داواکاری گشتی فەڕەنسا ڕایگەیاند، 14 کەس کە زۆربەیان هاووڵاتی ئەفغانی و عێراقین، بە تۆمەتی تێوەگلان لە خنکانی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی مانش لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021، ڕەوانەی دادگا دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
لەو کارەساتە مرۆییەدا کە لە بەیانی 24ی تشرینی دووەمی 2021 ڕووی دا، 27 کۆچبەر کە زۆربەیان کوردانی هەرێمی کوردستان بوون گیانیان لەدەست دا، هەروەها 4 کۆچبەری دیکە تا ئێستا بێسەروشوێنن. ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە کوشندەترین کارەساتەکانی بەلەمە بچووکەکان لە کەناڵی مانش (نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا) دادەنرێت.
داواکاری گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکان بە چەندین تۆمەتی وەک "کوشتنی بێ مەبەست"، "قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە" و "ڕێکخستنی گەشتی دەریایی نایاسایی" دادگایی دەکرێن.
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە جەخت دەکاتەوە کە تۆمەتباران بەلەمێکی کوالێتی نزمیان بەکارهێناوە کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە و زیاتر لە توانای خۆی کۆچبەریان تێدا بارکردووە، بێ ئەوەی هێلەکی ڕزگاربوونی پێویست بۆ سەرنشینەکان دابین بکەن.
زۆربەی تۆمەتبارەکان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە. هەندێک لە تۆمەتبارە کوردەکان دەڵێن ئەوان خۆیان کۆچبەر بوون نەک قاچاخچی. هاوکات لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ 7 سەربازی فەڕەنسیش دەکرێت بەهۆی گومانی کەمتەرخەمی لە پێشکەشکردنی هاوکاری بە کۆچبەرەکان لە کاتی خنکانی بەلەمەکەدا.
کەناڵی مانش بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچ بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە فەڕەنساوە بگەنە بەریتانیا. سەرەڕای هەوڵەکانی پاریس و لەندەن بۆ ڕێگری لەم گەشتانە، بەڵام پڕۆسەکە بەردەوامە و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 41,000 کەس لەو ڕێگەیەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.