ئەمڕۆ شەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام و پاراستنی سەقامگیری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، كۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەكەدا، لهگهڵ سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان جەخت لە بەرپرسیاریەتی هاووڵاتییان لە پاكڕاگرتنی شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا كرایهوه وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی سیمای جوانی سروشتی كوردستان و پاراستنی ژینگە.
بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنەكان ڕاسپێردران، هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ.
هەروەها لیژنەکانی قائیمقامییەت و چاودێری بازرگانی ڕاسپێردران بە چڕکردنەوەی چاودێری بازاڕەکان لە نزیکەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و ماوەبەسەرچوونی ئەو کاڵا و خۆراکانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن له ڕۆژانی جهژندا.
ههروهها جهخت كرایهوه دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆش لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان، بازاڕەکان، مزگەوتەکان و سەیرانگەکان.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ پلانێکی گونجاو جێبەجێ بكات بۆ ڕێکخستنی شەقامەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە دەروازە و ناوەندی شاردا لەكاتی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لە پێناو پاراستن و سەلامەتی تەندروستی گشتیی جەخت لەوەكرایهوه، كە سەربڕینی ئاژەڵ لە كۆڵان و سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە و داواش لە هاولاتییان و هاونیشتیمانیان كراوه قوربانیەكانیان لە كوشتارگە و لە ژێر چاودێری پزیشکی ڤێتێرنەریدا ئهنجام بدهن.
هەروەها لەڕۆژانی جەژن سەرجەم فەرمانگەکانی ( شارەوانی، ئاو، کارەبا، و بەرگری شارستانی ) تیمەکانی خۆیان بە شێوەی ئێشکگری ( خەفارەت ) بەسەر زۆنە جیاوازەکاندا دابەش دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژندا هیچ گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست نەبێت.
ههروهها نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و بنکە تەندروستییە سەرەکییەکان لە شەو و ڕۆژدا بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ پێشوازیکردن لە هەر حاڵەتێکی کتوپڕ و پێشکەشکردنی چارەسەری پێویست بە هاووڵاتییان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.