Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:06

دیپلۆماسیی لوتکە و پاراستنی قەوارە

Kurdistan Ahmed
100%

پانۆرامای دیپلۆماسیی لوتکە لە بەغدا؛ مەسرور بارزانی نەخشەڕێگەیەک بۆ ساڕێژکردنی برینە مێژووییەکان و چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی هەرێم دادەڕێژێت


لە وەچەرخانێکی ستراتیژی و مێژووییدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا و خاوەن بڕیار، ڕووی لە بەغدای پایتەخت کرد. ئەم سەردانە کە وەک "پانۆرامایەکی سیاسیی نوێ" و "گەشتێکی نیشتمانی" وێنا دەکرێت، هەڵگری پەیامێکی ڕاشکاو و بڕیاردەرانەیە بۆ چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی هەرێم و ساڕێژکردنی ئەو برینە مێژووییانەی کە ساڵانێکە بە جەستەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوەن.

مەسرور بارزانی لەم گەشتەیدا، تەنیا وەک بەرپرسێکی باڵا نەکەوتە ڕێ، بەڵکو وەک هەڵگری ئیرادەیەکی پۆڵایین بۆ تێپەڕاندنی "گرێپووچکە" ئاڵۆزەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەرکەوت، تاوەکو لەسەر بنەمای دەستوور و هاوسەنگی، مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردستان وەدیبهێنێتەوە.

ساتی گەیشتنی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا

وێستگەی یەکەم؛ دیالۆگی لوتکە و تەوەری دەستوور

لە یەکەمین هەنگاوی ئەم پانۆراما سیاسییەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە. لەم دیداردە چڕەدا، مەسرور بارزانی تێزێکی بنەڕەتیی خستە ڕوو کە بریتی بوو لە "پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان." سەرۆکی حکومەت بە زمانێکی پاراو و کوردییەکی پەتی، جەختی لەوە کردەوە کە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان بەبێ داننان بە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان، تەنیا سوڕانەوەیە لە ناو بازنەیەکی داخراودا.

ساتی یەکەمین کۆبوونەوە

وێستگەی دووەم؛ هۆڵی یاسادانان وەک قەڵغانی مافەکان

لە بەردەوامیی دیدارەکانیدا، مەسرور بارزانی ڕووی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و لەگەڵ هەیبەت ئەلحەلبووسی کۆبووەوە. لەم کۆڕەدا، سەرۆکی حکومەت ڕۆڵی پەرلەمانی وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان بەرز نرخاند و دووپاتی کردەوە کە پێویستە ژمارەیەک پڕۆژەیاسای نیشتمانی پەسەند بکرێن کە مافی گشت پێکهاتەکان بپارێزێت. جەختیش کرایەوە کە هەر هەنگاوێکی یاسایی دەبێت لە خزمەت چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵیدا بێت، نەک بۆ لاوازکردنی پێگەی دەستووریی هەرێم.

ساتی کۆبوونەوەکە

وێستگەی سێیەم؛ تەرازووی داد و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان
 

یەکێک لە هەستیارترین و گرنگترین وێستگەکانی ئەم سەردانە، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی بوو لەگەڵ دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق. لەم دیدارەدا کە وەک "سەنگی مەحەک" بۆ پاراستنی دادپەروەری بینرا، جەخت لەسەر "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری" کرایەوە وەک کۆڵەگەیەک بۆ سەقامگیریی سیاسی. سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە ڕاشکاوی پەیامی "مافخوازانەی" خەڵکی کوردستانی گەیاندە لوتکەی هەڕەمی دادوەری و داوای کرد کە یاسا ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی مافی هەمووان، نەک ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی.

ساتی کۆبوونەوەکە

وێستگەی چوارەم؛ یەکخستنی هەڵوێستەکان لەگەڵ جەمسەرە سیاسییەکان

لە پێناو دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی، مەسرور بارزانی زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان ئەنجامدا. لەگەڵ موسەننا ئەلسامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (ئەلعەزم)، جەخت لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا. هەروەها لەگەڵ عەبدولحوسێن ئەلمووسەوی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى (نه‌هج)ى نيشتمانى، گفتوگۆ لەبارەی پرۆسه‌ی سیاسی کرا و سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە "خزمەتکردنی هاووڵاتییان" دەبێت خاڵی هاوبەشی هەمووان بێت.

ساتی کۆبوونەوەکە 

دەرەنجامی سەردانەکە؛ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر

مەسرور بارزانی لە کۆتایی گەشتەکەیدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) لە بەغدا، تەواوی ئەنجامی دیدارەکانی کۆکردەوە و ڕایگەیاند: "لەگەڵ هەموو لایەنەکان داکۆکیمان لە مافی گەلی کورد کردووە و نیەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان." سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە دوو ڕۆژییە، "بناغەیەکی پتەو"ی بۆ قۆناغی داهاتوو داناوە.

قسەی بۆ (کوردستان تیڤی) کرد  ساتی قسەکانی

 کاروانەکەی بەردەوامە.........

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.