Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 06:08

پارێزگاری هەولێر لە دەروازەی زێت: هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامن

Kurdistan Ahmed
100%


ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و بازرگانی، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێتی کرد بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە دەروازەکەدا.

لە شاندەکەدا هەریەک لە قائیمقامی مێرگەسۆر، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئامادەبوون. شاندەکە لەلایەن جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت و بەرپرسانی کارگێڕی و ئەمنیی ناوچەکە پێشوازییان لێکرا.

لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی دۆخی ئێستای دەروازەکە و ئەو ئاسانکارییانە کرا کە پێشکەش بە گەشتیاران و بازرگانان دەکرێن. پارێزگاری هەولێر پێداچوونەوەی بۆ قۆناغەکانی پەرەپێدانی دەروازەکە کرد و جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان کردەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە (کوردستان تیڤی ) راگەیاند:" باس لە گرنگی ستراتیژیی دەروازەی زێتمان کرد وەک دەرچەیەکی سەرەکی بۆ بووژانەوەی کەرتی ئابووری، بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا. هەروەها تاوتوێی پلانی نوێ کرا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی شارەوانی، گەشتوگوزار و ژووری بازرگانی، بە ئامانجی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و ڕاکێشانی گەشتیاران".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.