Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 13:41

عاسم مونیر گەیشتە تاران

کوردستان TV
100%

سەرچاوە ئەمنییەکان بە ئاژانسی "فرانس پرێس"یان ڕاگەیاندووە، فەرماندەی سوپای پاکستان، عاسم مونیر، ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوتووە، بڕیاریشە لەگەڵ سەرکردایەتی و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، عاسم مونیر لە تاران چەندین دیداری ئاستبەرز ئەنجام دەدات و تێیدا جەخت لەسەر هەماهەنگییە ئەمنییەکان و لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تاران و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتەوە. پاکستان وەک هاوسێیەکی گرنگی ئێران، لەم قۆناغەدا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان بگرێت و زەمینە بۆ دیالۆگێکی بەرهەمدار لە ناوچەکەدا خۆش بکات.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە واشنتن پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەبینێت. چاوەڕوان دەکرێت فەرماندەی سوپای پاکستان پەیامی تایبەت و پێشنیازی کۆنکرێتی سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پێبێت، کە ئەمانە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتنەن کە باس لەوە دەکرێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا گەڵاڵە کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، چاودێرانی سیاسی دەڵێن سەردانی بەرپرسێکی باڵای سەربازی پاکستان بۆ تاران نیشانەی گۆڕانکاریی جدییە لە هاوکێشە دیپلۆماسییەکاندا. سەرکەوتنی ئەم سەردانە دەکرێت ببێتە کلیلی کردنەوەی گرێ کوێرەی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێورکردنەوەی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی هەن. پاشەکشەی تاران لە هەندێک هەڵوێستی پێشووی و قبوڵکردنی نێوەندگیری ئیسلام ئاباد، دەتوانێت ناوچەکە لە جەنگێکی وێرانکەر دوور بخاتەوە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.