Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 20:55

خانمە هونەرمەند کیژان ئیبراهیم خەیات

کوردستان TV
100%

دەنگێکى ئارام بەخش و هونەرێکى ئەکادیمى...!

_ خەون و ئارەزوومە سروودى (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم) بەشێوەیەکى ئۆرکێسترالیی دووبارە بکەمەوە.

لەنێو دنیاى ئاواز و چڕینى لاوک و مەقام و گۆرانى و سترانى کوردیدا، کۆمەڵێک خانمە هونەرمەند لەبارودۆخێکى دژوارى کۆمەڵایەتى و کەمدەرامەتى دەستگیرۆیی هونەریی دا، ئەو خاتوونانە بوێرانە و ڕچەشکێنانە بەوپەڕیی خەمخۆرییەوە هاتوونەتە گۆڕەپانى هونەر و تێکۆشاون و خزمەتیان بەهونەرى نەتەوەکەیان کردووە و دەیان لاوک و ستران و گۆرانییان لەفەوتان ڕزگارکردووە، خۆشبەختانە ئەوچرا ڕۆشنەى هونەرى موزیک و ئاوازى خانمانى کورد ڕۆژ بەڕۆژ  باڵاتر و ڕۆشنتر بووە، یەکێک لەو دەنگە خۆش و مەخمەڵى و پڕسۆز و ئارام بەخشە بەڕۆحى گوێگر، خانمە هونەرمەندێکە لەدەستپێکى کارى هونەرییەوە زۆر دڵسۆزانە و بوێرانە هاتۆتە بوارى چڕینى مەقام و گۆرانى و سروود، ئەویش خاتوونێکى هێمن و سەنگین و سەلارى ناو بنەماڵەیەکى هونەریە مێژووییەکى درەوشاوەیان هەیە و هەمیشە جێی شانازین .

 

کیژان و گوڵە گەشاوەکەى بنەماڵەى ئیبراهیم خەیات..!

 

خۆش بەختانە لەنێو کۆمەڵى کوردەواریدا، چەند بنەماڵەیەک لەوپەڕى دڵسۆزییەوە خزمەتیان بەهونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى کردووە  بنەماڵەکان هەمیشە جێی شانازین ( کامکارەکان ، عەندەلیبییەکان، ئەنوەر قەرەداخى ، خالید سەرکار، محەمەدى ماملێ ،نامدارقەرەداخى و ئیبراهیمى خەیات و ....تاد) 

کیژان ئیبراهیم محەمەد مستەفا ، یەکێکە لە کیژە شۆخ و شەنگەکانى ناو بنەماڵە پڕبەخششە هونەرییەکەى هونەرمەند (ئیبراهیمى خەیات)،

لەساڵى (1985) لەگەڕەکى (سەرکارێز) ى شارى سلێمانى پەروەردگارى مەزن کچێکى جوان دەبەخشێتە ( ئیبراهیم محەمەد مستەفا) و خاتوو (نەسرین عومەر ئیسماعیل)، ئەو دوو مرۆڤە جوان و ڕۆشنبیرە (دایک و باوک) لەخۆشەویستى دەنگ و هونەریی بلیمەتى نەمر (حەسەن زیرەک 29/11/1921_ 26/6/1972) ناوى کۆرپە شیرینەکەیان بەنێوى یەکێک لەشاکارەکانى حەسەن زیرەکەوە (کیژان دەچنە مێرگوڵان) ناودەنێن (کیژان) .

کیژان لەسەرەتاى تەمەنییەوە وەک گوڵێکى ڕازاوە و شۆخ و شەنگى نێو گوڵزارى ئاواز و گۆرانییەوە بەچەپکە گوڵێکى بۆنخۆشەوە هاتۆتە نێو دنیا جوان و ڕێگا پیرۆزەکەى هونەر.

دواى ماوەیەک هونەرمەندى گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و سروود بێژ (ئیبراهیم محەمەد مستەفا، ناسراو بەئیبراهیمى خەیات 1931_ 3/5/2005) ماڵەکەیان لەگەڕەکى سەرکارێزەوە دەگوازنەوە بۆ گەڕەکى (سەرچنار)، بۆ وەرزى خوێندنى ساڵى (1991_1992) کیژانى تەمەن (6) بەهار لەقوتابخانەى (بۆتان) ى سەرەتایی دەخرێتە بەرخوێندن، پاشان لە ناوەندى (مەشخەڵان) قۆناغى ناوەندى تەواودەکات، بەهۆى ئەو دنیا جوانەى هونەر بەگشتى و هەمیشە گوێبیستى دەنگ و ئاواز و سۆڵۆى کەمان و هۆنراوەى بەرزى شاعیران بووە،ئەو کەشە جوانە لێورێژە لەهونەر، ڕێگاى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى، بەشى موزیک  لەبەردەمیدا ڕۆشن و کراوە بووە، بەو عەشق و خۆشەویستییە بۆ هونەر مەبەستى بووە بەشێوەیەکى ئەکادیمى حوێندنى موزیک تەواوبکات، کیژان لەساڵى (2007 بۆ 2008) بڕوانامەى (دبلۆم) بەدەست دێنێ و دەبێت بەمامۆستاى موزیک لەیەکێک لەقوتابخانەکانى سەرەتایی لە( ئەڵڵایی) و دواتر لەباخچەى ساوایانى سەرچنار، جگە لەو ئەرکە پیرۆزەى وەک مامۆستا لەسەرشانى بووە، لەباخچەى (چرۆى) تایبەت وەک مامۆستایەکى دڵسۆزو خەمخۆر بۆ منداڵانى نەتەوەکەى خزمەتى کردووە.

دواى کردنەوەى کۆلێجی هونەر بەشی موزیک لەزانکۆى سلێمانى، مۆڵەتى خوێندنى پێ دەبەخشرێت و بەردەوام دەبێت لەخوێندن، لەساڵى (2015)  بڕوانامەى ( بەکالۆریۆس) لە کۆلێجی هونەرەجوانەکان بەشی بەجێهێنانى موزیک بەدەست هێناوە، پاشان خاتوو کیژان بووە بە مامۆستاى موزیک لە قوتابخانەی (کاشما).

