ژەنیار، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر ...!
خاوەنى ئاوازى سروودى کارگەرین جەنگاوەرین.
ئەگەر بەووردى چاوێک بگێڕین بەمێژووى ژیانى هونەرمەندان بەتایبەتى هونەرمەندانى بوارى موزیک و گۆرانى دا، زۆر هونەرمەندى بەتوانا و ماندووى ڕێگا پیرۆزەکەى هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانیى کوردى مان هەیە بەپێی توانا و سەردەمەکەى خۆى بەو پەڕى دڵسۆزییەوە تێکۆشاوە و خزمەتى بەبوارەکەى خۆى کردووە، یەکێک لەو هونەرمەندە دێرینەى نەتەوەکەمان لەبوارى ژەنینى ئامێرى موزیک و چڕینى گۆرانى و سروود و دانانى ئاواز بۆ بەرهەمە هونەرییەکانى، هونەرمەند ( سەلاح ڕەشید)ە.
بەپێویستم زانى کێوماڵێک بکەم بەنێو ژیانى هونەریی ئەو هونەرمەندەدا، کارو تێکۆشانە هونەرییەکانى ببێتە دیکۆمێنت لەخانەى ئەرشیفى هونەریی نەتەوەکەمان دا بەئەمانەتەوە بیپارێزین و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دواڕۆژى نەوەى داهاتوو.
هونەرمەند سەلاح ڕەشید کێیە؟
(سەلاح ڕەشید عیزەت عەبدوڵڵا هەمزە ئاغای بابان) لەنێوەندى هونەریدا بە ( سەلاح ڕەشید) ناسراوە ، لهخانهوادهیهكی ههژار و هونهر پەروەر لەساڵى (1942) لە(هەڵەبجە) لەدایکبووە، ئەو بنەماڵەیە لەبنەڕەتدا خەڵکى شارى سلێمانى ین، بەڵام بەهۆى باوکى یەوە( ڕەشید عیزەت) فەرمانبەرى میرى بووە، لەو ساڵەدا لەهەڵەبجە نیشتەجێ بوون، خانەوادەکەى پێکهاتووە لە (حەوت خوشک و چواربرا)، براکانى بەناوەکانى: براگەورەکەى هونەرمەندى دیارى نەتەوەکەمان ژەنیار و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ (شەوکەت ڕەشید 1930_17/4/1991 سلێمانى) و ئەنوەر، فوئاد و ئازاد).
هونەرمەند تەمەنى گەیشتۆتە (8) بەهار، ماڵیان دەگوازرێتەوە بۆ شارى سلێمانى و لەوشارەدا قۆناغى خوێندنى سەرەتایی تەواو دەکات، بەداخەوە بەهۆى بارودۆخ و سەختى ژیانەوە لەخوێندن بەردەوام نابێـت و دەکەوێتە ژێربارى کارکردن و پەیداکردنى بژێوى ژیان.
(ماڵمان گوازرایەوە بۆسلێمانی، لە خانوویەکی قوڕینەی بچکۆلەی کرێ دا نیشتەجێ بووین، ئیتر ھەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد، لەبەر ئەوەی کە باوکمان تەنها سەرچاوەی دابینکردنى مادی ئێمە بوو تەنیا ھەر ئەو بوو ئیشی ھەبوو و مەعاشی ھەبوو، ژیانمان سەخت و ناتەواو بوو، لەبەرئەوەى خێزانێکی زۆر بووین، لەبەر ئەوە من نەمتوانی خوێندن پەرە پێبدەم وازم لێ ھێنا، پەنام بردە بەر کرێکاری، ماوەی (6 بۆ 7 ) ساڵ خەریک بووم بۆ ئەوەی ئەو لاسەنەگییەی ناو خێزانەکەمان پڕ بکەمەوە(1).
سەلاح ڕەشید و ئاشنا بوونى بە ئامێرى شمشاڵ..!
