خاوه‌ن ده‌نگێكی به‌سۆزو ئارام به‌خش به‌ڕۆحی گوێگر ..!
خامه‌م له‌خزمه‌تی هونهرمهندێكدایه كه نزیكه‌ی (40) ساڵه له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ده‌نگه به‌سۆز و خۆشه‌كه‌ی خزمه‌ت به هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ، هونه‌رێك، ده‌نگێك تاقانه، نه‌له‌پێش خۆی و نه‌له‌دوای خۆی له‌و ده‌نگ و شێوازه نه‌بووه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده شیرینه خۆیی و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی و باوه‌ڕی وایه كه هونه‌رێك له‌ئاست خواست و ویستی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا نه‌بێت ههرنهكرێت.
ئه‌و شێوازی بیركردنه‌وه‌و خزمه‌تكردنه به ئاواز و گۆرانی كوردی، بۆ سه‌رخستن و مانه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ) ئه‌و ده‌نگه به‌سۆز و پڕ چێژه‌ی هیچ كات كۆن نابێت و هه‌میشه له‌هه‌ست و نه‌ستی گوێگردا به جوانی و به‌رزی ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند پێش ئه‌و شاكاره به‌رزه، هۆنراوه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید( به‌رزان عوسمان 1957_ 18/11/1982) به‌ناوی ( ئاگرێكی بێ خۆڵه‌مێش) چه‌ند گۆرانییه‌كی تری تۆماركردووه هه‌ریه‌كه‌یان له‌ئاستێكی به‌رزی هونه‌ریدان، به‌ڵام ئاگرێكی بێ خۆڵه‌مێش و محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرامی هونه‌رمه‌ند ،بوونه‌ته یه‌ك ناو و لێك جیاناكرێنهوهو بۆته پێشه‌نگ و ناسنامه بۆ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام .
له‌گه‌ڕه‌كی( ته‌په‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا ) وه بۆ ( ئه‌دنبه‌ره) به‌رده‌وامیدان به هونه‌رێكی پوخت و پاراو ڕه‌سه‌ن، به‌ده‌نگ و میلۆدی و تێكستی ناسك بۆ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی .
محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ی هونهرمهندبناسین ..!
دایك و باوكێكی سابونكهرانی شاری سلێمانی ، بۆمه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌كاركردن و دابینكردنی ژیان، ڕوو ده‌كه‌نه شاره دێرینه‌كه‌ی كه‌ركوكی كوردان و له‌گه‌ڕه‌كی ( ته‌په‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا ) نیشته جێ ده‌بن، له‌ڕێكه‌وتی ( 14/10/1952) خوای گه‌وره كوڕێكی سپیكهلهی جوانیان پێ ده‌به‌خشێت و دوای ئه‌نجامدانی سرووته ئایینیه‌كان بانگ به‌گوێی ئه‌و كۆرپه ساوایه‌دا ده‌ده‌ن و ناوی ده‌نێن( محه‌مه‌د) ، ئه‌و خانه‌واده ڕۆشنبیره به محه‌مه‌ده‌وه پێكهاتوون له ( سێ خوشك و دووبرا) له‌ناو نازو سۆز‌و میهره‌بانی دایك وباوك و برا و خوشكه‌كانی په‌روه‌رده‌و گه‌وره ده‌بێت،
لهتهپهی مه‌لا عه‌بدوڵڵا له‌دایكبووه، به‌ڵام له‌گه‌ڕه‌كی ئازادی گه‌شه‌ی كردووه‌و گه‌وره بووه، هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( ڕۆڵه‌ی گه‌ڕه‌كی ئازادی كه‌ركوكم، لهتهپهی مه‌لا عه‌بدوڵڵا له‌دایكبووم ، له‌گه‌ڕه‌كی ئازادی گه‌وره‌بووم ، دایك و باوكم هه‌ردووكیان سابونكهرانین و خه‌ڵكی سلێمانین، من و خوشكه‌كانم و نووسه‌ر و شاعیر و ڕه‌خنه‌گر مامۆستا( حه‌سه‌ن جاف) ی برام له‌شاری كه‌ركوك له‌دایكبووین ، كوردستانیش بۆ من هه‌رچوارپارچه‌كه هه‌ر كه‌ركوك و سلێمانی یه و هه‌مووی كوردستانه و مه‌زرای خۆشه‌ویستی منه) (1)
كاتێك محه‌مه‌د ته‌مه‌نی ده‌گاته چوار ساڵان واته ساڵی (1956) له‌سۆز و ئامێزی میهره‌بانانه‌ی باوك بێ به‌ش ده‌بێت، باوكی كۆچی دوایی ده‌كات.