لەناو بنەماڵە کوردپەروەر و هونەرمەند و هونەر خۆشەویستەکەیدا، جیا لەچریکەو سۆز و ئاواز و دەنگى خۆشیی باوکى، شانۆ و نواندن لەدراماى کوردى، سۆلۆى ڤیۆلۆن و ئاواز و ئامادەکردن و دابەشکردنى موزیک و  دانانى تێکستى گۆرانى و ئاواز ( ژیان خان و کاک گۆران ، کاک جیهان و کاک سۆران) کیژان لەو ژینگە جوان و ئارامەدا گەشەى کرد و هەنگاوى بۆ ڕێچکەو ڕێگاى هونەر هەڵگرتووە، بەمەبەستى زیاتر ئاشنابوون بە کەسایەتى و دەنگ و هونەریی خاتوو کیژان ئیبراهیم خەیات، لەڕێی ماسنجەرەوە پێوەندیم پێوەکرد لەڕێی چەند پرسیارێکەوە بەحورمەتەوە چوومە حزوورى، بەڕێزییان بەوپەڕى میهرەبانى و عەشقێکى زۆرى بۆ هونەرى نەتەوەکەى وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە.

 

پرسیار : هیچ گومانى تێدانییە بەڕێزتان زادەى خانەوادەیەکى لێوان لێو لەهونەر و هونەرخۆشەویست بوون ، ئایا لەقۆناغى سەرەتایی جیا لەکاریگەرى ڕەوانشادى باوکى ئازیزتان، لەقوتابخانە کاریگەرى مامۆستاى هونەرتان لەسەر بووە؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم هیچ وشەیەک نییە ببێتە بارەتەقاى پیرۆزى و جوانییەکانى باوکم و دایکم، هەرلەتەمەنى منداڵیمەوە باوکم دەستى گرتم و هێنامییە ناو بوارى هونەرى گۆرانییەوە، ژینگەى ماڵەوە و براکانم هەموویان زۆر هاوکار و پشتیوانم بوون، دەربارەى پرسیارەکەتان:

لە  قۆناغى سەرەتایی مامۆستای هونەرم مامۆستای شێوەکار بوو، جارێکیان بە ڕاستەیەکی یەک مەترى درێژ کە هێڵی پێ ئەکێشا لێی دام لەبەر ئەوەی (چاودێر _ موڕاقیب) ى پۆل ناوی قوتابییە هارەکانى لەسەر تەختە ڕەشەکە نووسیبوو، یەکێک لە ناوە هارەکان من بووم، ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ کچەکەی تەنیشتم قسەم کردبوو، بەڵام لە قۆناغى ناوەندی مامۆستایەکم هەبوو مامۆستای وانەى عەرەبی و ئاین بوو خاتوونێک بوو جارێک دوو نمرەی پێدام، کە زۆر دڵی خۆشکردم، بەڵام بەداخەوە زۆربەی مامۆستاکان هاندەری هونەر نەبوون، تەنها نمرەی بەرز و خوێندنی وانەکانی تر گرنگ بوو لایان، کە من لەو تەلەبە زیرەکانە نەبووم.

  

پرسیار: لەقۆناغى سەرەتایی و ناوەندى، هیچ چالاکى و بەشدارییەکى کارى هونەریی تان هەبووە؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات: بێگومان لە بۆنەکانی نەورۆز و جەژنەکان گۆرانیم ئەوت، یاخود شانۆگەریمان ئەکرد و ڕۆڵم ئەبینی، زۆر جار خۆشم چیرۆکەکانم ئەنووسی و ڕۆلەکانم دابەش ئەکرد بەسەر هاوڕێکانمدا، لەم قۆناغەدا ناوەندى باوکم زۆر هانى دەدام کە گۆرانى بڵێم و بەشدارى چالاکییە هونەرییەکان بم.

 

پرسیار: دەرچووى کۆلیژى هونەرى زانکۆى سلێمانین، لە چ بەشێک دا خوێندنت و بڕوانامەت بەدەست هێنا؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات: ماوەى (5) ساڵ لەپەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى بووم ، چوارساڵ (دەنگ)م خوێند و یەکەم ساڵیش (پیانۆ)، مامۆستایەکى ژاپۆنى  مامۆستا (کۆمیکۆ کۆمورا) فێرى گۆرانى  کلاسیکى کردم و ئەو ماوەیە خوێندوومە (1)، دەرچووى کۆلێجی هونەر بەشی موزیک پێرفۆرمانس،  خوێندکاری گۆرانی کلاسیکی و ئۆپێرا بووم، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد چێژ لە ئۆپێرا وەرناگرێت زۆر کارم لەسەر نەکرد لەدوای خوێندن، لە هەندێک لە بەرهەمەکانمدا دەنگی ئۆپێرایی بەکار ئەهێنم وەک باگراوند یان هارمۆنی.

 

پرسیار:  یەکەم کەسێک ئەو بەهرە هونەرییەى لەبەڕێزتاندا دۆزییەوە و هانى دایت و پشتیوانى لێکردیت بۆ کارى هونەریی و گۆرانى بخوێنى ؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  یەکەم کەس باوکم بوو پێی خۆش بوو گۆرانی بڵیم ، هەروەها لە هەرشوێنێک داوای گۆرانیان لە باوکم بکردایە ئەیوت با کیژان بیڵێت ئەو دەنگی خۆشە، منی بە خەڵک ئەناساند، ئیتر ئەوە وای لە من کرد بڕوام بە خۆم بێت وهەست بکەم دەنگم خۆشە و گۆرانی بڵێم.

