆر بەمیهرەبانى و لوتفەوە دەرگاى ئاوەڵاکردو وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە.
وێڕاى سڵاو و حورمەت ، خۆشحاڵ بووین لەنزیکەوە بەدیدارتان شادبووین و پێم خۆشە خۆتان بناسێن و کەمێک باسیی منداڵیی و قۆناغەکانى خوێندنمان بۆ بکەیت .
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
ماندوو نەبن و سوپاستان دەکەم ، گەڕانەوە بۆ سەرەتاى تەمەن و یادەوەرییە جوانەکانى ئەو سەردەمە زۆر شیرین و پڕ چێژە بەخۆشحاڵییەوە.
من ناوم ( محەمەد ڕەشید شەریف دارتاش) ە بەڵام زیاتر بەوشێوەیە لەنێو خەڵک و کۆڕى هونەردا بە ( محەمەد ڕەشید دارتاش ) ناسراوم .
لەڕێکەوتى (23/1/1958) لەگەڕەکى گۆیژەى شارى سلێمانى، لەماڵى باپیرم کە دەکەوێتە نێوانى ماڵى کەسایەتیە ناودار و جوانەکانى سلێمانى خوالێخۆشبووان ( کەریمى ئەلەعەکە1867_25/1/1948) و (شاعیرى گەورە ڕەمزى مەلامارف 1902_ 18/7/1976) بەدنیاهاتووم.
لەتەمەنى شەش ساڵى واتە لەساڵى ( 1964 بۆ 1965) خراومەتە بەرخوێندن، یەکەم قوتابخانە ناوى قوتابخانەى (الثورە و خەلەکان) بوو ، ئەو قوتابخانەیە دوو دەوامى تێدا دەکرا واتە دوو قوتابخانە بوو، پاشان ناوەکانیان گۆڕا بۆ ( مەحوى و پیرەمێرد) من لە قوتابخانەى ( الثورة _ مەحوى ) سەرەتایی دەستم کرد بەخوێندنى ئەلف بێى کوردى ، لەیادمە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەمان مامۆستایەکى ئازیز بوو ناوى ( یونس تۆفیق) بە یونسە فەنى بانگ دەکرا، مامۆستا (عیزەت) ى برام یاریدەدەرى بوو واتە ( معاون مدیر) بوو لەو قوتابخانەیە.
پاشان چوومە ناوەندى بەڵام هەرسێ ساڵەکەى ناوەندیم لە قوتابخانەیەک نەبوو، پۆلى یەکەمى ناوەندیم لە (شۆڕش ) بوو ، پۆلى دوو لە ( سەلاحەدین ) و سێى ناوەندیم لە (ئازادى) بوو ، پاشان چوومە ئامادەیی پیشەسازى سلێمانى بەشى میکانیک/ لقى سەیارات، لەساڵى ( 1978) بڕوانامەى ئامادەیی پیشەسازیم وەرگرت.
پرسیار : لە چ قۆناغێکى تەمەن دا هەستت کرد کە بەهرەیەکى هونەریی لەناخدا خۆى مەڵاس داوە ؟ کێ هاوکار و هاندەرتان بوو لەدۆزینەوەى ئەو حەزوو ئارەزووە ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
دەتوانم بڵێم ئەو هەستە هونەرییە لەقۆناغى سەرەتاییەوە دروست بووە، کاریگەریی ژینگەى گەڕەک ، چونگە ئەو گەڕەکەى من تێیدا لەدایکبووم و تێیدا گەورە بووم ، چەندین کەسایەتى و شاعیر و هونەرمەندى گەورەى تێدا دەژیا، تەمەنم (3بۆ 4) ساڵان بوو، زۆر جار خوشکەکەم دەیبردم بۆ ماڵى ( خاڵە مەلا ئەحمەد) ، کەسێکى دەنگخۆش و قورئان خوێنێکى بەتوانابوو، لەبەرئەوەى تێکەڵاوى خانەوادەیمان هەبوو ، ئەم خاڵە مەلا ئەحمەدە ناوى من و کاکمى ناو ناوە ( ئەحمەد و محەمەد) ماڵیان بەرامبەر ماڵى ( کەریمى عەلەکە) بوو.
بۆئەوەى زیاتر لاى تۆ و خوێنەران ڕۆشن بێت ئەم کەسایەتیە بەرزو دەنگخۆشە ( خاڵە مەلا ئەحمەد) کێیە؟
باوکى هەردوو هونەرمەند و شاعیرى گەورە ( حەمە ساڵەح دیلان1927_28/10/1990سلێمانى) و ( قادر دیلان1928سلێمانى_18/3/1999 چیک) بوو .
مەلا ئەحمەدى دیلان دەنگخۆشیەکەى کاریگەرى لەسەرم هەبوو ، هەروەها بەبۆنەى تێکەڵابوون و هاتووچۆمان لەگەڵیاندا، جار جارە تۆنێکى خۆشیی مۆسیقا لەوسەردەمەدا دەهاتە گوێم ئەویش تۆنى ئامێرى کلارنێتەکەى هونەرمەند قادر دیلانى ڕەحمەتى بوو، جا ئەو کاتە من نەمدەزانى ئەو ئامێرە ناوى چییە..! تا سالانێکى درەنگتر زانیم ئەوە کلارنێتە.
دواى ئەوە قۆناغى خوێندن : لەپۆلى دووى سەرەتایی دا بووم ، ڕۆژێک لەپۆلدا بووین بەڕەحمەت بێت مامۆستا و هونەرمەندى شانۆ و دراما ( سمکۆ عەزیز 1934_28/3/2004) مامۆستاى هونەر بوو هاتە پۆل و سروودى ( خوایە وەتەن ئاواکەى) ، هۆنراوەى ( فایەق بێکەس 1905_18/12/1948)
ئێستا زۆر باش لەیادمە مامۆستا سمکۆ ئەوەندە بەدڵسۆزیی و عەشقەوە ئەو سروودەى فێر دەکردین بەدەنگە خۆشەکەى سروودەکەى دەخوێند، خوایە وەتەن ئاواکەى، چەند دڵگیر و شیرینە دەشتى خۆش و ڕەنگینە، ئاوى کەوسەرە خاکى گەوهەرە پڕلەگوڵ و نەسرینە .
مامۆستا سمکۆ پشتى کردبووە تەختەڕەشەکە و قاچێکى بەدیوارەوەکە نابوو هەردوو دەستى بردبووە پشتەوە لەکاتى خوێندنى سروودەکە بەهەردوو دەستى ڕیتمى سروودەکەى دەژەنى، هەروەها مامۆستا و هونەرمەندى گەورە( عومەر عەلى ئەمین 1926_13/1/2009) ئەویش وانەى ئەعمالى پێدەوتین و زۆر هەوڵى لەگەڵمان دەدا بەباشیی فێربین.
