خوشکی ڕێبەری کۆریای باکوور پەیامێکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پرسی چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیان بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆ و بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری نابن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کیم یۆ-جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئوون ڕێبەری کۆریای باکوور، لە نوێترین لێدوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی (KCNA) بڵاویکردووەتەوە، وەڵامی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و ڕایگەیاند: "پێگەی کۆریای باکوور وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هێڵێکی سوورە کە پاشەکشەی لێ ناکرێت، جا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دان بەو ڕاستییەدا بنێن یان نا."
ئەم لێدوانانەی کیم یۆ-جۆنگ لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 8-9ی حوزەیران، شی جینپینگ، سەرۆکی چین سەردانی پیۆنگ یانگ بکات. کیم لەو چوارچێوەیەدا هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکای بە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە تۆمەتبار کرد، بەتایبەت سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە لە لووتکەی مانگی ڕابردووی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، هەردوولا لەسەر "داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور" وەک ئامانجێکی هاوبەش ڕێککەوتبن.
خوشکی ڕێبەری کۆریای باکوور جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی لەسەر پرسی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا گفتوگۆ ناکات و گوتی: "بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا لە خەونە کۆنەکانیان بەخەبەر نەهاتوون و واقیعی ئێستا فەرامۆش دەکەن.
هەوڵەکانی واشنتن بۆ لاوازکردنی پێگەی نێودەوڵەتی کۆریای باکوور هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئێمە پابەندی گوتارە یەکلایەنەکانی ئەوان نابین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کیم یۆ-جۆنگ هۆشداری دا کە وڵاتەکەی بەرامبەر فشارەکان وەک "تەماشاکەرێکی بێدەنگ" نامێنێتەوە و پەرەپێدانی توانایە ئەتۆمییەکانیان وەک مافێکی ڕەوای وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.