بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی تەقەکردنەکەی کۆڕێی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و تەقەکردنی نێوان دوو لایەن کە بەهۆی کێشەی یارییەکی تۆپی پێوە بووە، فیشەک بەر ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەر کەوتووە و کچێکی تەمەن چوار ساڵان کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بووە گیانی لەدەست داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، لە کاتژمێر 11ـی شەو، ڕووداوێکی شەڕکردن و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن لە شارەدێی کۆڕێ ڕوویداوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی وردیان دەست پێ کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە: لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا لاندکرۆزەر - ڕەنگی ڕەش) زیاتر لە 8 فیشەکی بەرکەوت. بەهۆیەوە منداڵێک بە ناوی (ڕۆژین محەمەد عەبدولڕەحمان) تەمەن چوار ساڵان، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە و فیشەکێک بەر قۆڵی لای ڕاستی کەوتووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
پۆلیسی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە ، بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دەرکەوت کە کێشەکە ڕۆژێک پێشتر و لە کاتی یاری تۆپی پێ لە یاریگای کۆڕێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دروستبووە، بەبێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ لایەنێکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن. لە شەوی دواتردا لە بازاڕی کۆڕێ دووبارە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و تەقە کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارانی سەرەکیی دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام، هەر چوار تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن، کە پێکهاتوون لە:
1- (م. ف. ک . ح)
2- (ف .ک .ح)
3- (ش .ج . ح)
4- (ج .ج .ش)
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تۆمەتباران لە ئێستادا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.