Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 22:12

ئەمریکا و ئێران لە سویسرا دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێ دەکەن

100%

مالپەڕێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، نێردەکانی ئەمریکا بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران ڕوویان لە سویسرا کردووە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەیەوێت ڕۆژی شەممە بگاتە سویسرا، بەڵام تاران مەرجی سەرکەوتنی گفتوگۆکانی بە جێبەجێکردنی ئاگربەستی لوبنانەوە بەستووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 20ـی حوزەیران، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ڕاگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی، لە ڕێگەیە بەرەو سویسرا و جارید کوشنەری نێردەی ترەمپیش، لە ئێستادا لەوێیە، چاوەڕوان دەکرێت یەکەمین خولی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی پێشبینیکراو تێیدا بەڕێوە بچێت.

بڕیار بوو دانوستانەکان ڕۆژی هەینی دەست پێ بکەن، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان دواخران و تا ئێستاش کاتێکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دیاری نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پلانی هەیە ڕۆژی شەممە بگاتە سویسرا. بەڵام هێشتا ئەگەری گۆڕانکاری لە پلانەکەدا هەیە.

بەپێی سەرچاوە نێوەندگیرەکان، ڕۆژی هەینی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە هاوتاکانی خۆی ڕاگەیاندووە کە ئاگربەستی لوبنان پرسێکی هەستیارە بۆ ئێران و خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە کە سەرکەوتن یان شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لەسەر وەستاوە.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئێرانییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پێش گەشتکردنیان بۆ سویسرا، ئاگربەستەکە جێگیر ببێت و جێبەجێ بکرێت.

هاوکات شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە ڕۆژی هەینیدا گەیشتووەتە سویسرا.

پێشبینی دەکرا  جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا بکات، بەڵام درەنگانی شەوی پێنجشەممە و لە دوایین ساتدا گەشتەکەی دواخست. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەو گەشتە دەکات یان نا.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.