حکوومەتی چین بە فەرمی پێشوازی لە واژۆکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەکین پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. چین ئەم هەنگاوەی بە "وەچەرخانێکی گرنگ" وەسف کرد و هیوای خواست کە ئەم ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە.
ئەم هەڵوێستەی چین دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان، بە ناوبژیوانی پاکستان و قەتەر، یادداشتێکی 13 بڕگەییان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان واژۆ کرد.
پەکین کە یەکێکە لە هاوبەشە ئابوورییە سەرەکییەکانی ئێران، جەختی لە گرنگیی بەندەکانی پەیوەست بە ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری کردەوە، کە لە ناوەڕۆکی یاداشتەکەدا هاتووە. پێشبینی دەکرێت ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییانە هاوکار بن لە سەرکەوتنی پڕۆسەی دانوستانەکان کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە وڵاتی سویسرا بەردەوامییان هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.