Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:12

پزیشكانی بێسنوور داوای وه‌ستانی شه‌ڕی سوودان ده‌كات

کوردستان TV
100%

تۆڕی پزیشکی بێسنوور له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ لە سوودان و بڕینی پارەی هاوکاری بۆ ئەو ملیۆنەها کەسەی کە بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، شەرمەزار کرد.

زیاتر لە سێ ساڵ شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی دەیان هەزار کەس و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون، ئه‌مه‌ش بووەتە هۆی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لای خۆیه‌وه‌، جاڤد عەبدولمونەیم، سەرۆکی نێودەوڵەتیی پزیشکانی بێ سنوور لە بارەگای ڕێکخراوەکە لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "بەڕاستی پێناچێت ئیرادەیەک هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سوودان بە شێوەیەکی ئاشتیانە".

ناوبراو داخی خۆی دەربڕی کە چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ئاستی جیهانیدا، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی نییە، نە بۆ وەستاندنی شەڕ و نە بۆ دابینکردنی بودجەی هاوکارییە مرۆییەکان.

جگە لەوەش، بڕینی بودجەی یارمەتییە مرۆییە جیهانییەکان و خراپتربوونی کێشە لۆجستییەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان، کە بەشێکی بەهۆی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە، بووەتە هۆی بێبەشکردنی ملیۆنان سوودانیی لە ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ هاوکارییەکان.

عەبدول مونەعیم ئاماژەی بەوەشکرد، پزیشکانی بێ سنوور هەموو هەوڵێکیان دەدات "بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی حکومەتەکان بەجێیان هێشتووە"، بەڵام دۆخەکە بەردەوامە لە تێکچوون.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.