پرسیار : دواتر مامۆستاى دیکەتان هەبوو تا زیاتر ئاشناتان بکات بە هونەر و ئامێرى مۆسیقا ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
لەپۆلى چوارى سەرەتایی دا وانەى سروود مان هەبوو لەهەفتەى خوێندن دا ، ڕۆژێک مامۆستایەکى گەنجى تەمەن(30) ساڵە هاتە پۆلەوە وتى: لێرە بەدواوە من وانەى سروودتان پێدەڵێم ، یەکەم وانە لەسەر تەختەڕەشەکە هۆنراوەى سروودى ( واوەتەن خەمڵیوە) ى بۆنووسین، ئەوەش هۆنراوەى (زێوەر 1875_10/11/1948) ، پاشان بەدەنگى خۆى سروودەکەى بۆ خوێندین :
( واوەتەن خەمڵیوە وەک گوڵ ، نەوبەرهارى میللەتە
شادمانیی قەومى کوردە ، ڕۆژى هەوڵ و هیممەتە) .
پاشان وتى : بۆهەفتەى ئایندە ئامێرى مۆسیقاش دێنم بەمۆسیقاوە دەیخوێنین .
هەفتەى ئایندە لەکاتى وانەى سروود هەموو قوتابیان لەپۆلدا بووین، مامۆستاى سروود هاتە پۆلەوە و کارگوزارێکى قوتابخانەکەمان لەدواى مامۆستا هاتە ژوورەوە و جانتایەکى بۆهەڵگرتبوو، مامۆستاکەمان ناوى ( فەرید عیسا نەزەر 1942 سلێمانى) تەمەندار بێت لەژیانداماوە و لەسوید دەژى ، کاتێک جانتاکەى کردەوە چى ببینین؟! ئامێرێکى لەجانتاکە دەرهێنا ڕەنگى سەوزێکى بریقەدار بوو دوو قایشى پێوەبوو .
ناوى ئامێرەکەى پێ ئاشنا کردین ( ئۆکۆردیۆن) مامۆستا فەرید کردییە ملى ، چەند جارێک خۆى بەئۆکۆردیۆنەکە سروودەکەى بۆ خوێندین و ئێمە دەمان ووتەوە، زیاتر لەوکارە مەبەستى بوو ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکە لەسەر چینى دەنگى ئێمە نەسب بکات ،ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆ من کە ئیتر هەنگاو بنێم بەدواى حەزو ئارەزووى مۆسیقادا، ئەو حەزە لەهزر و مێشکمدا چەکەرەى کرد، بەڵام داخەکەم ئەو کاتە ئامێرى ئۆکۆردیۆن زۆر دەست نەدەکەوت، یان دەبوو کەسێک هەوڵى بدایە لەبەغدا دەستى بکەوتایە.
دواى ئەوە چووم بۆماڵى باپیرم لەگەڕەکى قەزازەکان خاڵم ( د.بورهان خەفاف) مامۆستاى زانکۆیە، ئەوکاتە قوتابى قۆناغى ئامادەیی بوو، بینیم ئامێرى( میلۆدیکا) ى هەبوو، دەمبینى خۆى پێوە سەرقاڵ کردبوو، ڕۆژێک بەو ئامێرە هەواییە میلۆدى گۆرانى ( هەى مینا عەمرم مینا) پێ لێدەدا .
پرسیار : ئەگەر بێتەوە یادت ئەوە ساڵى چەند بوو ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
ساڵى ( 1968 بۆ 1969) بوو، ئەو میلۆدى و ئەو ئامێرە زۆر سەرنجى ڕاکێشام ، خاڵیشم هەستى دەکرد من حەزم بۆمۆسیقا هەیە، متمانەى پێبەخشیم و میلۆدیکاکەى پێدەدام و زۆر جاریش ڕێگەى دەدام دەمهێنایەوە ماڵەوە،ئەو ئامێرەش کاریگەرى خۆى لەسەرهەستم دانا، دەبێت بگەڕێمەوە بۆ پێشتر ئەویش گوێگرتن لە گۆرانى هونەرمەندە گەورەکانى ئەو کاتە .
لەناوەڕاستى شەستەکانى سەدەى پێشوو کاکى کۆچکردووم ئەفسەر بوو بەپلەى باڵاى سەربازى ( عەمید) گەیشتبوو ، ( عەمید ڕەئووف) لەشارى کرماشانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبێت لەگەڕانەوەیدا بۆ سلێمانى ئامێرێکى ( گرامەفۆن) ى لەگەڵ خۆیدا هێنا بوو لەگەڵ چەند ( سێڵ یان قەوان) ، یەکێک لە قەوانەکان گۆرانى هونەرمەندى نەمر ( حەسەن زیرەک 29/11/1921_ 26/6/1972) گۆرانى ( بێ دکتۆر دەواو دەرمان) ، قەوانێکى دیکە گۆرانى هونەرمەند کاک (مەزهەرى خالقى 1938 سنە) ى لەسەر بوو، دوو قەوانى دیکە ئەوانیش گۆرانى فارسیی بوون.
ئەو گۆرانیانە ببوو بەخۆراکى ڕۆحیم و هەمیشە زۆر بە هێمنى گوێم لەمیلۆدییەکان دەگرت، پاشان منیش لەڕێی ئامێرى میلۆدیکاکەوە بەهەمان ڕیتم و تۆن دەمژەنینەوە تا دەست و پەنجەم لەسەرى ڕاهات، ئەوە کارى من بوو چەندین شەو بەوشێوەیە بەڕێم کردووە .
پرسیار : لەڕێی ئەو گۆرانیانەوە و پاشان بەئامێرى میلۆدیکا ئەو میلۆدییانەت ژەنیوەتەوە ، ئەى لەماڵەوە پێیان نەدەوتى هەراسانت کردووین یان کەسێک هەبوو لەخانەوادەکەتان ببێتە لەمپەر لەبەرامبەر حەزو ئارەزووەکەتان ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
باوەڕت هەبێت کەس لەدایک وبرا و خوشکەکانم ناڕازى نەبوون ، بەڵام بەڕەحمەت بێت باوکى کۆچکردووم ، بەردەوام ڕێگر بوو نەیدەهێشت ئەو کارە بکەم و بەردەوام بم ، چونکە ئەو لەخەمى خوێندنەکەمدا بوو ، سوپاس بۆ خواى گەورە هەردوو براى کۆچکردووم کاک ( ڕەئووف و ئەحمەد) ئەوان کراوەتر و دنیادیدەتر بوون چونکە یەکێکیان ئەفسەر و ئەوى تریان ئەندازیار بوو ، زۆر هاوکار و پشتوانم بوون ، بەهەرشێوەیەک بێت دڵى باوکمیان ڕازى کرد وئازادى کردم بەڵام بەومەرجەى لەگەڵ حەزوو ئارەزووە مۆسیقیەکە خوێندنەکەش بەسەرکەوتوویی درێژە پێبدەم ، دواتر ئەو دووبرا ئازیزەم ڕۆحیان شادبێت باوکمیان ڕازى کرد کەئامێرێکى ئۆکۆردیۆن بە(14) دینارى عێراقى ئەوسەردەمە بۆ بکڕێـت.
