Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 20:05

ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران تاوتوێی ڕێککەوتنێکی 60 ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەن

کوردستان TV
100%

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئێران سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر لێکتێگەیشتنێکی 60 ڕۆژە، کە ئامانج لێی کردنەوەی گەرووی هورمز، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران و دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانە.

بەپێی ڕەشنووسەکە کە ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، دەبێت ئێران مینە چێنراوەکانی ناو گەرووی هورمز پاک بکاتەوە تاوەکو کەشتییە بازرگانییەکان بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.

هەروەها تاران پابەند دەبێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات و گفتوگۆ دەکات لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی.

لە بەرامبەردا، واشنتۆن گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات و هەندێک ئاسانکاریی سنووردار لە سزاکان پێشکەش بە تاران دەکات. ئەم ئاسانکارییانە لەژێر چوارچێوەی ئاسانکاری بەرامبەر پابەندی دەبێت، واتە هەر  هەنگاوێکی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی مەرجەکان لەلایەن ئێرانەوە.

هەروەها ئەمریکا ڕازی دەبێت لەو ماوەیەی 60 ڕۆژەدا گفتوگۆ لەسەر لادانی سزاکانی تریش بکات.

ڕەشنووسەکە تەنیا پرسی ئەتۆمی ناگرێتەوە، بەڵکو کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنانیش لەخۆ دەگرێت.

سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و تەنیا لە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دەکشێنەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.