جیالەوەى باوکى فەرمانبەرى میرى بووە ، بەڵام هونەردۆست و حەزو ئارەزووى بۆ شمشاڵژەنین هەبووەوشمشاڵژەن بووە، هەردەرفەتى بۆڕەخسابێت شمشاڵى بۆئارامکردنەوەى ڕۆحى و چێژبەخشین بەمنداڵەکانى شمشاڵى ژەنیوە .
هونەرمەند سەلاح ڕەشید دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمەوە و دەڵێـت ( ئێمە بە ڕەچەڵەک لە باوکمەوە پێوەندیمان بە ھونەرەوە ھەبوو، باوکم شمشاڵژەنێکی باش بوو، شمشاڵێکی زەردی جوانی ھەبوو، ھەر کاتێ خۆی زەوقی لێ بووایە بۆی ئەژەندین، ئەوە بوو بە ھۆکارێک بۆ منیش و بۆ برای گەورەم کاک شەوکەت کە حەزمان لە ھونەر کرد)(2).
لەلایەکى دیکەوە سەلاح ڕەشید زیاتر ئالوودەى موزیک و ئامێرەکانى مۆسیقا دەبێـت، بەهۆى هونەرمەند شەوکەت ڕەشیدى براگەورەیەوە بووە، لەساڵى (1948) شەوکەت ڕەشید دەبێت بەسەرباز لەڕیزەکانى سوپاى عێراقى ئەو سەردەمە و ڕهوانهی شاری كهركوكی دهكهن، پۆشاكی سهربازی دهپۆشێت و لهگۆڕهپانی مهشق كردندا پرسیار لهسهربازهكان دهكهن كێ خوێندهواری ههیه، شەوکەت ڕەشید یهكێك دهبێت لهو سهربازانه كه خوێندهواری ههیه،دوای جیاكردنهوهیان داوا دهكات ڕهوانهی تیپی ( جوق و مۆسیقای سهربازی) بكهن، لهبهر ئهوهی حهزو ئارهزووی لهمۆسیقا ههبووهو داواكهی پهسهند دهكرێت و دهبێت بهیهكێك لهئهندامانی تیپی جوق و مۆسیقای سهربازی و درێژه به مهشقكردن وفێربوونی ئامێره مۆسیقیهكانی وهك (كلارنێت، نای، سهكسیفۆن، عود، باڵهبان، تهپڵ و جومبوش) ڕۆژ بهڕۆژ توانا و بههره هونهرییهكهی هونهرمهند زیاتر دهردهكهوێت و دەبێتە ئهندامێكی چالاكی تیپهكهو بهعهشقهوه كارهكانی ئهنجام دهدات و سهركهوتن بهدهست دێنێ،تادهگاته پلهی سهرپهرشتیاری تیپی جوق و مۆسیقای سهربازی،ماوەیەکى زۆر لەوبوارەدا خزمەت دەکات تا دەبێتە ژەنیارێکى بەناوبانگ لەسەر ئاستى کوردستان، هەرکاتێکیش گەڕابێتەوە سلێمانى هاوکارو یارمەتیدەرى سەلاحى براى بووە و هانى داوە و لەزانیارییەکانى ژەنینى شمشاڵ هاوکارى کردووە، ئەوە بۆتە هۆکارێکى بەنرخ سەلاح ڕەشید هەنگاو بۆنێو دنیاى هونەر هەڵبگرێت.