 

پرسیار: هیچ گومان نییە لەپشتیوانى و دەستگیرۆیی و هاندانى باوکى ئازیزتان و تەواوى خانەوادە هونەرییەکەتان نییە، کاتێک خۆت لەو ژینگە هونەرییەدا پەروەردەبوون، چ هەستێکت هەبوو بۆ هەنگاو نان بۆناو دنیاى هونەر؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  نازانم ئەو هەستە چۆن وەسف بکەم..!

ئەو هەستە پاڵنەرێکە بەبێ ئەوەی پلانی بۆ داڕێژیت کاتێک ئەزانیت لەناو دنیایەکی تردایت، ڕاستە هاندانێکی زۆرم هەبوو لە لایەن باوکم و خێزانەکەمەوە، ئەوەش کە خەڵکانێک دوای ئەوەی گوێبیستی دەنگم ئەبوون، ئێستاش پشتگیری و پاڵپشتی و دەستخۆشییەکان ئەبنە پاڵنەرو هاندان بۆ هەنگاوەکانی داهاتووم، لە ئێستادا کە من لە هۆڵندا ئەژیم گۆرانی بە کوردی ئەڵێم هەندێ کەس لەدوای ئەوەی گوێبیست ئەبن پێم ئەڵێن هیچ لە تێکستەکە تێناگەین بەڵام لە قوڵی ئەو هەستە تێئەگەین کە لە ناختەوە یەت و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرمان هەیە، ئەوە دەربڕینانە بەسن بۆ ئەوەی تەواوی ژیانم بۆ هونەر تەرخان بکەم.

 

پرسیار: ئەوەندەى بزانم لەسەردەمى ڕژێمى بەعس، سەرەڕاى ئەو هەموو زوڵم و چەوساندنەوەیە،بەهۆى پێگەى کەسایەتى و هەڵوێستى کوردانەو هونەرى بەرزى (ئیبراهیم خەیات) لەکوردستان بەگشتى ، لەناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى پێشوو، ماڵى ئێوە بۆتە دیوەخانێک کە زۆر لەو هونەرمەندە سروود بێژ و گۆرانیبێژانەى ڕۆژهەڵات سەردانى بکەن ، بەڕێزتان  ئاشنان بەو مێژووە جوانەى خانەوادەکەتان؟

 

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  ماڵی باوکم هەمیشە کراوە و ئاوەڵا بووە بۆ هونەرمەندان و شۆڕشگێڕانی کورد جا هەر لایەنێک خزمەتی بە کورد و کوردستان گەیاندبێت ،  ساڵی هەشتاکان کاتێک هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات وەک هونەرمەند ناسری ڕەزازی و نەجمەدینی غوڵامی  سەردانی ماڵێ باوکم یان کردووە من لەدایک نەبووم یان چەندمانگێک بووم ، بۆیە تەنها وەک مێژوو بیستوومە و وێنەکانم لە ئەلبومی ماڵێ باوکم بینیوە و گەواهیدەرى ئەو ڕۆژانەن، شانازى دەکەم بەو مێژووە وە چونکە ئەو سەردان ودیدارانە پێگەى هونەرى باوکم بووە و هەروەها دەست و پەنجە شیرینەکەى کاکە (گۆران) ى برام بووە لەوسەردەمەى دەسەڵاتى بەعس بەدەست و پەنجەکەى موزیکى بۆئەو هونەرمەندانە ژەنیوە، بەڵام دوای ڕاپەرین و ڕووخانی حیزبی بەعس هونەرمەندان جارێکى دیکە هاتنەوە و سەردانیان کردین ئەو کاتە لە نزیکەوە ناسیومن و بەدیداریان شاد بووم.

 

پرسیار: جیا لەهونەریی گۆرانیبێژى ئایا لە ژەنینى هیچ ئامێرێکى موزیک شارەزاییتان هەیە ؟ بەئەکادیمى فێربوون یان هەست و خۆشەویستى هونەر فێرى کردن؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  جگە لە گۆرانی وتن ئامێری (پیانۆ) ئەو ئامێرەیە کە خوێندوومە و وەک هاوکارییەک بۆ گۆرانی وتن سوودم لێوەرگرتووە هەروەها ئامێرى ( کیبۆرد) یش بەکار ئەهێنم.

 

پرسیار: یەکەم گۆرانیتان خوێند و کەوتە بەردییەو گوێی هۆگرانى هونەرى ڕەسەن بەناوى ( بەسەدڵم) بووە لە (2009)، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو بەرهەمە و دەنگ و سەدایەکى زۆرى هەبوو لەناو خەڵکدا، ڕەنگدانەوەى لەلاى بەڕێزتان چى بوو ؟ وەک خۆم هەستم بەخۆشحاڵى کرد بەوەى لەناوخانەوادەى هونەرمەندى نەمر ئیبراهیم خەیات  تەلارێکى دیکەى هونەریی زیادى کرد؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  بەڵێ (بەسە دڵم)  یەکەم ڤیدیۆ کلیپی من بوو لەساڵى (2009) ، ئاواز و هۆنراوەى ( سۆران ئیبراهیم خەیات) واتە کاک سۆرانى برام، موزیکیش هونەرمەند ( هێمن حوسێن) زەحمەتى کێشا، بەڵام پێش ئەو گۆرانییە،  دەنگی من لەڕێی تایتڵى زنجیرە درامای ( جومعە) وە بڵاو بووەوە لە تیڤیەوە لەساڵى (2003) لە نووسین ودەرهێنانى  هونەرمەند (حسێن میسرى 1957_31/5/2009)  گۆرانى تایتڵەکە من و هونەرمەند ( عەباس محەمەد) خوێندمان و لەهۆنراوەى خاتوو ( کەژاڵ ئەحمەد) و ئاوازى مامۆستا و هونەرمەند( خالید سەرکار) بوو ، زۆر فیدباکم وەرگرتەوە .

هەروەها لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان هەموو ساڵەکان بەشدارى کۆنسێرتی ساڵانەم کردووە و لەکاتى  تۆمارکردنى سروودە نیشتیمانییەکان بەشداریم کردووە.

