Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 03:09

کۆشکی سپی ناوەڕۆکی یاداشتی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بڵاوکردەوە

Kurdistan Ahmed
100%

کۆشکی سپی دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ململانێ سەربازییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان. بڕیارە ئەم یاداشتنامەیە، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە، ڕۆژی هەینی لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە وڵاتی سویسرا واژۆ بکرێت.

 یاداشتنامەكە بەشێوەیەكی گشتی لە 14 خاڵ پێكهاتووە، گرنگترین خاڵەكان بریتین لەمانەی خوارەوە:-

1- کۆتاییهێنان بە شەڕ: هەردوو وڵات و هاوپەیمانەکانیان پابەند دەبن بە ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بەتایبەت لە لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هێرش نەکەنە سەر یەکتری و ڕێز لە سەروەری تەواوی خاکی لوبنان بگرن.

2- دانوستانی کۆتایی: لایەنەکان پابەند دەبن کە لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. هەروەها بەڵێنیانداوە کە دەستوەرنەدەنە کاروباری ناوخۆیی یەکتری.

3- هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و گەرووی هورمز: ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران لادەبات. لە بەرامبەردا ئێران هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا ئاسایی دەکاتەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی شەڕ.

4- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا: واشنتن پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لەو ناوچانەی نزیکن لە ئێران و گەڕانەوەی جێگیربوونی هێزەکانی بۆ دۆخی پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، ئەمەش لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی.

5- ئاوەدانکردنەوەی ئێران (300 ملیار دۆلار): پڕۆژەیەکی گەورە بە هاوکاری هاوبەشە ناوچەییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران بە بڕی لانیکەم 300 ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێت. ئەمریکا بەڵێنی داوە هەموو مۆڵەت و ئاسانکارییەکی پێویست بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دابین بکات.

6- هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر ئێران، بەڵام خشتەی کاتی و شێوازی جێبەجێکردنی لە دانوستانەکانی داهاتوودا دیاری دەکرێت.

7- دۆسیەی ئەتۆمی: ئێران بەڵێن دەدات هەرگیز هەوڵی دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی نەدات. هەردوولا لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کار دەکەن بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکانی ئێران لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا.

ئەم ڕێککەوتنە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری قووڵی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و تەواوی جیهان هەبێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.