لەشارى کەرکوک (تیپى مۆسیقاى بێکەس لەساڵى 1958) دادەمەزرێـت، ماوەیەک هونەرمەند شەوکەت ڕەشید بۆتە ئەندامى تیپى ناوبراو ، بۆئەو مەبەستە پەیوەندیم کرد بە هونەرمەند و وێنەگرى دێرینى شارى کەرکوک ( ڕەمەزان زامدار) دەربارەى هەردوو هونەرمەندى برا پێی ڕاگەیاندم (هونهرمهند شهوكهت ڕهشید لهساڵی (1964) هات بۆ تیپهكهمان، منیش یهكسهر كردم بهئهندام له تیپی مۆسیقای بێکەس هێشتا نەببووین بەتیپى مۆسیقاى سۆلاڤ، ناوەکەیمان نەگۆڕیبوو، دواتر کاک سەلاحى براشیی ماوەیەک هاتە کەرکوک و بووبەئەندامى تیپەکەمان وەک ژەنیارى شمشاڵ و زەڕب و گۆرانیبێژ، کەناوى تیپەکەشمان لەبێکەسەوە کرد بە سۆلاڤ ئەوە ووردەکارى زۆرى دەوێت باسى بکەم و ئێستا کاتى نییە، هەردوو هونەرمەندى برا لەتیپى مۆسیقاى سۆلاڤ یش ئەندام و هاوکارمان بوون) (3) .
هەرچەندە هونەرمەند سەلاح ڕەشید ئاماژە بەهۆکارى چوونى بۆ شارى کەرکوک دەدات و دەڵێت (لە کەرکووک تیپی سۆلاڤ ھەبوو، کاک شەوکەت لەویش ئەندام بوو، من بە ھۆی زرووفی سیاسیەوە تۆزێ دابڕام چوومە کەرکووک لەوێش بوومە ئەندامی ئەو تیپە، بەڵام لەبەر ئەوەی تیپەکە ئیھتمامی دا بە شێوازی ڕەسەنی کوردی ، حکوومەتی ئەوکاتە لە کەرکووک تەحەمولی ئەوەی نەکرد تیپەکەیان ھەڵوەشاندەوە. ئێمە ھاتینەوە سلێمانی دەستمان بە چالاکی کرد، پێش ئەوەی ھونەر و وێژەی کوردی پێک بێ ئێمە چەند برادەرێک کە بووینە ھۆی بنەمای تیپی سلێمانی، مامۆستا (ئەنوەر قەرەداخی، خالید سەرکار، مامۆستا فرەنسیس داود و حەمە حسێنی فلووت)، ئەم چەند کەسە خۆمان ئامادە کرد یاداشتێک پێشکەش بە حکوومەت بکەین و ڕێمان پێ بدا بە قانوونی ئیش بکەین، بەڵام ئیتر من ھەر لە کۆمەڵ مامەوە و تیپی سلێمانیش بوو بە قانوونی و دەستی بە کارکردن کرد، بەڵام ئیتر زروفەکە وا بوو من بەسەر نەکرامەوە بۆ ئەو تیپە، ئەبووایە منیش ئەندامێکی کارا بوومایە، ئەمە بنەمایەک بوو بۆ من کە توانیم گەشەی تێدابکەم، لە دنیای ھونەردا پێناسەی خۆم بکەم جێی خۆم بکەمەوە، ھەرلەو ساڵانە کاک شەوکەتى برام پێی وتم: تۆ دەنگت زۆر زۆر لەبارە بۆ گۆرانی وتن، حەز ئەکەم بە دەم مۆسیقاکەشەوە گۆرانی بڵێی، واتە پێویستمان پێتە، ئەوە بۆ من بەڕاستی ھاندەرێکی باش بوو ئیتر بڕیارم دا گۆرانی بڵێم، ئەو سەردەمە ئاوازدانەر کەم بوو لە شارەکە، ھەر وەکوو مۆسیقاژەنیشمان کەم بوو، گۆرانییە فولکلۆرییەکانمان ئەوتەوە، مەسەلەن لاسایی گۆرانیبێژەکانی ئەو سەردەمەمان ئەکردەوە، ئەوە بوو بە ھۆکارێک لەسەر دەنگ و ئەدای گۆرانی وتن ڕاھاتم ئەوە قۆناغی یەکمم بوو)(4).
سەلاح ڕەشید و شەوئاهەنگى ماڵان ...!
