بەیانیی ئەمڕۆ لە کوێستانەکانی حاجی ئۆمەران هاووڵاتییەک مینێکی دژەکەسی پێدا تەقیوەتەوە و قاچێکی پەڕیوە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێریش دەڵێت، ئەمساڵ چوارەمین حاڵەتە لەباڵەکایەتی بەهۆی هێنانی گژوگیای بەهارەوە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی.
بەپێی زانیارییەکی کەریم سمکۆ، پەیامنێری (کوردستان تیڤی)، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 10:00، هاووڵاتیەکی دانیشتووی حاجی ئۆمەران لە کوێستانی (مێرگەدرێژان) مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و بەسەختی بریندار بووە.
د. ئومێد رەسووڵ، بەرپرسی بنکەی تەندروستیی حاجی ئۆمەران بە (کوردستان تیڤی) راگەیاند: هاووڵاتیەکە ناوی (رەحیم وسو)ـە تەمەنی 47 ساڵ دەبێت و دانیشتووی ناحیەی حاجی ئۆمەرانە، بەهۆی پێداتەقینەوەی مینێکی دژەکەسی قاچێکی لەدەستداوە، لەبەر ئەوەی شوێنی رووداوەکە کوێستان و دوورە دەستە، ئەمبوڵانسی تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان و خەڵکی ناوچەکە بەهانایەوە چوون و خەریکن دەیهێننەوە بنکەی تەندروستی بۆ ئەوەی رێکاری فریاگوزاری و پێویستی بۆ بگرینەبەر.
لەلایەکی دیکەوە رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر، بە کوردستان تیڤی گوت: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان ئەمساڵ 6 ڕووداوی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون، 5 کەس بریندار بوون و بەداخەوە یەکێکیش گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لەو ئامارەدا 4 کەیس لە دەڤەری باڵەکایەتی تۆمارکراون و بەهۆکاری هێنانی گژوگیای بەهارە بووە، رووداوەکەی ئەمڕۆی حاجی ئۆمەرانیش بەهەمان هۆکار بووە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مینی هەولێر دەڵێت، بەردەوام رێنمایی بە هاووڵاتیان دەدەن کە بۆ هێنانی گیای بەهارە، نزیکی سنوور و جێگای مەترسی و کێڵگە مینڕێژکراوەکان نەبنەوە، بۆ ئەوەی ژیانیان سەلامەت بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.