بروكسل – کۆمسیۆنی ئەوروپا بە نیازە بە فەرمی بانگهێشتی بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبان بکات بۆ بروكسلی پایتەختی بەلجیکا، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "فرانس پرێس" کە لە زاری بەرپرسانی کۆمسیۆنی ئەوروپاوە گواستوویەتییەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپادایە بۆ ڕێکخستنەوەی پرسی کۆچبەران و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ناردنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی کە داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە.
ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوید ڕێکدەخرێت، دوای ئەوە دێت کە پێشتر شاندە ئەوروپییەکان دوو سەردانی مەیدانییان بۆ ئەفغانستان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی هەمان پرس لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کابول.
وتەبێژێک بە ناوی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا بەرپرسانی ئەوروپی سەرقاڵی کارکردنن بۆ "ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی بەدواداچوون لەسەر ئاستی تەکنیکی لە بروكسل، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمری واقع لە ئەفغانستان (تاڵیبان)".
ئەم هەنگاوەی کۆمسیۆنی ئەوروپا وەک وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی دەبینرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا بە فەرمی دانیان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران و پرسە ئەمنییەکان، پەنا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەبەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.