له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌و محه‌مه‌دی منداڵ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یدا هه‌ست به جوڵه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌ری و خوێندنی گۆرانی ده‌كرێت،له‌و ته‌مه‌نه‌وه عاشقی هونه‌ر، گۆرانی و وێنه‌گرتن ده‌بێت، خولیا‌و عاشقی مۆسیقا و گۆرانی ده‌نگه نه‌مره‌كان بووه وه‌ك ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، عه‌لی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ك،مه‌لا كه‌ریم، سه‌لاح داوده و مه‌زهه‌ری خالقی ) و ئه‌و گۆرانیانه‌ی كهلهڕادیۆی كوردی به‌غدا و كرماشان و قه‌سری شیرینه‌وه بڵاو كراونه‌ته‌وه به‌و هه‌سته هونهرییهوە گەشە دەکات و گه‌وره ده‌بێت ، ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌بنه هه‌وێنی چرۆکردن وپته‌وبوونی ئه‌و هه‌سته هونه‌رییه له‌ناخی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام دا.
وه‌ك منداڵه هاوڕێی كانی له‌گه‌ڕه‌كی ئازادی له‌ساڵی ( 1958) ده‌خرێته به‌رخوێندن، له‌پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی( ئیمام قاسم ) له‌شاری كه‌ركوك دەخوێنێ، مامۆستای هونه‌ر د‌رك به ده‌نگخۆشی ئه‌و قوتابییه‌ی خۆی ده‌كات و لێره‌وه ده‌رگاكانی هاتنه ناو دنیای هونه‌ر له‌به‌رده‌می محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ئاوهڵادهبیت، ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده، هونه‌ر و بههرهمهندناسه مامۆستا (ئه‌نوه‌ر تاهیر ) كه به ( مه‌لا ئه‌نوه‌ر 1941 _14/1/1996 كۆیه) ناسراوه، چونكه خۆی مامۆستای هونه‌ر بووه، ژه‌نیاری ئامێره‌كانی قانوون، كه‌مانچه‌و عودوئۆكۆردیۆن بووه، ئه‌و به‌هره و توانای چڕینی گۆرانی له محه‌مه‌د دا به‌دی كردووه، زیاتر هانی داوه‌و جگه له هاندان بۆ به‌رده‌وامیدان به‌گۆرانی و سروود خوێندن،ئامێری ئۆكۆردیۆنیشی پێداوه تاله‌سه‌ری پرۆڤه بكات و فێرببێت، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام سه‌باره‌ت به‌گه‌وره‌یی و سۆز و په‌روه‌رده‌كردنی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر تاهیر) ه‌وه ده‌ڵێت: ( ئه‌و مامۆستایه نه‌ك ئه‌ركی به‌سه‌ر منه‌وه هه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌ركی به‌سه‌ر زۆر هونه‌رمه‌نده‌وه هه‌یه، ئێمه‌ش پێی ئه‌ڵێین( باوه گه‌وره) ئه‌ویش مامۆستا( ئه‌نوه‌ر تاهیر) كه گۆرانیبیژ بوو ژه‌نیاریش بوو، زۆربه‌ی ئامێره‌كانی مۆسیقای ده‌زانی بیژه‌نێت، ئێمه‌ی به‌قوتابی خۆی نه‌ده‌زانی، به‌ڵكو بهئهولادی خۆی ده‌زانی، له‌وێوه ده‌ستم پێكرد ئه‌ویش زۆر هانی دام، بۆ هه‌موو شتێ بانگی ده‌كردم و ده‌یووت حه‌مه گیان ئه‌وه بكه، ئه‌وه بڵێ، ئۆكۆردیۆنێكی دامێ وتی بائهوهت لابێ و ته‌مرینی له‌سه‌ر بكه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا فێری ( دۆ ، ڕێ ، می ، فا ، سۆڵ.....تاد ) كردم ، كاتێك كه چوومه هونه‌ره جوانه‌كان، من ده‌نگه‌كانم ئه‌زانی، كه تاقیكردنه‌وه‌كه‌م ئه‌نجامدا، ده‌مزانی چۆن گۆرانی بڵیم ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستا ئهنوهرتاهیر هه‌موو شتێكی فێركردبووم،من هه‌مووی به هی مامۆستا ئهنوهرتاهیر ده‌زانم، ئه‌و مامۆستائازیزه، دنیای منه ، باوكمه ، برامه ، زۆر مرۆڤێكی عاتیفی بوو، زۆر دڵسۆزبوو، كوردێكی زۆر پاك بوو ) (2)