لەپەنجاکان و شەستەکانى سەدەى پێشوو لەشارى سلێمانى بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوە و شەو ئاهەنگى ماڵان ئەنجام دراوە، بەدەیان شەو ئاهەنگ سازکراوە و بەداخەوە لەبەرنەبوون یان کەمى ئامێرى تۆمارکردن ئەو شەو ئاهەنگانە تۆمارنەکراون، هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەگەڵ شەوکەت ڕەشیدى براى کەم شەو بووە لەو کۆڕو کۆبوونەوەى هونەرمەندان و یاران دا نەبن و بەدەست و پەنجەکانیان خۆشیی و شادى نەبەخشنە ئامادەبووان، هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەوبارەیەوە دەڵێت (ھەر لەو ساڵانە ئەکەوتینە ماڵان، بە بەردەوامی کاک (برایمی خەیات 1931_3/5/2005) مان لەگەڵ بوو ئەو گۆرانی ئەوت و ئێمە مۆسیقامان بۆ لێ دەدا، جارجار پشوویەکمان ئەدا بە کاک برایم من گۆرانییەکم ئەوت دواتر کاک شەوکەت ئەیووت، ئەمانە کەم تۆمار دەکران چونکە ئامێری تۆمار کردن کەم بوو، لە سلێمانی ئامێری تۆمار کردن پێیان ئەوت (گرۆندیکی TK20) لە کەم ماڵ ھەبوو، ڕەفیقێکمان ھەبوو جارجارە ئەیزانی لە کوێ دائەنیشتین ئەو ئامێرى تۆمارکردنەى ئەھێناو بەرھەمەکانى تۆمار دەکرد، بەڵام ئیتر دەس خۆمان نەئەکەوتەوە، ئەچووە بازاڕەوە و ئەچووە ماڵانەوە، کۆپی لێ ئەکرا و دەستاودەست ئەڕۆیی(5).
سەلاح ڕەشید و هونەرمەندانى ڕۆژهەڵات ...!
لەدیدارێکمدا لەگەڵ هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەڕێکەوتى ( 8/3/2019) لەچایخانەى (شەعب) زۆر بەعەشق و سەرسامییەکەوە باسى شەو ئاهەنگێکى بۆکردم دەربارەى هەردوو هونەرمەندى برا (محەمەدى ماملێ 2/6/1925_23/1/1999) و (حەسەنى ماملێ 1930_ 1984) فەرمووى : کاک محەمەدى ماملێ بۆماوەیەکى کورتى (10بۆ15) ڕۆژى هاتە شارىسلێمانى شەوێك لەم خوارەوە لە كۆڵانێكی باریك (مەبەستی خوار چایخانەی شەعب بوو واتە بەرەو ئەسحابەسپی _) لەماڵى کاک (غەریب) وەستاى چاککردنى (ڕادیۆ و تەسجیل) بوو زیاتر بە (غەریبە قەڵەو) ناودەبرا بانگهێشت كرابووین من و كاك شەوكەت ڕەشیدی برام بە ڕەحمەت بێت و مامۆستا (ولیەم یوحەننا 1934_14/9/2005) و کاک برایمى خەیاتیش، ئەو شەوە بەخزمەتیان گەیشتین، كاك حەسەنی براى کاک محەمەدى ماملێ تازە هاتبوو، وەڵڵا كۆڕ گەرم بوو بە مۆسیقا و گۆرانی تا کاتژمێر (4) ى بەرەبەیان، هەردوو برا بەدەنگە خۆشەكەیان هەموومانیان سەرسام كردبوو، ئەوەندە بەچێژ و زەوقەوە گۆرانیان ئەوت، لێمان تێك دەچوو ئەوە دەنگی كامیانە ؟!، ئەوەندە تۆنی دەنگیان لێك نزیك بوو هەندێك جار بە تێكستەكەدا جیا دەكرانەوە، بەڕاستی شەوێكی خۆش بوو هەمووی گۆرانی و مۆسیقا و خەندە بوو، كاك محەمەدی ماملێ زۆر كاك شەوكەتی برامی خۆش دەویست و چێژی لە قسەخۆشەكانی كاك شەوكەت ڕەشیدی برام وەردەگرت)
لێم پرسى ساڵى چەند بوو؟
وتى: زۆرباشم لەیاد نییە بەڵام ناوەڕاستى شەستەکان بوو!