پرسیار : ساڵى چەند بوو ئەو ئامێرەیان بۆکڕیت و بوویتە خاوەنى ئامێرى ئۆکۆردیۆنى خۆت، دواى ئەوە بەشدارى خولى مۆسیقات نەکرد ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
خۆشبەختانە ساڵى ( 1970) واتە دواى بەیانى (11ى ئادار) بوو ، دیسانەوە گەڕامەوە بەر ئامێرى گرامەفۆن و ڕادیۆ، گوێم لەگۆرانى هونەرمەندان ڕادەگرت، میلۆدییەکەم لە مێشکمدا هەڵدەگرت، ئامێرەکەم دەکردە شان و بەهەمان شێوەى میلۆدى گۆرانییەکە موزیکم دەژەنى ، بەدەست و پەنجەکانم لەسەر ئۆکۆردیۆنەکە ئەمڕازاندەوە و بەردەوام بووم تادەست و پەنجە و هەستم ئاوێتەى ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکە کرد.
پرسیار : جیا لەهونەرى موزیک ، ئایا هیچ حەزوو ئارەزوویەکى دیکەتان هەبووە لەقۆناغەکانى منداڵیدا؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
لەقۆناغى منداڵى و مێردمنداڵیمدا، زۆر حەزوو ئارەزووم وەرزش بوو بەتایبەت یارى ( بالە) لەهەڵبژاردەى قوتابخانەکەمدا بووم ، ئەو حەزە زۆرەم بۆ وەرزش تا قۆناغى ناوەندى بوو، بەڵام هێزى هونەرى موزیک زیاتر بوو پەلکێشى کردم بەرەو موزیک و هێدى هێدى لەوەرزش دوورکەوتمەوە.
پرسیار : هێشتا قوتابى قۆناغى ناوەندیت و لەگەڵ ئامێرە دڵخوازەکەت بوونە هاوڕێ ، لەقوتابخانە چۆن ئەوە زانرا کە شارەزایت لە ژەنینى ئامێرى موزیکدا هەیە ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
هێشتا هەر لەناوەندى سەلاحەدین بووم ، بیرم لەوە دەکردەوە تیپێکى مۆسیقا لەقوتابخانەکەم دامەزرێنم ، لەناو هاوڕێکانمدا چەند قوتابییەک هەبوون ئەوانیش حەزو ئارەزووى مۆسیقایان هەبوو، بڕیارمدا هەموو پێکەوە تیپێکى مۆسیقا دامەزرێنین و خۆمان بەشدارى چالاکى قوتابخانەکەمان و بۆنەو یادەکانى ئەو کاتە بکەینەوە وەک ( یادى 11ى ئادار ، جەژنى نەورۆز و یادى یەکێتى قوتابیانى کوردستان.
لەو سەردەمەدا بەشدارى دوو بۆنەى ( چالاکى قوتابخانەکان) م کرد، لەبەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانى سلێمانى، لەوکاتەدا لیژنەیەک هەبوو پێکهاتبوون لەهونەرمەندان ( مامۆستا ولیەم یوحەنا 1934_14/9/2005) ، مامۆستا ( خالید سەرکار 1947 گڵەزەردە ) و ( مامۆستا فرەنسیس داوود 1946 سلێمانى ) ئەو لیژنەیە دەگەڕان بەسەر قوتابخانەکان بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى چالاکییە هونەرییەکان لەقوتابخانەکاندا.
پرسیار : ئەو قوتابیانەى هاوکارت بوون لەدامەزرانى تیپى مۆسیقا لە ناوەندى سەلاحەدین لەیادتان ماوە کێ بوون ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
بەڵێ چەند هاوڕێیەکى ئازیز بوون ، یەکێک لەو هاوڕێیانە ئێستا هونەرمەندێکى دیارى شانۆ و دراماى کوردى یە ( جەبار مەعروف) ئامێرى (ئیقاعى) دەگرت ، حەسەنى حاجى سەعە ڕەش( دەف) ، مەریوانى حەمە عەزیز( کەمانچە) بۆخۆشم ( ئۆکۆردیۆن) ، هەروەها کاک ( سەلاحى حاجى سەعە ڕەش ) بەشداربوو لەگەڵماندا، سوپاس بۆ خواى گەورە لەژیاندایەوە ( دکتۆر سەلاح حاجى سەعید ئێستا سەرۆکى زانکۆى کۆمارە).
مامۆستایەکمان هەبوو وانەى ( کیمیا) ى پێدەوتین، ناوى ( فەرید داوود1941_31/5/2007 سلێمانى ) بوو براى هونەرمەند ( فرەنسیس داوود) بوو، نەمان دەزانى ئەویش هونەرمەندە و ئامێرى مۆسیقا دەژەنێ ، ڕۆژێک ئێمەى بینى کە سەرقاڵى کارى هونەرین لەقوتابخانەکەمان، هات بۆلامان و پرسیارى لێکردین وتى : ئێوە دەزانن موزیک بژەنن ؟.
وتمان بەڵێ ، وتى: باشە و منیش ژەنیارى ئامێرى کەمانچەم ، زۆرمان پێ خۆشبوو ، لەوڕۆژەوە مامۆستا فەرید داوود ئەو کەمانچەژەنە بەتوانایەمان کردە سەرۆکى تیپە مۆسیقیەکەو بەهاوکارى مامۆستا فەرید هەموو چالاکى و ئاهەنگ و بۆنەکانمان بەڕێوە دەبرد.
پرسیار : لەساڵى (1976) بوونەتە ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ، کاتێک تەمەنتان (18) ساڵ بووە ، دەتوانین بزانین ڕێکەوت بوو، یان کەسێک ئەو پێشنیازەى خستە بەردەمتان؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
لەپۆلى سێی ناوەندى بووم لەچەند ئاهەنگێکدابەشداریم کرد، مامۆستا خالیدسەرکار منى بینی بوو کە لە ژەنینى ئۆکۆردیۆن دا باشم مامۆستا خالید ئەو پێشنیازەى کرد، لەو کاتەدا بوو زۆربەى ئەندامانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ،ئەندامى تیپى مۆسیقاى شۆڕش بوون.
لەدواى نسکۆى (1975) زۆربەى هونەرمەندەکان دوورخرانەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستى عێراق، ئەو کاتە مامۆستا ( ئەلبێرت عیسا نەزەر 15/4/1951 سلێمانى ) ژەنیارى ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) بوو ئەویش یەکێک بوو لەو هونەرمەندانە دوور خرابۆوە بۆ قوتابخانەیەک لە بەغداد.