 

پرسیار: سەبارەت بە هۆنراوە و هەڵبژاردنى تێکست،  کیژان خان دواى گەڕان و هەڵسەنگاندنى تێکستەکە بڕیاردەدات میلۆدییەک بکەنە گەردەنى ، یان کەسانێک هەن هاوکارتن لەهەڵبژاردنى تێکستى شاعیرانى نەتەوەکەمان؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  ئەلبومی یەکەمم ( دڵى من) ساڵى (2012)  پێکهاتبوو لە (9) تراک،  سۆرانی برام هاوکارم بوو ئەو بەرهەمەکانی دروست ئەکرد هەندێک لە بەرهەمەکان هەر خۆی ئاواز و هۆنراوەی بۆ داناوە وەک( بەسە دڵم ، درۆ ، مەڕۆ ) وە هەندێکیان ئاوازی بۆ شیعری شاعیران دانا بوو ، یاخود ئاوازی هونەرمەندانی ترم وتۆتەوە کە وەک پاکەیجێک بە منیان داوە من تەنها وتوومەتەوە، بەڵام کاتێک گەورەتر بووم و زیاتر فێری کارەکە بووم خۆشم هەوڵمداوە شیعر هەڵبژێرم و ئاوازی بۆ دانێم،

یاخود خۆم هەم ئاواز و شیعرەکەش بنووسم ئەگەر زۆر شارەزاش نەبم لە نووسینی شیعر بەڵام هەندێ جار پێم خۆشە تەواوی بەرهەمەکە هەڵقوڵاوی ناخی من بێت بە نموونە (باوەک خۆم بم ، لەدوای تۆ ) چەند بەرهەمێکی تریشم هەیە کە جارێ بڵاو نەبوونەتەوە .

یەک بەرهەمم هەیە ئاوازەکە ئامادەیە و کاک (بژار دیلان)  دایناوە و خۆشم تێکستەکەم بۆ نووسیوە، هێشتا بڵاو نەبۆتەوە.

بەڵام من پێم خۆشە و پێم باشترە سەرەتا هۆنراوە هەڵبژێردرێت و ئاواز بە بەریدا بکرێت بە پێی مانا و ناوەڕۆک و هەڵچوونی هۆنراوەکە.

_ خانمە هونەرمەند کیژان ئیبراهیم خەیات دواى بەدەرکەوتنى دەنگە بەسۆزەکەى لەدواى دراماى جومعە و بەشداریکردنى لە چالاکییە هونەریی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بەهۆى ڕوودانى کارەساتێکى خوێناوى لەشارى کەرکوکى کوردان، لەمیوانخانەى (چوارچرا) لەشارى هەولێر ، لەڕێکەوتى ( 29/7/2008)  بەبەشدارى چەندین گەورە هونەرمەندى نەتەوەکەمان لەتەواوى کوردستان، بۆبەرزڕاگرتنى ئەو کارەساتە خوێناوییە هەریەک لەهونەرمەندان بەدەنگە بەسۆز و زوڵاڵەکانیان بەشدار و هاوخەمى ئەو کارەساتە خوێناوییەى شارى کەرکوک دەبن، کیژان ئیبراهیم خەیات بەمەقامى (لێرە ناڕۆم) لەتێکستى  هونەرمەندى پەیکەسازى بەتوانا(زیرەک میرە 21/9/1979)  و سروودى ( خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم) لەهۆنراوەى (کاکەى فەلاح 1928_9/10/1990) و ئاوازى هونەرمەند ( ئیبراهیمى خەیات) ى باوکى بەدەنگە بەسۆزەکەى پێشکەشى ئامادەبووانى ئەو مەراسیمە دەکات.

 

پرسیار: باوکى ئازیزتان  جیا لەهونەرى گۆرانیبێژى ، سروودبێژ و ئاوازدانەریش بووە، لەڕووى ئاوازەوە ئەو بەهرەیە بە کیژان گەیشتووە، ئایا تائێستا لەو بەرهەمانەى خوێندووتن هیچیان ئاوازى خۆتى تیایە؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  بەڵی پێم وایە باوکم بەبێ ئەوەی موزیکی خوێندبێت ئاوازی زۆر جوانی داناوە، منیش بە هەمان شێوە ئاوازم داناوە کە بڵاو بوونەتەوە بۆ نمونە گۆرانی ( بابە هەستە ، دایە ، باوەک خۆم بم ، لە دوای تۆ، بەڵێن ، ژن ، گومان، دووپەنجەرە، کوردینە ) زیاتر لە (60)  گۆرانی مناڵان کە لە باخچەو دایەنگەو قوتابخانەکان فێری منداڵانم کردوون.

 

پرسیار: وەک خاتوونێکى دەنگبێژ و سەلارى  بوارى هونەرى موزیک و گۆرانى، تائێستا بوویتەتە ئەندامى هیچ گرووپ و تیپێکى موزیک لە ناوەوە و دەرەوەى  وڵات؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  لە کوردستان لیدەری گرووپی کۆرسی تەوار بووم کە بە شێوەی کۆڕاڵ بەرهەممان پێشکەش ئەکرد، لە هۆڵنداش ئەدامی گرووپی (ژنانى ڕۆتەردام) م بەشی موزیک و گۆرانی بەڕێوە ئەبەم، ئەم گرووپە پێکهاتووە لە ژنانى نەتەوە جیاوازەکان  و پێکەوە کارى هونەریی ئەنجام دەدەین، بەڵام بەگشتی من ئازادانە لەگەڵ هەر گرووپێک و باندێکی موزیکی کار دەکەم کە ئارەزووم بێت یاخود لێم داوا بکرێت.

 

پرسیار:  ساڵى چەند ڕووتان کردە هەندەران ؟ لە چ وڵاتێک گیرسانەوە ؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات :  خۆم و خانەوادەکەم لە ڕێکەوتى( ۱٦ ئۆکتۆبەری ۲٠۲٠ ) لە وڵاتی هۆڵندا نیشتەجێبووین.  