دواتر کەوتمە پرسیارکردن دەربارەى ئەو هاتنەى هەردوو هونەرمەندى برا( محەمەدى ماملێ و حەسەنى ماملێ) (یادیان بەخێر) بۆشارى سلێمانى بەپێى بەڵگە لەمانگى (7) ى ساڵى (1964) دا بووە، واتە لەو مانگەدا ئەو ئاهەنگە لەماڵى غەریبە قەڵەو سازکراوە(6).
یەکێکى دیکە لەو هونەرمەندانەى کە مێژوویەکى جوان و پڕ بەخششى هونەریی و یادەوەریی شیرینى لەشارى سلێمانى جێهێشتووە هونەرمەند و بلیمەتى نەمر (حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972)، هونەرمەند سەلاح ڕەشید وەک ژەنیارى ئامێرى شمشاڵ لەچەند ئاهەنگێکدا ئامادەیی هەبووە و یادەوەرى خۆشیی لەگەڵدا هەیە بۆنموونە:
( ئاهەنگى دووەمى ماڵى هونەرمەند (مەحمودى تۆفیق شلک1920_13/6/2009) لەساڵى (1967) کە بەکاسێتى (9) گۆرانى ناوبانگى دەرکردووە، لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە موزیکى بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەک ژەنیوە ( ئەنوەرقەرەداخى _ کەمانچە)، ( حازم حەداد_ عود)،( نەجاتى عەبدە _شمشاڵ)، (حەسەنى حاجى قاسم ناسراو بەمام حەسەن، بەباڵەبان ؟؟؟_20/7/1973) و ( عەزۆلە ، تەپڵ 1934_17/7/1973).
ئاهەنگى دووەم لەگوندى (قازیاوا) لەماڵى (حاجى برایمى چەرمەگا 1914_24/12/1970) لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە (ولیەم یوحەننا، ئومێد مەدحەت موبارەک، مام حەسەنى نەى، عەزۆلە ) (7) .
یادەوەرییەکى سەلاح ڕەشید لەگەڵ هەردوو هونەرمەند(حەسەن زیرەک و مام حەسەنى نەى)
(ساڵی(1967) ساڵێكی زۆر خۆش و پڕ چێژی هونهری بوو، لهبهرئهوهی ئهو ساڵه هونهرمهند حهسهن زیرهك لهسلێمانی بوو، زۆربهی ڕۆژ یهكترمان دهدی و پێكهوه بووین، ڕۆژێك حهسهن زیرهك ناردی بهدوامدا، وتی ئهمشهو لهماڵێك میوانین بهڵام داخهكهم كاك شهوكهت یش ( شهوكهت ڕهشید) لێره نییه چی بكهین؟ ئهوكاته كاك شهوكهتى برام لهكهركوك بوو، هیچ چارمان نهبوو دهبێت ههربچین بۆ میواندارییهكه، من و حەسەن زیرەک چووین و منیش شمشاڵهكهم لهگهڵ خۆمدا برد، ئهو ماڵهش كهلێی میوان بووین ماڵی( كهریمی فهرهجه فهنی) بوو، كهمێك دانیشتین و كاك حهسهن زیرهك وتی كاك سهلاح من هیچ گرفتم نییه ئهگهر تهنها یهك ئامێریشم لهگهڵدا بێت گۆرانی خۆم دهڵێم ..! بهڵام پێت چۆنه بنێرین بهدوای مام حهسهنی نهی دا، منیش وتم بۆ نا باشتره بائهویش بێت، خاوهن ماڵ كهسێكی نارد بهدوایدا، ئهوهندهی پێنهچوو مام حهسهنیش بهخۆیی و