Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 05:18

وەرزی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوە

Kurdistan Ahmed
100%

دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراو بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بە فەرمی بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی لە سەرجەم ناوچەکان ڕاگەیاند.

ئەم بڕیارە دوابەدوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چەند مانگێک، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی سامانی ماسی و پاراستنی ژینگەی ئاوی لە کاتی زاوزێدا، ڕاوکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرابوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە ڕاوچییان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.

سەرەڕای ڕێگەدان بە ڕاوکردنی ماسی، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەندێک ڕێگەی ڕاوکردن وەک هێڵی سوور دەمێننەوە و بە توندی سزای یاسایییان لەسەرە. بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان بەکارهێنانی کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، تەقەمەنی و ئەو تۆڕانەی کونەکانیان زۆر وردە و دەبنە هۆی لەناوبردنی بەکۆمەڵی ماسییە بچووکەکان و زیندەوەرە ئاوییەکان، لە هەموو کات و وەرزێکدا بە قەدەغەیی دەمێننەوە و ڕێگەپێدراو نین. ئەم ڕێکارانە بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی لە ڕووبار و دەریاچەکان و ڕێگریکردن لە قڕکردنی سامانی ماسی گیراونەتە بەر.

بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان ئاگادار کراونەتەوە تا ڕێکاری توندی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنە بەر. وەزارەت داوا لە ڕاوچییان دەکات کە پابەندی ڕێسا ژینگەییەکان بن، تاوەکو ئەم سامانە نیشتمانییە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراک و ئابووری بۆ ناوچەکە بە بەردەوامی بمێنێتەوە.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.