ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بەمەبەستی جوانترکردنی سیمای پایتەخت و ڕێکخستنەوەی شەقام و بازاڕەکان چەند بڕیارێکی نوێ دەرکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی حوزەیران پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بەمەبەستی جوانترکردنی سیمای پایتەخت و ڕێکخستنەوەی شەقام و بازاڕەکان، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی خزمەتگوزاری و شارستانی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسانی باڵای کارگێڕی، پۆلیس، هاتوچۆ و شارەوانییەکانی تێدا ئامادە بوون، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی پایتەخت، لەوانە ڕێگریکردن لە دیاردەی وەستانی هەڕەمەکیی عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکانی فرۆشتن لەسەر شەقامە گشتییەکان، کە بوونەتە هۆی جەنجاڵی و تێکدانی سیمای شارستانی و پێشێلکردنی مافی هاتوچۆی هاووڵاتییان.
هەروەها وەزیر باسی لەوەشکرد پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی پلان و نەخشەی نوێ و خێرا دابڕێژن بۆ پاراستنی پاکوخاوێنیی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان. یەکێکی دیکە لە خاڵەکان ئەوە بوو کە دەبێت ناونیشانی سەرجەم دوکان، چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان کە بە زمانی بیانی نووسراون، بۆ زمانی کوردی بگۆڕدرێن. ئەم بڕیارە مینیۆی خواردن و پسوولەی حیساباتی چێشتخانەکانیش دەگرێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پشتگیری خۆی بۆ ئەم هەنگاوانە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پاراستنی سیمای پایتەخت ئەرکێکی بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەولێر وەک ناوەندێکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری، پێویستی بە هەماهەنگیی هەیە بۆ ڕێکخستنەوەی فرۆشیاران و کەمکردنەوەی قەیرانی هاتوچۆ.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا چەند هەنگاوێکی کرداری و دەستبەجێ بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردنی شەقامە گشتییەکان و پاراستنی ژینگەی بازاڕ و ناوچە گشتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.