باڵهبانهكهیهوه هات، حهسهن زیرهك وتی ئهوه شمشاڵ و ئهوه باڵهبان فهرموون بادهست پێبكهین، مام حهسهنی نهی وتی باشه كاك سهلاح چۆن شمشاڵ و باڵهبان بهتهنیا پێكهوه، وتم مام حهسهن من شتێك دهژهنم تۆنێكت ئهدهمێ تۆش باڵهبانهكه لهسهر تۆنهكهی من كۆك بكه، من شتێكم ژهنی، مام حهسهنی نهی زۆر وهستایانهو شارهزایانه لهمۆسیقا باڵهبانهكهی نایه سهرلێوی تۆزێك (پیك و چهڵهمهكهی) هێناو برد لهسهر سۆزی شمشاڵهكهى من، باڵهبانهكهی كۆك كرد، ئهو ههماههنگییه مۆسیقیه لهنێوانمان دا دروستبوو بهشهوق و عهشقێكی هونهرییهوه، ئێمهش بهكاك حهسهن زیرهك مان وت فهرموو ئێمه ئامادهین، لێرهدا من پرسیارم له هونهرمهند سهلاح ڕهشید كرد، ئهی بۆ گرتنی ڕهزمهكه ئیقاع، تهپڵێك تان لهگهڵدا نهبوو..؟ وتی نهخێر بهڵام ئافهرین بۆ سهرنجهكهت، ههردووكمان شمشاڵ و باڵهبانهكه ئهو بۆشاییهمان پڕكردهوه، بهڵام سەرەتا نیگهرانی بهسیمای خاوهن ماڵدا دیاربوو، وای وێناكردبوو بهو دوو ئامێره ناتوانین چێژ و خۆشییان پێ ببهخشین، دهمهو ئێواره ئێمه بهئامێرهكانمان و حهسهن زیرهكیش بهدهنگه خۆش و زوڵاڵهكهی ئهو شهوه حهشرێكمان كرد تا كاتژمێر (4) ی بهرهبهیان بهردهوام بوو، خاوهن ماڵ لهخۆشیدا زوو زوو ماچی دهكردین، ئای چ شهوێكی خۆش بوو پڕ بوو له زهوق و چێژی هونهری ههرگیز ئهوشهوانه دووباره نابنهوه و ناتوانم ئهو ڕۆژه خۆشانه فهرامۆش بكهم(8).
هونەرمەند سەلاح ڕەشید و کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى ..!
کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى ، لەناوەڕاستى ساڵى (1969) بەهەوڵ و تێکۆشان و خەمخۆریی هەندێک هونەرمەند کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى دادەمەزرێنن، لەڕێکەوتى ( 31/12/1969) لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى ئەوسەردەمەوە مۆڵەتى کارکردنیان پێدەدرێت، هەردوو هونەرمەندى برا ( شەوکەت و سەلاح ڕەشید) لەدەستەى دامەزرێنەرانى کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى بوون، ئەمان لەبەشى گۆرانی و مۆسیقا و ههڵپهڕكێ بوون، کەبریتى بوون لەم هونەرمەندانە (شهوكهت ڕهشید، نامدار قهرهداخی، سهلاح ڕهشید، عهلی حهمه ڕهزا، حهمه سهعید عهبدوڵڵا، شێركۆ عادل، هوشیار كهمال) ،گۆرانیبێژهكانی تیپی ناوبراویش بریتى بوون لە هونهرمهندان ( عوسمان عهلی، حهمهی نێرگز، سهلاح مهجید و ئیبراهیم سەعید ناسراو بە بلهی سهعه كهڕ ...تاد) .
