Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:05

مەسرور بارزانی و فائق زێدان جەخت لە سەروەریی یاسا دەکەنەوە

کوردستان TV
100%

لە درێژەی "گەشتەکەی بۆ بەغدا و بە مەبەستی چەسپاندنی پایەکانی دادپەروەری و گەڕانەوە بۆ چەترە یاساییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووەوە؛ ئەم دیدارە وەک "سەنگی مەحەک" بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و چەسپاندنی بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری لە قەڵەم دەدرێت.

سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بارودۆخی سیاسی و ئاقارە گشتییەکانی عێراقیان تاوتوێ کرد. مەسرور بارزانی بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردەوە کە "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری" کۆڵەگەی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لادانێکی سیاسی کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی وڵات.


تەوەرێکی سەرەکی و جەوهەریی ئەم دیدارە، پرسی "ڕێزگرتن لە دەستوور" بوو وەک باڵاترین مەرجەع بۆ لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پاراستنی "سیستەمی فیدراڵی" و ڕێزگرتن لە "قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان"، نەک تەنیا ئەرکێکی سیاسییە، بەڵکو زامنی مانەوەی عێراقە وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی.

مەسرور بارزانی لەم کۆبوونەوەیەدا، جارێکی دیکە پەیامی "مافخوازانەی" خەڵکی کوردستانی گەیاندە لوتکەی هەڕەمی دادوەریی عێراق و جەختی کردەوە کە شایستە دەستوورییەکانی هەرێم و مافی گشت پێکهاتەکان، دەبێت لە سایەی یاسایەکی بێلایەن و دادپەروەرانەدا بپارێزرێن، دوور لە هەر جۆرە "تەوزیفێکی سیاسی" کە زیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بگەیەنێت.

ئەم دیدارەی مەسرور بارزانی و فائق زێدان، وەک ئاماژەیەکی بەهێز دەبینرێت بۆ ئەوەی کە هەولێر دەیەوێت لە ڕێگەی "دەروازە یاساییەکانەوە" کۆتایی بەو کێشە و گرژییانە بهێنێت کە ساڵانێکە بەرۆکی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی گرتووە، بە جۆرێک کە دادوەری ببێتە "قەڵغانێکی پتەو" بۆ پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان لە زاخۆوە تاوەکو فاو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.