 

پرسیار: غوربەت و ژیانى تاراوگە زەحمەتە بۆ مرۆڤ بەتایبەت ئەگەر هونەرمەندبێت، زۆرجار ئەو غوربەتە بۆتەلەمپەر لەبەردەم هونەرمەندان دا، بەڵام خۆشبەختانە بەڕێزتان  بوێرانە و شێلگیرانەتر هاتوونەتە مەیدان؟ دەکرێت کەمێک لەو ڕوانگەیەوە  بۆمان بدوێی.

 

 کیژان ئیبراهیم خەیات :  بێگومان هونەر لە کوردستان زۆر ئاسان ترە، لەبەر ئەوەی هاوڕێیەتی و هونەرمەندانی زۆر هەن کە ئەتوانین پێکەوە کار بکەین.

 بەڵام من لێرەش هەوڵی خۆم ئەدەم و هۆڵندییەکانیش میهرەبانن و  ڕۆحی هاوکاریان هەیە، بەڵام خەونەکانم گەورەترن لەوەی تائێستا کردوومن. هەروەها ستۆدییۆیەکی بچووکم دروست کردووە بۆ ئەوەی بتوانم لە ماڵەوە دەنگم تۆمار بکەم یاخود موزیک دروست بکەم، یەکێک لە بەرهەمەکانم  کە هەر خۆم ئاواز وموزیکەکەشم لە ماڵەوە دروست کردووە و تۆمار کردووە بەرهەمی (کوردینە) یە لە شیعری کاک (نزار ناشاد) بۆ شۆڕشی ژینا نوسیبووی.

_لەهەندەران خانمە گۆرانیبێژ و سروودبێژ کیژان ئیبراهیم بەڕۆحیەتێکى کورد پەروەر و دڵسۆز بۆ خاکى کوردستان، لەتێکۆشانى هونەریی بەردەوامە سەرەڕاى ژیانى غوربەت و ئەرکى ماڵ و بەخێوکردن منداڵەکانى،یەکێک لە شاکارە هونەرییەکان کەبەشدارى کردووە سروودى( وڵات)، لەساڵى (2024) لەگەڵ ئۆرکێستراى جیهانى پۆڵەندا تۆمارکراوە، تێکستى (سەلاحەدین دەمیرتاش) و ئاوازى هونەرمەند( دیار دێرسیم) ە، خاتوو کیژان ئیبراهیم  بەدەنگە زوڵاڵەکەى لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە سروودى وڵات یان  تۆمارکردووە:

 (ناسرى ڕەزازى ، دیار دێرسیم، هۆزان جۆمەرت، شەهریباناکوردى، کازۆ، نارین فەقێ ، ئەلەند و دەنیز دەمان ).

 

پرسیار: لەهەندەران  لەهەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان  بەشداریتان  هەیە ئەویش لەڕێی کەناڵەکان و سۆشیاڵ میدیاوە کارەکانتان دەبیندرێ،  ساڵى (2024) لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەند سروودى  ( وڵات) لەگەڵ ئۆرکێستراى جیهانى پۆڵەندا تۆماردەکەن، ئەو شاکارەش دەنگدانەوەیەکى باشیی هەبوو، دەکرێت باسى چۆنیەتى ئەو شاکارە هونەرییەمان بۆبکەیت  چۆن بەشداربوون؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات : کاتێک لە سلێمانی ئەژیام هەمیشە ڕۆحی نەتەوایەتیم بەرز بووە، بەڵام کاتێک دوورم ئەو هەستە نەتەوایەتییە سەد هێندەى ترە، هۆکارەکەش تەنها دووری نییە کە لە کوردستان ژیان ئەکەیت ململانێی سیاسی وحیزبییەکان وقەیرانە داراییەکان و کێشەی مووچە وای کردبوو دڵشکاو بین. بەڵام هەرگیز نەموتووە کورد چییە و خاک چییە و ئاڵا چییە ؟!  نەخێر لە کاتێکدا من مووچە خۆر بووم و هاوسەرەکەشم مووچە خۆر بوو زۆر جار لە قەیراندابووین، کاتێک پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەک بژێوی کارەبا،ئاو ،غاز و ڕێگاوبانی سەلامەت وەک پێویست نەبن، ئەوا نەتەوایەتی وەلا ئەنرێت.

بەڵام ئێستا کە دوورم تێڕوانینم جۆرێکی ترە و زیاتر کوردستانێکی گەورە ئەبینم نەک پارچەکردنی کوردستان، ئێستا پێم خۆشە بڵێم خەڵکی کوردستانم شاری سلێمانی، نەک بڵێم باشوریم، چونکە ئەگەر باشور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بڵێم واتە ئێمە پارچەکراوین و ڕاهاتووین بەوە، وە ئێمە زۆر بچووکین بە پارچەکراوەی لەبەرچاوی وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە پێویستە هیچ بیرێک لە بیروڕای حیزبایەتی و جیاوازی دیالێکت و شار نەکەینەوە، یەکگرتنمان هێزمان ئەداتێ بۆ خۆ سەپاندنمان لە جیهان .

بەرهەمی وڵات بەرهەمی یەکگرتنەوەی تەواوی کوردستانە کەبەشێوەیەکی پڕۆفێشناڵ موزیکی بۆ کراوە و پێشنیار کرا لەلایەن هونەرمەند دیار دەرسیمەوە کەبەشداربم ،هەروەها شیعرەکەش نووسراوە لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش کە خۆی لەسەر کوردبوون لەزینداندایە و ئەو ئۆرکێسترا بەهێزەی پۆلۆنییاش، بێگومان بە شانازییەوە بەشداربووم لەو شاکارە و زۆریش خۆشحاڵ بووم، ئەو جۆرە کارانە بەو شێوەیە کە تێچویەکی خەیاڵی ئەوێت کاری حوکمەت و سەرمایەداری گەورەن و مەحاڵە بە هونەرمەندی کورد هەڵسوڕێت، خۆزگە چەندین کاری لەو شێوەیەمان بکردایە، وە من خەون و ئارەزوومە سروودى ( خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم ) بەو وشێوە ئۆرکێسترالییە دووبارە بکەمەوە.