لەدواى بهیانی (11 ی ئازارى 1970 ) بارودۆخێكی باش و کرانەوەیەک بۆ دنیای وێژە و هونهر دێته ئاراوە و چالاكی هونهری، گۆرانی و مۆسیقا و شانۆگهری له و ماوەیەداگهشه دەسەنێت،هونەرمەند سەلاح ڕەشید وەک ئەندامێکى سەرەکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ، وەک ژەنیار و دەنگخۆشێکى تیپى ناوبراو دەست دەکات بەچالاکى هونەریی و بەو بۆنەیەوە کۆمەڵێک چالاکى هونەریی ئەنجام دەدات، یەکێک لەو چالاکییە هونەرییانە لەوسەردەمەدا ئەنجامیان داوە، هونەرمەندى ژەنیار ( د.ئەلبێرت عیسا) ئاماژەى پێداوە و وێنەش وەک بەڵگە بوونى هەیە دەڵێت ( لەیادمە ئاهەنگێک لەئامادەیی سلێمانى کوڕان بەبۆنەى بەیانى (11ى ئازارى 1970) ئەنجاممان دا لەگەڵ هونەرمەندان ( شەوکەت ڕەشید) ،( سەلاح ڕەشید)، (نامدار قەرەداخى)، ( عەلى حەمە ڕەزا) و (حەمە سەعید عەبدوڵڵا 1950_8/12/2004)، بەڵام هونەرمەند سەلاح ڕەشید وەک ژەنیارى ئامێرى شمشاڵ و وەک گۆرانیبێژ بەشداربوو، دەتوانم بڵێم بۆیەکەمجارهونەرمەند(حەمە جەزا 3/2/1949_1/10/2010) هێنامانە سەرشانۆ و لەو ئاهەنگەدا گۆرانى خوێند لەگەڵماندا (9).
هونەرمەند سەلاح رەشید جیا لەوەى وەک هونەرمەندێکى ژەنیار، موزیکى بۆ هونەرمەندان (محەمەدى ماملێ، حەسەنى ماملێ، حەسەن زیرەک، مەحمودى تۆفیق شلک،( حەمەساڵەح دیلان1927_28/10/1990)، ( عەلى مەردان 1904_24/7/1981) و (تایەرتۆفیق1922 کۆیە _ 20/10/1987هەولێر ) و .. تاد ژەنیوە ، وەکو ئاوازدانەریش ئەسپى خۆى تاوداوە و چەندین ئاوازى بۆ بەرهەمە هونەرییەکانى خۆى داناوە، یەکێک لەو ئاوازانە، ئاوازى سروودێکە کە تائێستا ئاماژە بەناوى هونەرمەند سەلاح رەشید نەدراوە، سروودەکە بەناوى ( کارگەرین جەنگاوەرین) ...
(کارگەریم جەنگاوەرین ڕەنجدەرین تێکۆشەرین بۆقەڵاى سەرمایەدار، تێکدەرین، تێکدەرین ئێمە ڕۆڵەى شۆڕشین، قارەمانى هێرشین بۆ سوپاسى خوێنخوارى خوار، بڕکەرین دووابڕین)
دەربارەى ئەو ئاوازە سەلاح ڕەشید دەڵێت: (لە ساڵی (1971) سروودێکم دانا لەسەر شیعری مامۆستا(دڵزار 1920_10/4/2021) بەناوى (کارگەرین جەنگاوەرین) ئەو خۆی شاعیرێکی چینایەتییە، گەلی کورد ھەموو ئەیناسی،لە ساڵی (1974) لە بارەگای حیزبی شیوعی بە بۆنەی دامەزراندنی (حیزبی شیوعی ئێراق ) لە سلێمانی ئەو کاتە لە گەڕەکی (کانی ئاسکان) ئاھەنگێکیان گێڕا من لەوێ ئەو ئاوازەم بڵاو کردەوە، هاوڕێیەکى خۆم ئامێرێکی تۆمار کردنی ھێنا بوو ھەموو ئاھەنگەکەی بە سروودەکەی منەوە تۆمار کرد، داوام لێکرد نوسخەیەکی بۆ منیش کۆپی بکات، ئیتر دەساودەست کەوت و دەستی من نەکەوت، بەڵام لە ساڵی ھەشتاکاندا بەڕێز گۆرانیبێژی ناودار ( ناسری ڕەزازی) ئەو سروودەی تۆمار کرد و بڵاوی کردەوە لە بنەڕەتدا ئەو ئاوازە ئاوازی منە ،شیعرەکەی و ئاوازەکەی وەک خۆی وتۆتەوە و دەسکاری نەکردووە، بە ناوی خۆیەوە بڵاوی کردەوە نازانم چۆن دەست ئەو کەوتووە(10).
