ئەمڕۆ چوارشەممە یەكەمین كۆبوونەوە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوچوو، ئەو ڤایرۆسەی ماوەیەكە لە چەند وڵاتێكی جیهان بڵاوبووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر چەند رێكارێكی خۆپارێزی بەرامبەر بە ڤایرۆسەكە درا.
كۆبوونەوەكە لەلایەن لیژنەی زانستی بەرێوبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بابەتەكانی خۆپارێزی و چۆنیەتی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا كرا.
لەو كۆبوونەوەیەدا بەشێوەیەكی گشتی بڕیار لەسەر چەند خاڵێك درا كە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
1- هەڵمەتی قڕکردنی جرج و مشک دەست پێ بکات لە هەموو فەرمانگە حکوومی و ناحکومییەکان و ئەو شوێنانەی جرج و مشکیان لێیە، هەروەها پێویستە ماددەی لەناوبردنی قڕکەرەکان دابنرێت لە کارگەکانی ئالیکی پەلەوەر، پڕۆژەکانی پەلەوەر، کوشتارگەکان، کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیر و بەرهەمەکانی، کارگەکانی ئامادەکردنی گۆشت و دوکانی قەسابەکان.
2- ڕێگەنەدان لە خاڵە سنوورییەکان بە هاتنە ژوورەوەی ئاژەڵی هامستەری جوانی (قرتێنەرەکان).
3- بە هاوکاری سەندیکاکانی ڤێتێرنەری، کۆگاکانی خواردنی سەگ و پشیلە ئاگادار بکرێتەوە بە لەناوبردنی جرج و مشک لە کۆگاکان.
ڤایرۆسی هانتا بەتایبەتی بەهۆی ئاژەڵانی جورج و مشک و هامستەر دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەكە لە مرۆڤدا دەگاتە 50%.
ڤایرۆسی هانتا بۆ یەكەمجار لەنێوان ساڵانی 1950 تا 1953 لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 1978 لە وڵاتی کۆریای باشوور جیاکراوەتەوە و دەستنیشانکراوە، ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە تاکو ئێستا هیچ ڤاکسینێك بۆ ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.