 

پرسیار: دەربارەى مەقام، وەک خاتوونێکى دەنگخۆش و بەتوانا و ئەکادیمیی تاچەند مەقام گرنگە و لەناو دەنگ و هونەریی خانماندا ئەو گرنگیەى هەیەو پێویستە خانمانى گۆرانیبێژ شارەزاییان هەبێت لە مەقامناسیی و شێوازى مەقام خوێندن؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات: مەقام یەکێکە لە ئارەزووکانی من وە توانای هەست و تەکنیکی دەنگبێژ لە مەقام خوێندندا دەرئەکەوێت، هەموو گۆرانیبێژێک ئەو توانایەی نییە، من بۆ خۆم ئارەزووی زۆر ئەکەم و مەقامەکانی باوکمم و مەلابێستون، ئایشەشان و  هونەمەندانی تریشم وتۆتەوە مەقامی( نەهاوەند، بەیات، حیجاز ،حیجازکار ،کورد، ڕاست، عەجەم)  و خۆشم چەند مەقامێکی تایبەت بە خۆمم هەیە  وەک مەقامی (دڵی من ، ژن ، هانا، داربەڕوو)

نەک هەر هونەرمەندی ژن، بەڵکو هونەرمەندی ژن و پیاو ئەگەر مقام بێژبن، موزیکزان بن و ڕۆشنبیربن، ئەوا لەلای من پێگە هونەرییەکەیان بەرزترە چونکە من ئەزانم هونەر هەر وا ئاسان نییە هەرچی هەستێت گۆرانی بڵیت و بەناوبانگ بێت وابزانێت ئیتر هونەرمەندە.، نەخێر! چونکە هونەر شتێکە لەناخى مرۆڤدایە.

 

پرسیار: خوێندنەوەتان بۆ ئەو خانمە گۆرانیبێژانەى سەدەى پێشوو لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە بوێرانە ڕچەشکێن بوون خۆیان گەیاندۆتە ڕادیۆکان و بەرهەمیان تۆمارکردووە ، وەک ( مریەم خان ، نەسرین شیروان، فەوزیە محەمەد، دایکى جەمال و گوڵبەهار و ئایشەشان) کارە هونەرییەکانیان تائێستا بەهاى خۆیان لەدەست نەداوە و گوێگر و هەوادارى خۆیان ماوە  لەئێستادا بارودۆخ گۆڕاوە و بوارى هاتنە ناو دنیاى هونەر گونجاوترە ، هەرچەندە کۆمەڵێک خاتوونى گۆرانیبێژمان هەیە  هەندێکیان بەرهەم و کارە هونەرییەکانیان لەماوەیەکى کەمدا کاڵ دەبنەوە؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  من زۆر ڕێزم هەیە بۆ هەر ژنێک کە لە کۆمەڵگەی کوردی خزمەتی بوارەکانی هونەر دەکات و کردووە و بە گشتی، لە ڕابردوشدا سەخت بووە  چونکە هونەر بۆ پیاوانیش جێی ڕێز نەبووە لەلایەن هەموانەوە، بۆ ژن سەد هێندە سەختر بووە، بەڵام ئەگەر ژنێک ڕێ پێنەدرابێت هونەر بکات لەماڵەوە بووە و تەواو، ڕێگرییەکانی خێزان و کۆمەڵگا و قسەی خەڵکی کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر دەروونی ژن.

ئینجا کاتێک ژن دڵی ئەشكێت بەڕاستی پارچەپارچە ئەبێت، ژن هۆرمۆنەکانی بەردەوام لە گۆڕاندایە کە کۆمەڵگەی سادە گرنگی پێ نادات، بەڕای من ئێستا ئاسانتر نییە وەک لە ڕابردوو جاران گۆرانیبێژانی ژن ئەگەر دەگمەنیش بووبێتن و سەختیان هەبووبێت ئێستا سۆشیاڵ میدیا و کۆمێنتی بریندارکەر زۆر ڕاستەوخۆن ، کۆمێنتە بریندارکەرەکان ئەگەنە هونەرمەندان بە ئاسانی، زۆر کەس بە بێگوێدانە پرەنسیپەئەخلاقییەکان ڕاستەوخۆ قسەی خۆی ئەنووسێت، بە لەکەدارکردنی ئەخلاقی ژن یان بە ناوی ئاینەوە سوکایەتی و ڕێگرییان لێ ئەکرێت، هیچ تۆمەتێک نەدۆزنەوە ئەڵێن زۆر دەنگت ناخۆشە، ئەمە لە ڕابردوودا بەو شێوە ڕاستەوخۆیە نەبووە.

زۆر جار ئەوترێت بەرهەمەکانی ڕابردوو تەمەندرێژترن، من ڕایەکی ترم هەیە

بەڕای من ئەوە بۆئەو کەسە تەمەن درێژە کە ئەو کاتە گوێبیستی بووە و لەگەڵی ژیاوە نۆستالجیای هەیە لەگەڵیدا، کاتێک گوێبیستی ئەبێت بیرەوەرییەکانی ئەیبەنەوە بۆ ئەو سەردەمە  هەر وەک بۆن و تام کە ئەتبەنەوە بۆ ڕابردوو، لەوانەیە هەمان بەرهەم بۆ گەنجێکی ئەم سەردەمە هیچ مانایەکی نەبێت.

بۆیە هەر بەرهەمێک پەیوەستە بە سەردەم و بینەری سەردەمی خۆی، ئەوەش کە ئەوترێت بەرهەمی ئەم سەردەمە تەمەن کورتە، ئەوە ناگەڕێتەوە بۆ بەرهەمەکە بەڵکو ئەگەڕێتەوە  بۆ مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە کە فێری ئەوە بوون زوو تاقەتیان بچێت هەر وەک ئەوەی کۆنترۆڵی تەلەفیزۆنەکە بە دەستیانەوەیە بەردەوام کەناڵ ئەگۆڕن بەبێ ئەوەی سەیری هیچ بکەن و لە ناوەڕۆکی بەرنامەکان بکۆڵنەوە ، یاخود سکڕۆلی تەلەفۆنەکە ئەکەن، پارچەڤیدیۆی کورت کورت تێئەپەڕێنن و حەوسەڵەی مانەوەیان نییە.

