Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:50

فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران: عێراق چاوەڕوانی بیستنی هەواڵی کۆتاییهاتنی جەنگە 

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشهاتەکانی دوایین دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنی تاوتوێ کرد، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە عێراق چاوەڕوانی بیستنی هەواڵی کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.

ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئایار، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێگەیشت، کە تێیدا دووبارە پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی فوئاد حوسێن کردەوە بەبۆنەی دووبارە وەرگرتنەوەی ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە میانی پەیوەندییەکەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، فوئاد حوسێنی لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانی ئێستا ئاگادار کردەوە و ئاماژەی بەو پێشکەوتنە دا کە لە خولی ڕابردوودا بەدەست هاتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە پەڕاوی نوێی دانوستانەکان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی ئەو ڕۆڵە کردەوە کە پاکستان لەم چوارچێوەیەدا دەیگێڕێت و هەوڵە پاڵپشتییەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستانەکان بەرز نرخاند، سەرباری ئاماژەدان بە گرنگیی بەشداریکردنی دەوڵەتی قەتەر لەم قۆناغەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فوئاد حوسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کردووە بۆ پەیوەندییەکە و ئاگادارکردنەوەی لە پێشهاتەکانی پڕۆسەی دانوستانەکان و خۆشحاڵیی خۆیشی بەو پێشکەوتنە ئەرێنییانە دەربڕی کە ڕێڕەوی دانوستانەکان بەخۆیەوە دەبینێت.

هەروەها فوئاد حوسێن ستایشی ئەو هەوڵە گەورانەی کرد کە عەباس عێراقچی دەیدات بۆ بردنەپێشەوەی پڕۆسەی دانوستانەکان و جەختیشی لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گەرووی هورمز لە زووترین کاتدا و کارکردن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ئێران کردەوە.

لە کۆتاییی پەیوەندییەکەشدا، فوئاد حوسێن ئومێدی عێراقی بۆ بیستنی هەواڵی ئەرێنی دەربڕی کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیری و ژیانی ئاسایی بۆ گەلانی ناوچەکە، و دووبارە سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ پەیوەندیکردن و ئاگادارکردنەوەی لە ئەنجامی دانوستانەکان.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.