Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 02:36

ترەمپ نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی نوێدا کە کاردانەوەی زۆری لە میدیا جیهانییەکان و ناوەندە سیاسییەکاندا لێکەوتەوە، وێنەیەکی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بڵاوکردەوە کە تێیدا خاکی ئێران بە تەواوەتی بە ئاڵای ئەمریکا نەخشێنراوە.

ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیال" (Truth Social)، وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: "United States of the Middle East?" (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟). ئەم پۆستە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە، بەتایبەت لەسەر پرسی گەرووی هورمز و هەڕەشە سەربازییەکان.

لە وێنەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و سعوودیە، تەنیا نەخشەی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە ئاڵای ئەمریکا (ئەستێرە و هێڵەکان) داپۆشراوە. چاودێرانی سیاسی ئەم پۆستەی ترەمپ وەک بەشێک لە "جەنگی دەروونی" و پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ دەسەڵاتدارانی تاران لەقەڵەم دەدەن، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناوچەکەدا.

بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، لە کاتژمێرە یەکەمەکاندا هەزاران "لایک" و "ڕیشێر"ی بۆ کراوە و بووەتە جێگەی مشتومڕی توند. هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەمە ئاماژەیە بۆ ستراتیژییەکی نوێی واشنتن بەرامبەر بە ئێران، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنیا وەک گوشارێکی میدیایی و سیاسی بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان لێکی دەدەنەوە.

تاوەکو ئێستا تاران هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرامبەر بەم پۆستە ورووژێنەرەی ترەمپ نیشان نەداوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی لەم شێوەیە لەلایەن کەسی یەکەمی ئەمریکاوە، نیشانەی قووڵیی ئەو ململانێیەیە کە لە ئێستادا ناوچەکەی گرتووەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.