من لەڕێکەوتى (4/2/1976) لەڕێی مامۆستا خالید سەرکارەوە چوومە ناو تیپى مۆسیقاى سلێمانى ئەویش دواى تاقیکردنەوەم هەرئەو ڕۆژە مامۆستا خالید گوتى: لەم ڕۆوە بوویتە ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى،
وتم: مامۆستا بۆ من ئەوە سەختە چونکە بۆ زۆر شوێن نەچووم ..!
وتى: بەردەوام بە ئێمەش وەکو تۆ لەسەرەتاوە بەو شێوەیە دەستمان پێکرد، منیش لەو ڕێکەوتەوە بووم بە ئەندام لەتیپى مۆسیقاى سلێمانى تائەمڕۆ کەدەکاتە نیوسەدە لەهەموو چالاکى و ئاهەنگ و بۆنەو ڤیستڤاڵ و میهرەجانەکان بەشداریم کردووە ، هەمیشە شانازى پێوە دەکەم.
پرسیار : کاتێک لەقۆناغى ناوەندى دا ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بوویت ، ئەى چۆن بوو بۆ خوێندن ڕووت کردە ئامادەیی پیشەسازى بەشى میکانیک لقى سەیارات؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
ئەوە چیرۆکەکەى درێژە بەڵام هەردەبێ بیڵێم بۆ چوومە ئامادەیی پیشەسازى ئەوە مێژووە دەبێت وەک خۆى باس بکرێت ، کاتێک قۆناغى ناوەندیم تەواو کرد پەیمانگاى هونەرە جوانەکان تەنها لەبەغدا هەبوو ، منیش حەزم لێ لێبوو بچم لەوێ زانستى موزیک لەسەر ئامێرى ئۆکۆردیۆن بخوێنم و بڕیارمدا کە بچم ، کەڕۆیشتم بۆ بەغدا پشتگیرى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانم وەرگرت و لەگەڵ خۆمدا بردم .
کاتێک چووم بەڕێژەیەکى زۆر قوتابى وئارەزوومەندان داواکارییان پێشکەش کردبوو ، منیش داواکارى خۆمم پێشکەش کرد کاتى چاوپێکەوتن و هەڵسەنگاندنى تواناکان دیارى کرا، منیش کەلەسلێمانى یەوە بەڕێکەوتم ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکەى خۆمم پێ بوو بۆئەوەى بەئامێرەکەى خۆم لەبەردەم لیژنەکەداعەزف بکەم ،
کاتى چاوپێکەوتن هات و منیش چوومە بەردەمى لیژنەیەکى مۆسیقى کەپێکهاتبوون لە (4) هونەرمەندى بەتوانا و ناودارى بوارى مۆسیقا بەڕێزان :
( ڕۆحى خەمماش 1923 فەلەستین _ 30/9/1998 بەغداد ) ،( مونیر بەشیر 1928_28/9/1997) ،( جەمیل بەشیر 1921_22/9/1977) و خانمێکى بیانى بوو وابزانم خەڵکى وڵاتى ( چیک) بوو ناوى ( ناتاشا تسیمبالۆڤا ) بوو.
دەستپێکى تاقیکردنەوەکە ئەوان بەدەست ڕیتمیان دەژەنى و منیش دەبوو بەئامێرەکەم دووبارەى بکەمەوە، دواتر حەوت تۆنەکەى مۆسیقا بەرزبوونەو دابەزین، هەستم کرد ڕۆحى خەماش و مونیر بەشیر لەیەکیان دەڕوانى، لەکۆتاییدا من داوام لێکردن ئەتوانم پارچەیەک مۆسیقا بژەنم ..! وتیان فەرموو:
منیش مۆسیقاى گۆرانى ( لەیادم ناچێ) کۆپلەى دووەمم ژەنى، ئەو مۆسیقایە تازە مامۆستا (ئەنوەر قەرەداخى 1946 هەڵەبجە) تۆمارى کردبوو، کە گوێیان لێبوو ئەو خاتوونە (ناتاشا) هەستایە سەرپێ و کەوتە چەپڵە لێدان ، وتى: دواى دەرچوونت و ڕەزامەندى وەرگیرانت لەپەیمانگا، پێمخۆشە بێیتە بەشى ( پیانۆ) ، بەهەرحاڵ لەوکاتەدا (53) کەس داوایان پێشکەش کردبوو بۆبەشى مۆسیقا، دواى ئەوە بیستم کوڕێکى کوردى خەڵکى سلێمانى یەکەمى تاقیکردنەوەکە بووە لەو (53) کەسە ؟! .
بەڵام مەخابن دواى ئەوە چاوپێکەوتنێکى دیکەیان لەگەڵدا کردم و داواى ( تەزکیەى بەعسى ) بوونیان لێکردم ، منیش وتم بەعسى نیم بەڵام من هونەرمەندێکى لاوى عێراقیم دەمەوێت بەمۆسیقا خزمەتى وڵات بکەم ، لەبەر ئەوە منیان دوور خستەوە و کەسێکى دیکەیان خستە شوێنەکەى من لەبەرئەوەى بەعسى نەبووم؟! ئەو خەونە نەهاتە دى و وەرنەگیرام.
منیش پێشتر بەڵێنم داوە لەگەڵ حەزوو ئارەزووى مۆسیقا درێژە بەخوێندنەکەشم بدەم ، ناچار گەڕامەوە سلێمانى و چوومە ئامادەیی پیشەسازىلەبەشى میکانیک لقى سەیارات وەرگیرام ، لەگەڵ ئەوەشدا من لەدڵەوە سوپاسى هەموو ئەو مامۆستا ئازیزانە دەکەم لەقۆناغى سەرەتاییەوە تا ئامادەیی پیشەسازى فێریان کردم و منیان پێگەیاند، بەڵام جوانترین و بەنرخترین فێرگە بۆ من تیپى مۆسیقاى سلێمانى بوو ،لەوکاتەوە خزمەتم کردووە تا ئەمڕۆ لەهەموو چالاکییە هونەرییەکانى تیپ لە تەلەفزیۆنى بەغدا و کەرکوک و فیستڤاڵ و میهرەجانەکانى شارەکانى عێراق بەشداریم کردووە، کەواتە ( قیبلەى هونەرى من تیپى مۆسیقاى سلێمانى یە) .
پرسیار : جگە لەئامێرى ئۆکۆردیۆن شارەزاییتان لە ئامێرە مۆسیقییەکانى دیکەدا هەیە ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
جگە لەئامێرە دڵخواز و خۆشەویستەکەى خۆم ئۆکۆردیۆن کەمێکیش شارەزاییم لەژەنینى ( هارمۆنیکا) دا هەیە.