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام،به‌رله‌وه‌ی هونه‌ری گۆرانی خوێندن هه‌ڵبژێرێت، زۆر حه‌زو خولیای لهكامێرهی فۆتۆگراف بووه ، له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه منداڵییه‌دا تاكه منداڵی گه‌ڕه‌كی ئازادی بووه كه كامێرای له‌جۆری ( كۆداك) هه‌بووه‌و ئاره‌زووی وێنه‌گرتنی هه‌بووه، هونه‌ری گۆرانی گوتن زاڵ بووه به‌سه‌ریدا،چونكه مۆسیقا‌و گۆرانی خۆشویستووه‌و له خوێنیدابووه، به‌ڵام له‌پاڵ كاره هونه‌رییه‌كانی خولیای وێنه‌گرتن و كامێراشی فه‌رامۆش نه‌كردووه، به‌ده‌یان وێنه كه‌ئه‌مڕۆ له‌ئه‌رشیفی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بوونیان هه‌یه زۆرینه‌ی به‌ده‌ست و په‌نجه‌و كامێرای هونه‌رمه‌ند گیراوون.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام، ئه‌وه‌نده عاشقی گۆرانی و ئاوازی كوردی ده‌بێت، شه‌و و ڕۆژ له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێـت ڕۆژێك بێت و ببێت به‌گۆرانیبێژ، ئه‌وهه‌سته به‌رزه ده‌بێته هۆكار كاتێك قوتابیی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییه، ساڵی ( 1964) یه‌كه‌م ئاوازی گۆرانی خۆی به‌ناوی (سوره گوڵ) داده‌نێت، له‌ناو هاوڕێكانی قوتابخانه‌و گهڕهكداههمیشه پێیان ووتووه ده‌نگت خۆشه‌و به‌رده‌وام به، به‌ڵام ڕۆژێك كه‌س پێی نه‌وتووه كامێراكه‌ی ده‌ستت و وێنه‌كانت جوانن، ئه‌وه هۆكاربووه هه‌نگاو زیاتر به‌ره‌و گۆرانی هه‌ڵگرێت به‌ڵام هیچ كات كامێراشی فه‌رامۆش نه‌كردووه، دایكشی كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام زۆر حه‌زی له‌گۆرانی و مۆسیقا‌و هۆنراوه بووه، به‌رده‌وام جیا له‌سۆزی دایكانه هه‌میشه هانی داوه كه كوڕه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و ده‌نگی كوڕه شیرینه‌كه‌ی له‌لا خۆش بووه، ساڵی (1972) ساڵێكی ناخۆش و ساڵیكی پڕ ئازار ده‌بێت لە ژیانی هونه‌رمه‌ند، دایكه ئازیزه‌كه‌ی له‌و ساڵه‌دا له‌شاری به‌غدا بۆ هه‌میشه به‌جێی دێڵێ و كۆچی دوایی ده‌كات ، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند، له‌و ساڵه‌دا به‌فه‌رمانبه‌ر له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا له‌گه‌ڕه‌كی ( صاڵحیه) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داده‌مه‌زرێت،
هونه‌رمه‌ند خولیا‌و ئاره‌زووی گۆرانی و موزیك بووه، هه‌رله‌و ساڵه‌دا (1972) وه‌ك گۆرانیبێژ خۆی ده‌ناسێنێ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌نگه‌وه له ڕادیۆ تاقی ده‌كرێته‌وه، له‌لایه‌ن ئه‌م مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه ( نازم نه‌عیم، ڕۆحی الخماش، عه‌لی مه‌ردان، حسێن قدوری، غانم حه‌داد و فوئاد محه‌مه‌د ئه‌مین) هه‌رچه‌نده ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه هه‌روا ئاسان نه‌بووه، دوای زه‌حمه‌ت و خوێندنه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییانه بۆ ده‌نگ و توانای چڕینی گۆرانی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه وه به (ده‌ره‌جه‌ی فه‌خری) به‌گۆرانیبێژی فه‌رمی ڕادیۆ وه‌رده‌گیرێ. سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژه‌ی كه‌له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنه‌یه‌وه ده‌نگی تاقیی ده‌كرێته‌وه هونه‌رمه‌ند ئه‌و ساته‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و دەڵێت (مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی به‌سته‌و مه‌قامات عه‌لی مه‌ردان، ته‌نها له‌ڕێی ده‌نگه‌وه بیستبووم، له‌نزیكه‌وه نه‌مده‌ناسیی، كاتێك چوومه به‌رده‌م لیژنه‌كه‌و ئه‌و هه‌موو مامۆستایه دانیشتوون، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه سه‌رسپی یه‌ك بوو، وتی كوڕم چیت ئاماده‌كردووه، منیش وتم: گۆرانی، وتی باشه بیڵێ، منیش گۆرانیه‌كه‌م خوێند، پرسی لێم وتی هۆنراوه‌كه هی كێیه ؟ وتم هی خۆم و برادهرێكمه، وتی شیعریش ئه‌ڵێ، وتم به‌ڵی، دواتر پرسیی ئه‌ی گۆرانی تر چی ده‌زانی، منیش وتم دوو گۆرانیم ئاماده‌كردووه بۆتان بڵیم، هه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیه سه‌رسپییه وتی ناوی گۆرانییه‌كان چین؟
وتم ( كۆڵان به‌كۆڵان و كراس كوده‌ری ئاوریشم )، دیسانه‌وه پێی وتم ئه‌زانی ئه‌و گۆرانیانه هی كێن ؟ وتم هی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه ، وتی باشه ، منیش سه‌ره‌تا (كراس كوده‌ری ئاوریشمم خوێند‌و دواتر كۆڵان به‌كۆڵان) هه‌ركه ته‌واو بووم ئه‌و پیاوه سه‌رسپیه هه‌ستا و هات بۆلام و باوه‌شی پیاداكردم و ئه‌ملاو ئه‌ولای ماچ كردم و پێی وتم هه‌ربژیت، ئافه‌رین، چاكت خوێند و ده‌نگت خۆشه، وه‌رگیرایت، منیش عه‌لی مه‌ردانم) (3) .
له‌و كاته‌وه پێوه‌ندی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان زۆر خۆش و پته‌و ده‌بێت و هه‌میشه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان وه‌ك كوڕی خۆی لێی ڕوانیوه، بڕیاری له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی داوه.
هونەرمەند محەمەد عەباس بارام دەربارەى مامۆستا و هونەرمەند( عەلى مەردان) دەڵێت : (مامۆستا عەلی مەردان گەورەی منە، ئەو سۆزی باوکی بە من دا، لە چاوەکانیەوە هەستم پێی دەکرد کە زۆری خۆشدەوێم، منیش زوو زوو دەچووم بۆ لای و سەردانم دەکرد،
مامۆستا عەلی مەردان هەرگیز بەمنی نەوتووە محەمەد، یان حەمە، ئەو هەمیشە دەیوت (حەمە گیان) کاتێک مامۆستا عەلى مەردان نەخۆش بوو، پێی وتم : حەمە گیان شیعرێکم هەیە هەر بۆم تەواو ناکرێت، بەشکم تۆ هەوڵ بدەیت بۆم تەواو بکەیت، من نەخۆشم و ناتوانم، سەربەندی شیعرەکە (بەسبێ بەس) بوو، مامۆستا چوار دێڕی نووسیبوو، ئیتر من ئەو شیعرەم بۆ تەواو کرد و ئەو شیعرەش ئامانەتە لەلای من.
هه‌ر له‌ساڵی(1972) بۆمه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن ڕووده‌كاته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له‌به‌غدا ، له‌به‌شی مۆسیقا‌و گۆرانی( پیانۆ ، ئۆپێرا، كۆراڵ)وه‌رده‌گیرێت، ماوه‌ی پێنج ساڵ خوێندن دواتر ده‌بێته مامۆستای هونه‌رو مۆسیقا .
كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ...
1/ له‌ڕێكه‌وتی( 15/11/1973 ) گۆرانی (هه‌رمن ڕه‌نجه‌ڕۆم) له‌هۆنراوه‌ی شاعیری خوالێخۆشبوو (ئه‌حمه‌د حه‌مه ئه‌مین ئیسماعیل ) ناسراو به (ئه‌حمه‌د ڕێبوار) له‌ئاواز و وتنی هونهرمهندمحهمهد عه‌باس به‌هرام و ئامادەو دابەشکردنى موزیک ( نازم نەعیم) بووە.
2/ له‌ڕێكه‌وتی (27/4/1974) گۆرانی ( سوره گوڵ) هۆنراوه‌ی (حه‌سه‌ن سه‌لیم جاف و محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام)له ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام .
3/ له‌ڕێكه‌وتی(27/5/1974) گۆرانی (نیگای ئاوات) له‌هۆنراوه‌ی خوالێخۆشبوو( محه‌مه‌د عه‌لی موكری و محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام) له ئاواز و وتنی هونهرمهندمحهمهد عه‌باس به‌هرام.