زۆر بەرهەمی جوان و پڕماناو کوالێتی بەرز دروست ئەکرێت لەم سەردەمشدا کە جێی شانازین و ئەبنە مایەی بیرەوەری بۆ گوێگرانی ئەم سەردەمە.

 

پرسیار: لەبوارى هونەرى موزیک و گۆرانیدا کێ بەمامۆستاى خۆت دەزانى و  هەروەها بەکێ قەرزدارى ؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات :  لەبواری هونەردا من قەرزاری باوک و دایک و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەمم.

قەرزاری زیرەکى هاوسەرمم کە هاوکارم بووە و چەند کلیپێکی بۆ کردووم یاخود لەگەڵم بووە لە کاتى تۆمارکردن یان  کۆنسێرت یان نمایشێکی هونەری،  بەتایبەت کە لە هۆڵنداین  زیاتر لە کوردستان یارمەتیم ئەدات.

قەرزاری هەموو مامۆستاکانم کە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان ولە زانکۆ فێری ئەلف وبێی موزیکیان کردووم.

هەموو ئەو هونەرمەندانەی بە خۆبەخش موزیکیان بۆ کردووم شەونخونیان کردووە لە تۆمارکردن و ئارێنجکردنی بەرهەمەکانم.

زۆر کەسن ئەوانەی زۆر هاوکارم بوون لە کلیپ ومۆنتاژ و موزیک خۆم بە قەرزاریان ئەزانم بەڵام ناکرێت لێرەدا ناوی هەمویان بڵێم نەوەک کەسێکم بیر بچێت و دڵگرانی بکەم.

من هەست بە خۆشەویستی دڵسۆزی هەموو ئەو کەسانە ئەکەم کە لە دەوروبەرمن و چەند هاوکارم کە هونەرەکەم پەرە پێبدەم، هەروەها پاڵپشتی و هاندانی هەوادارە ڕاستەقینەکان ئەوە زۆر گرنگ و بە نرخن بۆم.

 

پرسیار: ساڵى چەند لەگەڵ هونەرمەندە دەست و پەنجە گەوهەرەکەى بوارى پەیکەرسازى ( زیرەک میرە ) هاوسەرگیریتان کردووە؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات: ساڵی (2008) لەگەڵ (زیرەک میرە) هاوسەرگیریمان کردووە و خاوەنی دوو کیژۆڵەین بە ناوی( زین و لین).

 

پرسیار: لەنێو ئەو ژینگە هونەرییەدا، هەمیشە بۆن بەرامەى هونەرى پەیکەرتاشیی و موزیک و ئاواز و گۆرانیدا، زیرەک میرەى هونەرمەند  تاچەند هاوکار و پشتیوانتە لەکارە هونەرییەکانت  دا ؟

کیژان ئیبراهیم خەیات:  زیرەک زۆر هاوکارمە چەند  ڤیدیۆ کلیپێکی بۆ کردووم ، بەڵام من چاوەڕێی زۆرتری لێ ئەکەم وەک هاوسەرێک هەروەها بیرۆکەکانی زۆر تایبەتن بۆیە کارەکان زۆر جوانتر ئەکات کاتێک ئەو کلیپی بۆ بکات.

کاتێک پێشنیازی کارێکم بۆ ئەکرێت هەندێک جار پێی باشە ئەو کارە بکەم و هەندێ جاریش ڕەتی ئەکاتەوە بۆیە ئەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین، منیش بە هەمان شێوە هەمیشە ئەمەوێت ئەو هونەرەکەی بە باشترین شێوە بکات و تێڕوانینی خۆم هەیە بۆ کارەکانی.

 

پرسیار:  جیا لەکارى هونەریی کە دایکى دوو جگەرگۆشەیت، سەرقاڵى کارى پەروەردەو بەخێوکردنى منداڵ و ڕاپەڕاندنى کارى ناوماڵن، هاوسەرەکەتان بەهەمان شێوە لەبوارێکى دیکەى هونەردا کاردەکات ، بێگومان ئەرکێکى قورسیی خستۆتە سەرشانتان، چۆن بەرنامەى ژیانت ڕێکخستووە، تا لەهونەرە جوانەکەت دانەبڕێت ؟

 

کیژان ئیبراهیم خەیات:  کاتێک کە لە کوردستان بووین کارێکی هونەریم هەبووایە منداڵەکانم زیاتر لەلای خێزانەکەم ئەبوون دایکم و خوشك و خوشکەزاکانم زۆر یارمەتیان ئەدام لای ئەوان بەجێم ئەهێشتن،لێرەش لای باوکیانن هەروەها ئێستا گەورەبوون و لەخەم ڕەخسیوون.

