بەهۆی بڕیاری وەستاندنی گفتوگۆ و نامەگۆڕینەوەكان لەلایەن ئێران لەگەڵ ئەمریكا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبووەوە.
شاندی دانوستانكاری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری دا سەرجەم گفتوگۆ و نامەگۆڕینەوەكان لەگەڵ ئەمریكا لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیرەوە رابگرێت بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا و لوبنانەوە.
ئەم بڕیارەی ئێران بووە هۆكاری ئەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرز ببێتەوە.
نەوتی برێنت لە بازاڕەكان بەڕێژەی 3.8% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك بڕی 3.43 دۆلاری هاتە سەر، ئێستا بە 94.55 دۆلاری ئەمریكی مامەڵەی پێوە دەكرێت.
شاندی دانوستانكاری ئێران جەختی كردۆتەوە كە ڕاگرتنی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە هەردوو بەرەی غەززە و لوبنان و كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، بەشێك بوونە لە مەرجەكانی دانوستان و ئاگربەست.
ئێران هەروەها هەڕەشەی كرد كە ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشەكان بۆ سەر وڵاتی لوبنان ڕانەگرێت، ئەوا هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب بەتەواوەتی دادەخات و سەرجەم بەرەكانی جەنگیش چالاك دەكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.