4/ له‌ڕێكه‌وتی (27/6/1974) گۆرانی ( بێ وه‌فابوو) هۆنراوه‌و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام، سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت( من یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كورد بووم لهههرچوارپارچهكهی كوردستان گۆرانی به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئامێری (پیانۆ) بخوێنم ،پێشتر كه‌س به‌و شێوه‌یه نه‌یگوتووه، ژه‌نینی پیانۆ و دابه‌شكردنی هارمۆنی له‌لایه‌ن مامۆستای خۆم له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا، كه خه‌ڵكی وڵاتی (چیك) بوو به‌ناوی ( خاتوو ناتاشا تسیمبالۆڤا) مامۆستای پیانۆ بوو .
5/ له‌ڕێكه‌وتی (4/8/1974) گۆرانی ( به‌ختی من وابوو)
هۆنراوه‌و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام .
6/ له‌ڕێكه‌وتی (14/9/1974) گۆرانی ( كیژی كوردستان)
هۆنراوه‌و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام .
7/ له‌ڕێكه‌وتی ( 24/11/1974) گۆرانی ( سروشت و جوانی) له‌هۆنراوه‌ی شاعیری خوالێخۆشبوو (ئه‌حمه‌د حه‌مه ئه‌مین ئیسماعیل ) ناسراو به ( ئه‌حمه‌د ڕێبوار) له ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام.
8/ له‌ڕێكه‌وتی ( 21/3/1975) گۆرانی (سه‌یرانی كوردستان) هۆنراوه و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام، بۆیه‌كه‌م جار له هۆڵی قوتابخانه‌ی خالیدیه‌ی شاری سلێمانی له‌ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز پێشكه‌شی ئاماده‌بوانی كردووه، هونه‌رمه‌ند له‌م ئاهه‌نگه‌دا میوانی هونه‌رمه‌ند( عه‌لی جۆڵا ) بووه.
9/ له‌ڕێكه‌وتی ( 4/7/1976) گۆرانی ( یاری چاوشین) هۆنراوه‌و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام.
10/ له‌ساڵی (1976 بۆ 1977) گۆرانییه‌كی خوێندووهلهگهڵ خانمه هونه‌رمه‌ند (ئاڵا عومه‌ر) له‌شانۆگه‌ری ( پردی ئارتا) له‌ئاوازی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا 1934_14/9/2005) له‌ستۆدیۆی (تیپی مۆسیقای سلێمانی) تۆماركراوه به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن، ژه‌نیاری گیتار ( مامۆستا سالار ئه‌حمه‌د شه‌ریف) ناسراو به (سالار شه‌ریف).
11/ له‌ڕێكه‌وتی ( 30/8/1978) گۆرانی (ئاگرێكی بێ خۆڵه‌مێش) له‌هۆنراوه‌ی ( پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید به‌رزان عوسمان) ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ، هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌و تێكسته ده‌ڵێت (ئه‌م هۆنراوه جوانه، هۆنراوه‌ی شه‌هید به‌رزان عوسمانه، ئه‌و هۆنراوه‌ی دامێ و داوای لێكردم ئاوازێكی له‌سه‌ر دابنێم، منیش له‌ساڵی (1973) ئاوازم له‌سه‌ر دانا‌و له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خوێندم، دواتر به هاوكاری ده‌رهێنه‌ری به‌توانا (به‌ختیار سیامه‌نسوری) له‌ته‌له‌فزیۆن تۆمارمان كرد و ناوبانگێكی زۆری په‌یداكرد) .(4)
پرچی زەردت وەک زنجیرێک لە دەست و قاچم ئاڵاوە
نیگای چاوت وەکو تیرێک ئاوێنەی ڕووتی پێکاوە !
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منه کڵپەی یاوە
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش دڵی منه وا سوتاوە
چاوی کاڵت بەسەر زاری هێمن و مات و داماوە
بەڵام لە ژێر پەردەی بینین نازو جادوی تێیا زاوە !
هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ڕه‌وته هونه‌رییه‌كه‌یدا، لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌و، هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئازار و زه‌حمه‌ت و چه‌وساندنه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌یدا ژیاوه، وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌م نه‌ته‌وه بنده‌سته كه‌وتۆته ژێر چه‌پۆك و چه‌وساندنه‌وه‌ی داگیركه‌ره‌وه، له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه وه‌ك كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی بڕیاری ده‌ستگیركردنی ده‌درێت، هونه‌رمه‌ند ناچار ده‌بێت ڕوو بكاته ناوچه ئازادكراوه‌كان و ماوه‌یه‌ك ژیانی ئاواره‌یی له‌وڵاتی ئێران، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو وڵات به‌جێ دێڵێ و له‌وڵاتی (به‌ریتانیا) نیشته‌جێ ده‌بێت، له هه‌نده‌رانیش به‌گوڕو تینێكی زۆر و هه‌ستكردن به‌وه‌ی ئه‌ركێكی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ئه‌ستۆیه، كۆمه‌ڵێك كاری باش تۆمارده‌كات و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك به‌شداری فیستڤاڵ و بۆنه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیه‌كان ده‌كات.
له‌ساڵی ( 1986 و 1987) هونەرمەند بەشدارى دەکات له‌ئاهه‌نگی گه‌وره‌ی له‌نده‌ن، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ناسری ڕه‌زازی ، ئیسماعیلی ماملێ ، جوان حاجۆ ، شڤان و عیمادكهركوكی) ، له‌ساڵی (1986 تا 2000) ساڵانه به‌شداریكردووه له فیستڤاڵی جیهانی به‌ناوی (ئه‌دنبه‌ره فرهنج فیستڤاڵ) کردووە،
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1999) گۆرانی(توڕه‌مه‌به) ی تۆماركردووه،كه‌یه‌كێكی تره له‌شاكاره‌كانی له‌هۆنراوه‌ی (پرۆفیسۆر فه‌ره‌یدون عه‌بدول به‌رزنجی) له‌ئاواز و وتنی هونهرمهندبووه،هه‌روه‌ها چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی پێشكه‌ش بهنهتهوهكهی كردووهلههۆنراوهو ئاوازی خۆی بوون، وه‌ك گۆرانی
( كوردستان‌م...
كوردستان زۆر جوانی به‌هه‌شتی سهرجیهانی
خوایه ههرپایهدار بێ دڵی گه‌وره‌ی كوردانی
هه‌ی لێ لێ ،،هه‌ی لۆ لۆ )،
گۆرانی (ئازادی بۆ كوردستان....
تكام له‌گشت كوردانه هه‌رچی كورد له‌جیهانه
هه‌موو یه‌ك دڵ یه‌كبگرن مه‌به‌ستمان كوردستانه) ،
گۆرانی( لێم ڕه‌نجا) و، مه‌قامی ( هه‌لپه‌رسته‌كان ) له‌هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار( دڵشاد كوێستانی) بووه.
هه‌رچه‌نده گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویندارانه‌و سۆزداری بوون به‌ڵام لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی فه‌رامۆش نه‌كردووه، وه‌كاتێكیش گۆرانییه‌كی گه‌یاندۆته كۆتایی و پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌ی كردووه، هه‌ستی بهخۆشییەکى بێ وێنه كردووه له‌وباره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت( من كه گۆرانییه‌ك ته‌واو ده‌كه‌م ، واده‌زانم تازه له‌دایكبووم، چونكه ئیتر به‌موڵكی میلله‌تی ده‌زانم، ئه‌وه‌م بۆ میلله‌ته‌كه‌م و وڵاته‌كه‌م كردووه، ههرچیەكیشم كردبێت بۆ ئه‌وه نه‌بووه كه خه‌ڵك محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام بناسێت، به‌ڵكو بۆئه‌وه بووه میلله‌ته‌كه‌م و كوردستانه‌كه‌م لێم ڕازی بن ،بهپێڵووی چاوم، به‌شیعر و ئاواز خزمه‌تی بكه‌م، ئاواز و هۆنراوه‌كانم ته‌عبیر له‌ناڵه‌و ئازاری میلله‌ته‌كه‌م بكات، ئه‌گه‌ر خه‌فه‌تی دنیام هه‌بێ، به‌یه‌ك شیعر كه دای ئه‌ڕێژم، هه‌موویم له‌بیر ده‌چێته‌وه، كاتێكیش شیعره‌كه هاته كایه‌وه له‌خۆشیا له‌ناخمدا ده‌بێت به‌هه‌ڵپه‌ڕكێ و به‌زم و شایی )(5)
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1998) هۆنراوه‌یه‌كی بۆ پیاهه‌ڵدان و جوانی ئافره‌تی كورد نووسیوه به‌ناوی (به‌زم) ئاوازی له‌سه‌ر داناوه له‌گه‌ڵ تیپی ئاوازی (وون) له له‌نده‌ن به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه خوێندوویه‌تی ،
به‌زم ...
