مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) لە بەغدا، تیشکی خستە سەر ئامانج و ئەنجامی دیدارە چڕوپڕەکانی لەگەڵ لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی عێراق و ڕایگەیاند، کە لە هەموو کۆبوونەوەکاندا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بوون.
سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانەکەیدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسی و حکومییەکاندا، بە شێوەیەکی بڕیاردهەرانە داکۆکیمان لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد کردووە." مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی شایستە داراییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی و بنەڕەتیی سەرجەم گفتوگۆکانیان بووە لە پایتەختی فیدراڵ.
سەبارەت بە کەشی ناو کۆبوونەوەکان و ئامادەیی لایەنە عێراقییەکان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەست بە گۆڕانکارییەک دەکرێت لە ئاراستەی گفتوگۆکاندا و وتی: "لە ئێستادا نیەتێکی باش لە لایەنەکان دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان." ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەولێر و بەغدا لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕێککەوتنی کۆتایی و بنەڕەتی نزیک بوونەتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ (کوردستان تیڤی)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کە ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بە زوویی ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و وتی: "هیوادارین ئەم سەردان و گفتوگۆیانە ئەنجامی باش و بەرچاویان هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی کە هەن."
ئەم لێدوانانەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی کوردی و ناوەندە سیاسییەکان بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە ئەنجامی ئەم سەردانە مێژووییەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، کە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.