وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو لە داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گەرووی هورمز بەدی هاتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئایار، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا هیندییەکەی لە شاری نیودەلهی هیندستان ڕایگەیاند: پێمان وایە پێشکەوتنمان لە داڕشتنی شتێکدا کردووە کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا ئەنجامێکی ئەرێنیمان پێ دەبەخشێت.
جەختیشی کردەوە کە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستی بە ڕەزامەندی و پابەندیی تەواوەتیی ئێران هەیە، هەروەها کارکردنی زیاتری دەوێت لەسەر وردەکارییەکانی دانوستانەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لەوانەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا جیهان هەواڵێکی خۆش ببیستێت، لانی کەم سەبارەت بە گەرووی هورمز و ئەو پرۆسەیەی کە دەکرێت لە کۆتاییدا بمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی سەرۆک ترەمپ دەیەوێت ئەویش جیهانێکە کە چیتر لە چەکی ئەتۆمیی ئێران نەترسێت.
ڕۆبیۆ جارێکی دیکە هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، کە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا کارێکی تەواو نایاساییە و پێویستە ئاسایشی دەریاوانی بۆ هەموو وڵاتان پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.