بێگومان ژیانی خێزانی ئەبێتە بەربەست لەبەردەم هونەر، چونکە هونەر پێویستی بە تەواوی ئینێرجی هونەرمەند هەیە، ئەی ئەگەر مناڵ و ماڵ و هاوسەردار بیت،  ئەبێت ئەو ئینێرجییە دابەش بکرێت بۆی هاوسەنگی ڕاگیرێت ئەگینا یەکێکیان لەدەست ئەچێت یان خێزان یان هونەر..! ئەگەر دابەشیش بکرێت کەواتە نیوەی ئینێرجییەکە خراوەتە خزمەتی هونەر و نیوەکەی تری لە خزمەتی خێزان، بۆیە بەدڵنیاییەوە جیاوازی ئەبێت لە کوێ تەواوی ئینێرجی بۆ دابین بکرێت یاخود نیوەی، بۆ نموونە لەوانەیە چەندین کاتژمێر لە ژوورێک دانیشم خەریکی تۆمارکردن و موزیک بم، ئەو کات خێزانەکە باری تێک ئەچێت کە یەمە دەرەوە قاپی پیس لەسەر سنگەکەیە ، ژوور شپرزەیە مناڵ هەست بە بێ دایکی و بێزاری ئەکات یان داواکاریان هەیە، ئینجا بۆشیان نییە دەنگ بەرز بکەنەوە چونکە دەنگەکەیان یەتە ناو ڕیکۆردەکەشمەوە، ئەبێت بە ئاقڵی دانیشن ، ئەگەر لەگەڵ ئەوانیش بم بەپێچەوانەوە هونەرەکەم دوا ئەکەوێت، چەندین کارم ڕەتکردۆتەوە کە نەگونجاوە بۆ باری خێزانیمان، ئیتر ئەبێت وریابم و بزانم ئێستا سەرەی کامیانە، جگە لە تێچووی ئەو کارانەی کە ئەبێت لە قوتی خێزان بگریتەوە بۆی بەرهەمێکی هونەریی پێ دروست بکرێت ئەوەش بابەتێکی ترە.

خاتوو کیژان لەهەرکوێیەک ژیا بێت لەناوەوەو دەرەوەى وڵات ، چالاکییەکى هونەریی هەبێت و تایبەت بووبێت بە کورد و کوردستان، بە ئازادى ژن و ئافرەتى کورد، بە ئازادى و سەربەخۆیی وڵات، بەدەنگە زوڵاڵ و بەسۆزەکەیی دەنگى هەڵبڕیوە و سروود و گۆرانى بۆ چڕیوون ،  خەسڵەتێکى دیکەى ئەم خاتوونە دەنگ بەسۆزە ئەوەیە  جیا لەو گۆرانیانەى ئاوازیان بۆ دانراوە یان خۆى ئاوازى لەسەر داناون و خوێندوونى، گۆرانى هونەرمەندانى دیکەى نەتەوەکەمان ، بەتایبەت باوکى ڕەوانشادى (ئیبراهیم خەیات) ى دووپاتە کردبێـتەوە ، تائەوجێیەى دڵنیانەبووبێت کەتێدا سەرکەوتوو نابێت  نەیخوێندووە و ئەو کارەى  نەکردووە گەواهیدەرى ئەو خەسڵەتە هونەرییە ( لێ قەدەرێی ) خانمە هونەرمەند ( ئایشەشان 1938_18/12/1996)  و چەندینى دیکە بووە ، ئەگەر بە ووردى ئاماژە بەهەموو بەرهەمە هونەرییەکانى بدەین لەدەستپێکى کارى هونەرییەوە تا دەگات بەئەمڕۆ ، دەبێت چەند لاپەڕەیەکى بۆتەرخان بکەین ، بەڵام پێم باش بوو ئەو چەند گۆرانی و سروودە لەگوڵزارە جوان و ڕەنگینەکەى خاتوو کیژان بخەمە بەردییەتان،هەریەکەیان گوڵێکى جوان و ڕەنگینى نێو  ئەرشیفى هونەرى ئاواز و گۆرانى کوردین:

( بەسە دڵم ، درۆ، کەتانە، کوڵەنجە ڕێ ڕێ، بابە هەستە، تابەکەى قوربان بناڵم، بڕواناکەم، هێلانەى دڵ ، گومان، مەستى خەیاڵ، باوەک خۆم بم، تەمەن ، شکۆى کوردان، داربەڕوو، بانگى کوردستان، تاسەى دوورى، لەدواى تۆ، وێنە، بەڵێن، کوردینە، کوێوە دەچى ئەى ژەن، ترۆپکى ڕزگارى و خەڵاتى مەرگەسات ) (2).

خاتوو کیژان ئیبراهیم خەیات، هۆنراوەى  شاعیرانى گەلەکەمانى کردۆتە گۆرانى و میلۆدییەکى ناسک و هەست بزوێنی بەبەردا کردوون و بەدەنگە ئارام بەخشەکەى خوێندوونى پێشکەشى هەوادارەکانى خۆى کردووە ، شاعیرانى  وەک (شێرکۆ بێکەس، سۆران ئیبراهیم خەیات ، ساڵح بێچار ، نزار ناشاد ، ئیسماعیل محەمەد و جەعفەر ڕەشادەت و ... تاد) .

هیوادارم  خاتوو کیژان ئیبراهیم خەیات هەمیشە ئەو چرا ڕۆشنە گەشاوەیەبێت ،مەشخەڵى هونەرى مەقام و گۆرانى و سروود باڵاتر بکات، چونکە خۆیی و هاوسەر و بنەماڵەکەى هونەریان بۆ  زیاتر ناساندن و سەرخستنى

هونەرێکى ڕەسەنى نەتەوەکەیان بووە و لەوپێناوەدا وەک مۆم بۆ فەرهەنگ و کەلتوور و هونەر بەگشتى خۆیان سووتاندووە ، سڵاو و  دروود لەمێژووى هونەرى ڕەسەن و چێژبەخشتان هەرهەبن .

 

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) (29/4/2026) سلێمانى.

 

 

سەرچاوە:

(1)کیژان: جوانى گرنگ نییە بۆ هونەرمەند، هەڤپەیڤینى هاوکار نامۆ ، گۆڤارى ( هۆنیا) ژمارە (21) لاپەڕە (10).

(2) لەوێبسایتى لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە.

(3) سوپاس و پێزانینى زۆرم  بۆ خاتوونى هونەرمەند (کیژان ئیبراهیم خەیات) لەڕێی پەیوەندى تەلەفۆنییەوە و دواتر لەڕێی واتساپەوە لەڕێکەوتى (5/4/2026) وەڵامى پرسیارەکانى دامەوە ( هۆڵەندا _ سلێمانى) هەرهەبن و هیواى پڕتەندروستى و تەمەندارى  بۆدەخوازم .(ج،د).

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.