وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتەکەی و دەوڵەتی کوەیت کرد و ڕایگەیاند، 7 مووشەکی بالیستی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵاتەوە تێکشکێندراون و جەختیشی کردەوە کە پاراستنی سەروەرییان هێڵی سوورە.
ئەمڕۆ شەممە 6ـی حوزەیران، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر شانشینی بەحرەین و دەوڵەتی کوێت کرد، کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە ڕێگەی ئاراستەکردنی 7 مووشەکی بالیستییەوە بەرەو خاکەکانیان کرانە ئامانج و بە سەرکەوتوویی بەرپەرچ درانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە، پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەریی هەردوو وڵات و پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم هێرشە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەی کەنداوی عەرەبی.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی بەحرەین (بنا) ئاماژەی بەوە داوە: "لە کاتێکدا وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایش بە مووشەک و درۆن بنیاد نانرێت و سەقامگیریش بە چاندنی مین ناپارێزرێت". داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ کۆتایی بەم دەستدرێژییە بێ پاساوانە بهێنێت و ڕێگەی ئاشتی بگرێتە بەر، هاوکات گەرووی هورمز بە تەواوی و بەبێ هیچ کۆتوبەند یان رسوماتێک بکاتەوە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانیی دەریایی. هەروەها پابەندی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بێت، لەگەڵ ئاشکراکردنی شوێنی مینە دەریاییەکان و هاوکاریکردن لە پاککردنەوەیان.
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە "شانشینی بەحرەین پابەندە بە بژاردەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە، ئارامگرتنیشی بە مانای کەمتەرخەمی نایەت و بەرگریکردن لە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی و پاراستنی گەلەکەی هێڵێکی سوورە و سازشی لەسەر ناکات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.