سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 52ـەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا ڕایگەیاند، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەپێناو ئازادی و سەرفرازيى کوردستاندا ڕووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شههيد كران. ئاماژەی بەوەش کردووە، لەیلا قاسم بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛
ئەمڕۆ به ڕێزهوه يادى کچە تێکۆشەری کورد شههيد (لەیلا قاسم) و هاوڕێکانی دهكهينهوه كه بهرله (52) ساڵ لەپێناو ئازاديی و سەرفرازيى کوردستاندا ڕووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شههيد كران.
لەیلا قاسم، تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا. ئەو بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته قوربانى.
خەباتی لەیلا قاسم كه بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، ههر لە شاری خانەقینەوە تا زانکۆی بەغدا و تا دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا، وەک وانەیەکی خۆنهويستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانیياندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم یادە بهئازارهدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ كهسوكارى سهربهرزيان دهنێرين.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2026/5/12
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.