Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 00:06

 هەژماری من دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی

کوردستان TV
100%

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 2ی حوزەیرانی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کرا و جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە. هەروەها باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا کە لە ئێستادا بە چەند قۆناغێک دەستی پێکردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بە تەواوی ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.

بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو، تا ئێستا 1,168,000 فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە 830,000 کارتی بانکی دابەشکراوە. بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800,000 کەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) مووچەیان وەرگرتووە.

سەبارەت بە خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە کرا کە لە کۆی 474,000 کەس، تا ئێستا 418,000 کەسیان تۆمار کراون و 220,000 مووچەخۆریان کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە. هاوکات پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەستی پێکردووە و تەنها نزیکەی 50,000 مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن، کە زۆربەیان میراتگری خانەنشینانن یان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە خانەنشینان. هەروەها جەختی لە دانانی میکانیزمێکی نوێ کردەوە بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش و پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.