پرسیار : هیچ کات بوویت بەفەرمانبەرى میرى ، واتە دامەزراویت لە فەرمانگەیەکى میرى؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
کاتێک خوێندنم تەواو کرد بۆماوەى (3) ساڵ سەربازبووم لەکاتى جەنگى (عێراق _ ئێران) واتە لە ڕێکەوتى ( 5/1/1980 تا 1/6/2004) خزمەتى وەزیفیم بۆ ئەژمارکراوە ، سەرەتا لەکارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجە دەستم بەکارکرد، لەڕێکەوتى مانگى (3) ى ساڵى ( 1988) ڕاژەکەم گواسترایەوە بۆ سەر میلاکى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى .
پرسیار : بابگەڕێینەوە بۆ کۆتایی حەفتاکان و سەرەتا و ناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى پێشوو ، دەست و پەنجەو سۆلۆى ئۆکۆردیۆنەکەتان هاوکارو پشتیوانى کۆمەڵێک کارى جوانى هونەرمەندى گۆرانیبێژ و سروودبێژ بووە، بۆ نموونە هونەرمەندان ( ناسرى ڕەزازى و تایەرى خەلیلى) ، ئەو پشتیوانى و تۆمارکردنى ئەوکارە هونەرییانە جێى مەترسیی نەبوو ؟ ئەوکاتە دەسەڵاتى بەعس لەلوتکەى داپڵۆسین و گرتن وچەوساندنەوەدا بوو؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
بێگومان جێی مەترسیی بوو ئەگەر بیانزایبا ئێمە ئەو کارەهونەرییانەمان ئەنجام داوە بێشک گرتن و تەنانەت لەسێدارەدانیشى تێدا بوو .
ئەوە کاروانێکى دوورو درێژە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ مانگى (9) ى ساڵى(1979) کاتێک بۆیەکەمجار هونەرمەند ( ناسرى ڕەزازى) هات بۆ سلێمانى، هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى مەولەوى بەسەرپەرشتى مامۆستاى هونەرمەند( نامدار قەرەداخى 1951 هەلەبجە) چەند کۆنسێرتێکیان بۆ ئەنجامدا .
ئێمەش وەك تیپی مۆسیقاى سلێمانی لە خۆ ئامادەكردندا بووین بۆ سازدانی فێستیڤاڵی ڕۆژی مۆسیقاى جیهانی لەسەر داوای (وەزارەتی ئیعلامی عیراقی) بانگهێشت كرابووین بۆ بەغدا، كە دەبووایە (1/10/1979) سازبكرایە، كات دەمەو ئێوارە بوو لە كاتی پرۆڤەكردندا بووین، لە هۆڵی باخچەی ساوایانی سلێمانی، هەر بۆیە ئەو هۆڵەشمان هەڵبژاردبوو لەبەر ئەوەی جێگا نەدەبووەوە.
كاتێك زانیمان مامۆستا (نامدار قەرەداخى) خۆی كرد بە هۆڵەكەداو گوتی؛ ئەوە كاك (ناسری ڕەزازی)یم لەگەڵدایەو خۆشحاڵە بە بینینتانو بە ناسینتان، ئەوەی شایانی باسە پێشوازییەكی گەرم لە خۆی و لە هاوڕێكانی كرا، سەرەتا كاك (فەرەیدون دارتاشو ئەنوەر قەرەداخیو خالید سەركار) بەخێرهاتنیان كردو دوا بە دوای ئەوەش هەموو ئەندامانی تیپ بەخێرهاتنمان كردو خۆمان بە یەكتر ناساند، دوای ئەوەی تیپی مۆسیقاى سلێمانی فێستیڤاڵەكەی سازكرد لە بەغداگەڕاینەوە شاری سلێمانی.
دەستەی بەڕێوەبەری تیپ بڕیاری تۆماركردنی گۆرانى بۆ كاك ناسر دا، ئەوە بوو (3) گۆرانیمان بۆ هونهرمهند ناسری ڕهزازی تۆمارکرد ، گۆرانیهكانیش بریتی بوون له
( ههرزاڵێ ، دهمهگری و نازت بێ ) ، لە ئامادەكردنی مامۆستا (خالید سەركار) بوو، لهوكات و سهردهمهوه تائێستاش ئهو گۆرانییانه بوونەتە وێردی سهرزاری گوێگران و چێژی هونهرێكی ڕهسهن دهبهخشن، ئەوە بۆیەکەم جار لەنزیکەوە کاک ناسرى ڕەزازیم بینى و بووین بەهاوڕێ .
هێشتا جەنگى نێوان ئێراق و ئێران دەستى پێنەکردبوو دوو مانگ پێشتر، بۆزانیارى هەڵگیرسانى جەنگى نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕێکەوتى (22/9/1980) بوو، منیش سەربازبووم بەمۆڵەت گەڕابوومەوە جەژنى قوربانى ساڵى (1980) بوو هەرچوار ڕۆژى جەژنمان لەدوکانى بەرگدرووەکەى بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( ئیبراهیم خەیات1931_ 3/5/2005) ئەو کاتە دوکانەکەى لەنهۆمى سەرەوەى بازاڕى (دەوەن) ى ئێستا بوو .
لەگەڵ برا و هاوڕێی شیرینم کاک (گۆران ئیبراهیم) کوڕى کاک ئیبراهیمى خەیات ، تەرخان کرد بۆ تۆمارکردنى دوو گۆرانى بۆ هەردوو هونەرمەند ( شەهید قادر کابان 1937_1/7/1981) و کاک ئیبراهیمى خەیات ، گۆرانییەکەى شەهید قادر کابان ناوى ( لەڕێی دڵداریدا ) لە هۆنراوەی ( شێخ ئەحمەد شێخ غەنی ) ناسراو بە ( فەوزی ) ، ئاوازى مامۆستا کەریم کابان 1927_14/1/2016 ، ئامادەکردنى من بووم ، گۆرانى (ئێمە گیانێکین) لەهۆنراوەى ( ڕەزا حەمە) و ئاوازى( ئیبراهیمى خەیات) بوو، ئەو کاتە پێشەکیەکەى من دامنا.
بەڵام کاکە گۆران ئیبراهیم بەدەست و پەنجە هونەرییەکەی و سۆڵۆى کەمانەکەى بووە تەواو کەرى پێشەکییەکەى من ، دواتر لەساڵى (1984) کاک ئیبراهیم ئەو شاکارە جوانەى لەگەڵ تیپى مۆسیقاى تەلەفزیۆنى کەرکووک بەهاوکارى کاکە گۆران تۆمارکرد بەهەمان دابەشکردن و پێشەکیەوە، کاک گۆران هەندێک جوانکارى هونەریی تێدا کردبوو.
