Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 13:55

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا ليۆى چوارده‌ كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان چاوی بە پاپا لیۆی چواردەم کەوت، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویيی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هه‌روه‌ها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویيیەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، به‌رز نرخاند.

لە تەوەرێکی ديكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.