Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 15:16

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دابەشکردنی مووچە بڵاو کردەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بەغدا زیاتر لە 80 ملیار دینار کەمتر لە پارەی مووچەی مانگی ئایاری ناردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان  کورتهێنانەکە بە قەرز پڕ دەکاتەوە. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمڕۆ کاتژمێر 3 بۆ هەژماری من و کاتژمێر 5 بۆ دابەشکردنی کاش پرۆسەکە دەست پێ دەکات و لە ڕۆژانی جەژنیشدا بەردەوام دەبێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایارو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلەجەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە ( 25 ئایاری 2026 ) وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی (50,000,000,000) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنوسراوی ژمارە (5477،4،7) کە لەڕۆژی (24 ی ئایاری 2026 ) واژۆ کراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بە ژمارە (70018 ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.   

کە ئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.

سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە
کۆی بڕی (970,741,514,914) نۆسەد و حەفتا ملیار و حەوت سەد و چل و یەک ملیۆن و پێنج سەد و چواردە هەزار و نۆسەد و چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها (890,502,000,000) هەشت سەدو نەوەد ملیار و پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە (80,000,000,000 ) هەشتا ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

دوای ڕاگەیاندنی لیستی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەش کردنی مووچە دەکرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لەدوای کاتژمێر (10 ) ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە ڕێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.

بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی باکەتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمرۆ کە بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) ـەکان بکەن و مووچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە مووچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.

تێبینی/ لە پێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێک بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ  مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە.


ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.