وابزانم لەناوەڕاستى ساڵى (1980) جارێکى دیکە هاتەوە بۆ سلێمانى دواى تۆمارکردنى چەند بەرهەمێکى دیکە لەگەڵ تیپى مۆسیقاى مەولەوى و تیپى مۆسیقاى منداڵانى بێخود بەدیدارى شادبوومەوە.
هاوڕێیەکم هەبوو ناوى ( فاروق فەقێ حەسەن) ئەندازیارى شارستانى بووخەڵکى گوندى ( زێوێ) ى قەدپاڵى شاخى پیرەمەگروون بوو، لەو کاتەدا کاک ناسرى ڕەزازى لەسلێمانى بوو ، کاک فاروق وتى پێم خۆشە میواندارییەکتان بکەم لەگوندەکەى خۆمان ، لەڕێکەوتى ( 19/7/1980) لەگەل ئەو هاوڕێیانە چووین بۆ گوندى زێوێ كاك (گۆران ئیبراهیم، ئەحمەد ڕەشیدی برام، هیواعەبدوڵڵا، وشیار ئهحمهد ناسراو بهوشه بابه ئهندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، دكتۆر مژدە ئیسماعیل قەشانى و ئاسۆ ئیسماعیل قهشانی برای دکتۆر مژدە، ناسرى ڕەزازى ، ئەندازیار محەمەد قادر نەمەڵى ئێستا لەبەریتانیا دەژى و فاروقی فەقێ حەسەن).
لەو کەش و هەوا سازگار و فێنکە من و کاک گۆران و کاک وشیار ئەحمەد توانیمان(10 ) بهستهو ( 2) مهقام واتە کاسێتێک بۆ کاک ناسرى ڕەزازى تۆماربکەین، بەبێ خۆئامادەکردنى پێش وەختە لەیادمە یەکێک لەگۆرانییەکان وابزانم گۆرانى ( ئەرێ هۆکاڵێ) بوو هەرلەوکاتەدا بەمێشکمدا هات پێشەکیەکى جوانم بۆ کرد و برا و هاوڕێی هونەرمەند کاکە گۆران ئیبراهیم بەسۆڵۆى کەمانەکەى لێدا .
پرسیار: دەستان خۆش بێت ئەو کاسێتە بەسێ ئامێرى مۆسیقا ( کەمانچەو ئۆکۆردیۆن و ریتم ( تەپڵ) ێک تۆمارکراوە ، ئەى کێ ئەو بەرهەمە نایابەى تۆمارکرد؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
ڕاستە ئەو کاسێتە بەسێ ئامێر تۆمارکراوە، من ئۆکۆردیۆن، کاک ( گۆران ئیبراهیم خهیات _ كهمانچه ) کاک( وشیار ئهحمهد _ ئیقاع ) ناوهناوهش هونهرمهند هیوا عهبدوڵڵا، ئامێری ئۆكۆردیۆنی ژهنیوه بهڵام زۆرینهی ئۆكۆردیۆنهكان خۆم ژەنیوومە، دەربارەى تۆمارکردنەکەش باش بوو وەبیرت هێنامەوە.
بەڕەحمەت بێت باوکم کە لە ( حەج) گەڕایەوە ئامێرێکى بچووکى (تەسجیل) مارکەکەى ( ناشناڵ) بوو، بۆى هێنابووم دیاریەکى بەنرخ بوو ، هەم گۆرانیی لێدەدا و هەم دەنگیشى تۆماردەکرد، ئەو ئاهەنگەمان بەو تۆمارکەرە تۆمارکرد ، جیا لەسەرقاڵ بوون بەژەنینى موزیک ، من کاک گۆران پێکەوە سەرپەرشتى تۆمارکردنەکەشمان دەکرد.
ئەو کاسێتە وەک ئەرشیف لەتۆمارگاکان دا هەیە وابزانم بەبەرهەمى ناسرى ڕەزازى ساڵى (1981) بڵاوکراوەتەوە !.
پرسیار : ئەى کاسێتى گۆمەشین بەڕێزتان تێیدا بەشداربوون ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
بەڵێ لەو بەرهەمە باش و ناودارەدا بەشداربووم .
پرسیار : تۆمارکردنى ئەو کاسێتە لەسەر داواى ئێوەى موزیکژەن بوو یان خودى هونەرمەند ناسرى ڕەزازى ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
تۆمارکردنى ئەو کاسێتە لەسەر داواى کاک ناسر بوو ، چونکە پێشتر لەو کارانەدا کارم لەگەڵیدا کردبوو، پەیوەندى هاوڕێیەتمان هەبوو داواى لێکردین کە چەند گۆرانى و مەقامێکى هەیە هاوکارى بین لەتۆمارکردنیدا، ئێمەش بەڵێنمان پێدا، ئەو کاسێتە ( گۆمەشین) بەدوو شەو لەماڵى کاک( محهمهدی پاقڵاوه ) لهگهڕهكی گردهكهی سهرچنار تۆماركراوه ، هونهرمهندانی ژهنیار لهشهوی یهكهمی تۆماركردندا بریتی بوون :
هونەرمەند گۆران ئیبراهیم خەیات ئامێری ( ڤیۆلۆن)
بۆخۆم محەمەد ڕەشید دارتاش ئامێری( ئۆكۆردیۆن )
هونەرمەند نەورۆز عەلی ئاسكە ئامێری ( قانوون)ئێستا لهدهرهوهی وڵاته.
هونەرمەند جۆرج اوراها ئامێری ( عود )
هونەرمەند فریاد كەریم ، ناسراو بەفریادی بانگۆز ( ئیقاع )
شەوی دووەمى تۆمارکردن :
بۆ خۆم و کاک جۆرج اوراها بە ( عود ) و کاک
فریادی بانگۆز ( ئیقاع ) .
دهبێت ئهو ڕاستیهش بوترێت تۆماركردنی ئەو شاکارە بەئامێرى تۆمارکردنى هونەر دۆست كاك محەمەدی حاجی عەولكەریم ، ناسراو بە ( حەمەی ئاسنگەر ) بەئامێری TK 46 تۆماركراوە .
پرسیار : گۆمەشین یەکێکە لەشاکارەکانى هونەرمەند ناسرى ڕەزازى کە چەند گۆرانى و مەقام و سروودى لەخۆگرتووە ئەویش بەپشتیوانى و هاوکارى دەست و پەنجەى هونەرمەندانى ژەنیار و بەڕێزتان، ئایا پێش وەختە پرۆڤەتان کردبوو ؟ ئەو شوێنە لەوماڵە ستۆدیۆ بوو دەگونجا بۆ تۆمارکردنى بەرهەمێکى ئاوا دڵنشین؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
پرۆڤەى چى؟! هەرئەوەندە باسى گۆرانییەکان دەکرا و لەگەڵ کاک گۆران ئیبراهیم و هەردوو ژەنیارەکەى تر هەماهەنگیمان هەبوو لەبەرئەوەى خۆشەویستى و دڵسۆزیی بۆ هونەرهەبوو ، مێشک و هەست و پەنجەکانمان و خۆشەویستیمان بۆ هونەر هاوتەریب بوو ، نەخێر ستۆدیۆ نییە، بەڵکو دانیشتنێکى ئاساییە و لهماڵی پیاوێكی هونهردۆست و هونهرپهروهر كاك حهمهی پاقلاوه تۆمارکرا.