( زه‌ماوه‌ند و سه‌یرانه ، به‌زم و شادی كوردانه
كوڕگه‌ل به‌جووت هه‌ڵپه‌ڕن، خۆشیی و شادی هه‌مووانه
بهڕهشبهڵهك هه‌ڵپه‌ڕن ، به‌نه‌رمی پێ داگرن
شانتان له‌شان نه‌ترازێ، په‌نجه‌ی ده‌ستتان توند بگرن
خاتوو زین زویر مه‌كه‌ن، ده‌ستی چه‌پ تۆزێ شل كه‌ن
كه‌واو سه‌ڵته و فه‌قیانه، ده‌سرازه‌ی سه‌ر تێك مه‌ده‌ن
سه‌رچۆپی كێش ده‌ست بهرزكه، به‌هه‌ل هه‌له‌ت گوی كه‌ڕ كه ،،،،،تاد )
به‌داخه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هونه‌رمه‌ند باری ته‌ندروستی ناجیگیرهو به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نه‌وه ده‌ناڵێنێ، به‌ڵام خۆشه‌ویستی بۆ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی هه‌میشه ووره‌ی به‌رزی پێ به‌خشیوه و به‌و باره ناته‌ندروستییه‌وه هونه‌رمه‌ند چۆته وڵاتی دانیمارك به‌شداری له‌فیستڤاڵی (هیوایه‌ك بۆ ژیان) دا كردووه، دروشمی ئه‌و فیستڤاڵه بۆ یادی شه‌هیدانی كوردستان به‌گشتی و یادی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ی نه‌مر، هونه‌رمه‌ند له‌و فیستڤاڵه‌دا به‌چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌شداربووه، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی (كامه‌ران مسته‌قا، هونه‌ر حه‌مه جه‌زا، هه‌ڵبه‌ست حه‌مه ساڵه‌ح دیلان، سایه قادر و میران حه‌سه‌ن و كه‌یوان ئه‌كره‌م) سه‌باره‌ت به‌و قیستڤاڵه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت (ئه‌و شه‌وه، شه‌وێكی مێژووی بوو بۆ من، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆش ودڵپاك و دڵسۆزه‌ی كوردستان، به‌بێ جیاوازی ئه‌وه كه‌م نییه كورد بیت و هه‌موو دنیات خۆش بوێت، به‌و هه‌موو ئازاره‌وه ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی لێشت ده‌كرێت،هه‌رچه‌نده نه‌خۆش بووم و قوڕگم ته‌واو نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ستم به‌هیلاكی نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌م چێژ لێوه‌رگرت له‌وكاته‌دا وام هه‌ست ده‌كرد چوومه‌ته‌وه كوردستان، چوومه‌ته‌وه سلێمانی و به‌دیداری حه‌مه ساڵه‌ح دیلان و مه‌حموی تۆفیق شلك و ڕه‌فیق چالاك شادبوومهتهوه، دنیایه‌ك بیره‌وه‌ری شیرینی بۆ گه‌ڕاندمه‌وه)(6)
نزیكه‌ی (40) ساڵه هونه‌رمه‌ند دووره له كوردستان و شار و زێده‌كه‌ی، به‌ڵام هیچ كات هونه‌ر و نه‌ته‌وه‌كه‌ی فه‌رامۆش نه‌كردووه و به ده‌نگ و ئاواز‌و هۆنراوه‌كانی له‌دووره‌وه هه‌ست و نه‌ستی هه‌واداران و گوێگرانی ئاسووده‌و ئارام كردووه‌و جوانی پیرۆزی كوردستانی هه‌میشه له‌یاد بووه، هونه‌رمه‌ند پێمان ده‌ڵیت (بڕواتان هه‌بێت بۆ یه‌ك چركه‌ش كوردستان‌م فه‌رامۆش نه‌كردووه ، لێی دوور نهكهوتوومهتهوه،له‌خه‌ویشدا كوردستان‌م ههرلهیاده، ئه‌گه‌ر هۆنراوهیهكیشم نووسیبێت به‌ناو پیرۆزی كوردستان ته‌واوم كردووه، ئه‌گه‌ر شیعره‌كه‌ش دڵداری بووبێـت، ههربهكوردستان كۆتایم پێ هێناوه، چونكه ناوی كوردستان لهخوێنمدایه، ئه‌و میلله‌ته تاجی سه‌ری منه، من هه‌تا هیلاك بم، هه‌تا خۆم بكوژم بۆ ئه‌و میلله‌ته كه‌مه، هێشتا خۆم به‌قه‌رزار باری میلله‌ته‌كه‌ی خۆم ده‌زانم ، ئێستاش به‌رده‌وام هه‌ر بۆ به‌رزی ناوی كورد و كوردستان كارده‌كه‌م ،چونكه ده‌بێت هه‌ر هه‌موو مان دڵسۆزی خاك و نیشتمان و گه‌له‌كه‌مان بین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێك، ڕۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند ، ئه‌دیب و نووسه‌ر و سیایی بێت ئه‌گه‌ر خاكی نه‌بوو هیچ نییه، هه‌موو مان به‌و خاكه‌وه جوانین و خوای گه‌وره‌و میهره‌بان ئه‌و خاكه‌مان بۆ بپارێزێت، وه له‌كۆتایی هۆنراوه‌ی ( هاتم بۆ لات)، ده‌ڵیم .....