پرسیار : بەڕێزتان و هونەرمەندانى هاوڕێت لەژێر ناونیشانى تیپێکى مۆسیقاى دیاریکراودا ئەو بەرهەمەتان تۆمارکرد؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
ئەوەى ڕاستى بێت ئەو بەرهەمە بەشێوەیەکى نهێنى تۆمارمان کردووە ، لەژێر ناوی هیچ تیپێكی مۆسیقیدا کۆنەبوونەیتەوە وئەو کاسێتەمان تۆمار نەكردووە ، بەڵكو خۆشەویستى و دڵسۆزیمان بۆ هونەرى نەتەوەکەمان ئەو چەند برادەرە کۆبووینەوە و بەئەرکمان دەزانى کە ئەو بەرهەمە بۆ کاک ناسر تۆماربکەین .
پرسیار: دواى بڵاوبوونەوەى کاسێتى گۆمەشین ، زۆر بەخێرایی دەنگیدایەوە و لەشار و شارۆچکەکان بەزوویی بڵاوکرایەوە، ئایا هیچ مەترسیی بۆ گیانتان نەبوو؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
دواى بڵاوبوونەوەى کاسێتەکە دەسەڵاتى بەعس لەسلێمانى وێڵ بووە بەدواى زانیارى چۆنیەتى تۆمارکردنى ئەو کاسێتە، بیستمان خاوەن ماڵەکەیان بانگ کردبوو بۆ دایرەى (ئەمن) ئێمەش ئەو هەواڵەمان بیست ، من بۆ ماوەی هەفتەیەك لە كابینەكانی كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە خۆم حەشاردا تا بارودۆخەكە ئارام بۆوە، کاکە گۆرانى ئیبراهیمی خەیات ئەویش بەرەو بەغدا ڕۆیشت بۆماوەیەک لەوێ خۆى شاردەوە ،هونهرمهنده ژهنیارهكانی تریش کاک جۆرج اوراها و کاک فریادى بانگۆز بهههمان شێوه تا ماوهیهك خۆیان وون کرد تا نهكهوینه داوی ستهم و گرتنى حیزبی بهعس.
پرسیار : هونەرمەند تایەرى خەلیلى دوو کاسێتى گۆرانى و سروود لەشارى سلێمانى تۆماردەکات ، یەکێکیان بەناوى ( لەقەندیلى سەربەرزەوە) ئەوەى دووەمیان ( هۆکاى شوان ) ، بەڕێزتان وەک ژەنیارى ئۆکۆردیۆن بەشداریتان هەبووە لەو دوو بەرهەمەدا ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
یادى بەخێر هونەرمەند ( تایەرى خەلیلى 1956_26/11/2023) لەیەکەم بەرهەمیدا من بەشدار نەبووم ، بەڵام کاک (عەبدولڕەحمان) ى برام زیاتر بە ( ڕۆحە) ناسراوە ئەو لەیەکەم کاسێتدا بەئۆکۆردیۆن بەشدارە، بەڵام کاسێتى دووەم ئەویش هەر لە ساڵى (1984) بوو لەماڵێک لەگەڕەکى چوارباخ میواندارییان لێکردین سەرلەئێوارە دەستمان کرد بە ژەنینى مۆسیقا و تایەرى خەلیلى گۆرانى و سروودى خوێند تا چوارى بەرەبەیان تەواو بووین .
پرسیار : دەکرێت ناوى موزیکژەنەکانى هاوکارت بێنى و ئەو بەرهەمە زیاتر بە ( شیرین شیرین) ناسراوە کێ تۆمارى کرد؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
شەوێکى خۆش بوو لەگەڵ هاوڕێیانم، کاک گۆران ئیبراهیم بەکەمانچە، خۆم بە ئۆکۆردیۆن ، کاک عەبدولواحید بە کلارنێت، فریادى مەلا کەریم بە بانگۆز ( ڕیتم ، خالید محەمەد بە (دەف) ، تۆمارکردنەکەش بەڕەحمەت بێت کاک ( محەمەدى حاجى عەبدولکەریم ) ناسراو بە حەمەى ئاسنگەر تۆمارى کرد.
کاتێک لەبەرەبەیان تەواو بووین، من کاک گۆران پێکەوە دەڕۆیشتینەوە بۆ ماڵەوە پێشمەرگە لەناو شاردا بوو چالاکییان ئەنجام دەدا، لەناو ئەو هەموو فیشەکە کۆڵانەو کۆڵان نازانین چۆن خۆمان کردەوە بەماڵەوەدا.
پرسیار : کاتێک ڕاژەکەتان گوازرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى، لەوێش لەچالاکى هونەریتان هەبوو؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
بەڵێ لەوێ زیاتر هەوڵم دا و تێکۆشانى هونەریم هەبوو، لەساڵى (1989) کاسێتێکم بۆ هونەرمەندى میللیی دەنگخۆش ( کەریم خەمزەیی 1945 سلێمانى) بەهاوکارى چەند هونەرمەندى ژەنیار تۆمارکرد، وەک بەڵگە ئەو کاسێتە بۆتە ئەرشیف و لەتۆمارگاى خەیام هەیە .
پرسیار : هونەرمەندانى ژەنیار لە تۆمارکردنى ئەو کاسێتە هاوکارت بوون لەیادتان ماوە کێ بوون ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
ئەو هاوڕێ هونەرمەندانەى وەک ژەنیار هاوکاربوون لەتۆمارکردنى ئەو بەرهەمە هونەرییە بریتى بوون لە:
1/ سەلام حەمادى ، ژەنیارى کیبۆرد
2/ عەزیز خەمزەیی ،ژەنیارى ڕیتم
3/ ڕەحیم ڕەسوڵ ، ناسراو بە ڕەحیمى باڵەبان ، باڵەبان.
هاوڕێیەک لەگەڵماندا بوو ناوى کاک ڕێبوار بوو ئەو زەحمەتى کێشا کاسێتەکەى تۆمارکرد.
پرسیار : وەک هونەرمەندێکى ژەنیار و ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى، لەدواى ڕاپەرینى بەهارى (1991) لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى درێژەتان بەدەوام و کارى هونەرى دا ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
لەدواى ڕاپەرینەوە کەش و هەوایەکى ئازادى هاتە ئاراوە زیاتر خۆمان ماندوو کرد لەپێناو سەرخستنى هونەرى نەتەوەکەمان ، لەتیپى مۆسیقاى سلێمانى بەهەموو توانامانەوە دەرفەتێک بۆمان ڕەخسابێت لەژێر دروشمى ( ڕووەو هونەرێکى کوردیی ڕەسەن و هاوچەرخ) بەبەرهەمە هونەرییەکانمان لەڤیستڤاڵ و بۆنەو یادەکاندا بوونى خۆمان سەلماندووە و هەمووى وەک ئەرشیف و دیکۆمێنت هەیە ، لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى لەوێش زۆر چالاکى هونەریمان ئەنجامدا و چەندین خولى مۆسیقامان کردەوە .
یەکێک بووم لەدامەزرێنەرانى ( تیپى هونەرى میللیی) لەساڵى (1997 تا 2004) وەک ڕاهێنەر و ژەنیار، ماوەى (7) ساڵ ڕاهێنانى جەستەیی ( لیاقە بەدەنییە)م بەئەندامەکانى تیپى هەڵپەڕکێ کرد، ڕۆژانە ماوەى کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر .
دواتر لەساڵى ( 2004 تا 2014) واتە ماوەى (10) ساڵى ڕێک لێپرسراوى بەشى کتێبخانەى شوێنەوارى سلێمانى بووم .
پرسیار : لەدەستپێکى کارى هونەریتانەوە تا ئێستا هیچ ئاوازێکت داناوە؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
زیاتر ئاوازم لەبوارى منداڵاندا هەیە ، بەڵام وەک ئامادەکردن و دابەشکردنى مۆسیقا بۆ بەرهەمى هونەرمەندان بەڵێ ، دوو بەرهەمم بۆ خاتوو ( ئەمەل سەعید کوردە) ئامادەکردووە :
یەکەم : گۆرانى چاوێک هەڵبێنە، ئاوازى هونەرمەندى کۆچکردوو ( حسێنى جمبووش) و هۆنراوەى ( شێخ ئەحمەد بەرزنجى ناسراو بە مەزڵوم) .
دووەم : گۆرانى سنوور ئارام بە ، هۆنراوە و ئاوازى هونەرمەند و مامۆستا ( دلێر ئیبراهیم) بوو.
پرسیار : وەک هونەرمەندێک چەندین ساڵە لەبوارى ژەنینى ئامێرى ئۆکۆردیۆن دا تێدەکۆشن و جێ دەستتان ڕۆشنە ، ئایا هیچ کات پەناتان بۆ خامە نەبردووە دەربارەى هونەرى موزیک بنووسن؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
بەڵێ حەزم لەنووسینە لەبوارى هونەردا،چەندین بابەتى هونەری گۆرانى و مۆسیقا و مێژووى مۆسیقاى کوردى و سیاچەمانە ، لەگۆڤارەکانى( خاک و شاکار و سلێمانی) دا بڵاوکردۆتەوە .
پرسیار : بەڕێزتان تائێستا ئەندامى دێرینى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ین ، تائەمڕۆ دەکاتە نیوسەدە لەتێکۆشان لەبوارى هونەردا ، هەروەک ژەنیارێک لەناو تیپى ناوبراودا ماونەتەوە یان ئەرکێکى دیکەتان پێسپێردراوە ؟.
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش:
دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێم وەک چۆن لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا ( قیبلەى هونەرى من تیپى مۆسیقاى سلێمانى یە) لەسەرەتاوە تا ئێستا بەو هەست و هزر و بیرکردنەوەیە کارم تێدا کردووە ، بۆ هەربۆنەو یاد و میهرەجان و کارێکى هونەریی تیپە ئازیزەکەم پێویستیان بە خۆم و ئۆکۆردیۆنەکەم هەبێت بەوپەڕى خۆشحاڵییەوە ئامادەم بەشدارى بکەم.
بەهەمان گوڕو تین و دەست و پل و پەنجەى جارانەوە، دەربارەى کارى دیکە لەناو تیپى مۆسیقاى سلێمانى ، بەسوپاسێکى زۆرەوە بۆ هاوڕێ هونەرمەندەکانم لەڕێکەوتى (1/1/2010) وە تائێستا ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى تیپ و لێپرسراوى بەشى دارایی تیپى مۆسیقاى سلێمانیم ، هەرچەندە ماوەیەکى زۆرە تیپى مۆسیقاى سلێمانى بەبارودۆخێکى سەختى دارایی دا تێپەریوە ، بەڵام بەهەوڵ و تێکۆشان و ماندوبوون و لێبوردەیی ئەندامانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى لەکاروانى هونەر و بەرهەمى نوێ دانەبڕاوین و لەڕێگا پیرۆزەکەى هونەر و بەدروشمى ( ڕووەو هونەرێکى کوردیی ڕەسەن و هاوچەرخ) بەردەوام بووین.
وەک وەفادارییەک پێویستە ناوى ئەو کۆمپانیا و کەسایەتیانە بهێنم لەو کاتە دژوار و سەختەداهاوکارى تیپى مۆسیقاى سلێمانى یان کردووە تا بەردەوام بین وەک ( کۆمپانیاى ئاسیا سێڵ) ، ( ئیدارەى گشتى ) و ( کۆمپانیاى نۆکان ) و بەڕێز کاک ( کامەران محەمەد دارتاش) کە بە (کامەرانى تاپۆ) ناسراوە.
پرسیار : محەمەد ڕەشید دارتاش کەى ژیانى هاوسەری پێکهێناوە ؟
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
لەمانگى (11ى 1984) ژیانى هاوسەریم پێکهێناوە و خاوەنى ( کوڕو کچ) ێکین ( هەڵۆ و هەرمێ) ، هاوسەرەکەشم سەرپەرشتیارى پەروەردەیە لەبوارى باخچەى منداڵاندا ، سوپاس بۆخواى گەورە زۆر ئاسوودەو بەختەوەرین و خانەوادەکەم هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بوون لەکارە هونەرییەکانمدا.
زۆر زۆر سوپاس ماندوومان کردن هەرشادبن .
هونەرمەند محەمەد ڕەشید دارتاش :
سوپاس و دەستخۆشیی بۆ تۆ ، ماندوو نەبن و ئەرکێکى قورس و پیرۆزتان لەئەستۆ گرتووە کارەکەت بەرز دەنرخێنم .
هیواى سەرفرازى و پڕتەندروستى و تەمەندارى بۆ هونەرمەندى موزیکژەن محەمەد ڕەشید دارتاش دەخوازین، چەپکە گوڵى خۆشەویستى پێشکەش دەکەین لەبارەتەقاى ئەو چەندین ساڵە خزمەتکردن بە هونەرى موزیک و گۆرانى کوردى.
نوسين و بهدواداچوونی زانيارى: جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.