بۆتی باس بكه‌م چه‌ند بۆت گریاوم
هه‌موو ساتێك بۆت سووتاوم
هه‌موو ژیانم بۆت دانا
من بێم بۆ لات تۆ بێی بۆلام
به‌یه‌ك شادبین وه‌كو جاران
سه‌ربخه‌مه سهرسینهتان
زووخاوی ده‌ردم هه‌ڵڕێژم
به‌سۆزو هه‌ستی كوردستان) (7)
هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام دواى ساڵانێک دابڕان لەکوردستان، خۆشبەختانە لەسەرەتاى ساڵى (2024) بەیاوەرى (نەریمان) خانى هاوسەرى لەڕێگەى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرەوە گەیشتەوە کوردستان، لەو گەڕانەوەى بۆ زێد‌و ناو کەس و کار‌و هونەرمەندانى هاوڕێی، هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام زۆر ئاسوودە و خۆشحاڵبوو، لەشارى هەولێر و سلێمانى و کەرکوک چەند دیدار و سیمینار و بەرنامەى هونەرى بۆ ئەنجامدرا، لەودیدارانە مژدەى ئەوەى دەدا بە هەوادارانى دەنگ و هونەرەکەى کەچەند بەرهەمێکى نوێی هەیە وبریارە لەئایندەیەکى نزیکدا تۆماریان بکات، لەڕێکەوتى (24/1/2024) لەهۆڵى ڕ‌ۆشنبیرى و هونەرى هەولێر مەراسیمى ڕ‌ێزلێنانى بۆ ئەنجامدرا لەبارەتەقاىمێژووى تێکۆشان و هونەرى هونەرمەند، دواى ئەو سەردانە و گەڕانەوەى بۆ (ئەدنبەرە)، هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام لە مانگى ئایارى (2025) بەگەشتێک ڕوودەکاتە وڵاتى (ئەردەن) بەمەبەستى سەردانى ماڵى کەس و کارى هاوسەرەکەى، بەداخەوە لەبەرەبەیانى ڕۆژى (پێنج شەممە) ڕێکەوتى (15/5/2025) دڵە مەزن و ناسکەکەى بۆهەمیشە دەوەستێ و ژیانئاوایی دەکات، بەداخەوە ئەو هەواڵە کتوپڕە ناخ هەژێنە دڵ و دەروونى هەموو هونەرمەندان و هۆگرانى هونەرەکەى خەمبارکرد، جێی داخە ئەویش وەک زۆرى تر لەهونەرمەندان گۆڕغەریب بوو، لەیەکێک گۆڕستانەکانى (عەمان) ى پایتەختى وڵاتى ئەردەن دەنێژرێت، بەئوغرکردنى کەلێنێکى گەورەى لە نێو دنیای ئاواز‌و گۆرانی و مۆسیقای کوردی دا دروست کرد.
سڵاو له‌مێژووی هونه‌ری به‌رزو جوانتان هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كوردستان، خاوه‌ن ده‌نگه به‌سۆزو زوڵاڵه‌كه‌ی كورد ههرگۆرانیهكتان چڕیوه‌و له‌لای بیسه‌ر و گوێگر و هه‌وادارانت یاده‌وه‌رییه‌كی شیرینت نه‌خشاندووه، یاد و یادەوەرییەکانت هەردەم بەرزو پڕ شکۆ بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 11/5/2026 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1 و 2 و 5 و 6 و 7) دیدار ...دارا حوسێن، كورد كه‌ناڵ (8/6/2017)
(3) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ،(8/6/2021) ، سوپاس و ستایش بۆ هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی زیاتر له‌یه‌ك كاتژمێر به‌لوتفه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دامه‌وه ( هەولێر _ ئەدنبەرە) (ج.د)
(4) دیداری هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر كارمهرانی حاجی ئه‌لیاس ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام ، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات( 6/1/2019)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.