دەربارەى تۆمارکردنى سروودى کارگەرین جەنگاوەرین، هونەرمەند ناسرى ڕەزازى لەمانگى (7)ى ساڵى (1980) لەوسەردەمە شوومەدا دەسەڵاتى حیزبى بەعسى داگیرکەر لەلوتکەى داپڵۆسین و چەوساندنەوەى نەتەوەى کوردا بوو، تیپى مۆسیقاى منداڵانى (بێخود) بەسەرپەرشتى مامۆستا و هونەرمەند( نامدارقەرەداخى ) و چەند ئەندامێکى دیارى تیپى مۆسیقاى مەولەوى کۆمەڵە سروودێک تۆماردەکەن بەنهێنى، دواتر ئەو کاسێتە بەناوى سروودى( ئەى شەهیدان) بڵاودەبێتەوە، لەبەر ترس و ستەمى دەسەڵاتى بەعس ئەو کاسێتە سروودە دەنێرن بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ڕادیۆکانى شۆڕش لەوکاتەدابۆئەوەى بڵێن ئەو کاسێتە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان تۆمارکراوە ، لەلایەکى دیکەوە بۆئەوەى مامۆستا نامدار و ئەو هونەرمەندەدەست و پەنجە جوانە هونەرییانەى تیپى مۆسیقاى منداڵانى بێخود دووچارى گرتن و زیندانى و کوشتن نەبنەوە لەوسەردەمەدا لەسەر کەڤەرى کاسێـت ناوى شاعیر و ئاوازدانەر نەنووسراوە تا ئاماژە بەناوى ئاوازدانەرەکان بدرێـت، بەوشێوەیە سروودەکان بڵاوکرانەوە ناوى شاعیر و ئاوازدانەرەکانیش لەلاى خەڵک و هەوادارانى هونەرى سروود و گۆرانى دیار و ڕۆشن نەبێـت.
هونەرمەند سەلاح ڕەشید تۆمارکردنى گۆرانى لەتەلەفزیۆن ..!
گۆرانى ( بەهاری عومرم ) ...
بەهاری عومرم بێ بارانی بوو
وەرزی دڵداریم هەر گرانی بوو
نەمامی هیوام چرۆی هەڵوەری
گوڵێکی گەشی نەدا لەسەری.
ئەو گۆرانییە بەڕۆح و هەستى زۆرینەمان ئاشنایەوە لەیادەوەریماندا جێی خۆى گرتووە، یەکێکە لە میلۆدییە جوانانەى کە بەدەنگى هونەرمەند سەلاح ڕەشید خۆى ئاخنیوەتە نێو گوێ و یادەوەرییەکانماندا، بێگومان هەرگۆرانییەک چیرۆکێک و مێژوویەکى هەیە، هونەرمەند سەلاح ڕەشید چۆنیەتى تۆمارکردنى ئەو شاکارە هونەرییەدا دەڵێت:
( یەکەم گۆرانیم لە ساڵی (1984) دا بوو، لە تەلەڤزیۆنی کەرکوک تۆمارم کرد، ستۆدیۆیەک بە ھاوکاری حوکوومەتی ژاپۆن و فەڕەنسا دامەزرابوو، زۆر ستۆدیۆیەکی عەجیب بوو بە داخەوە ئەوە نەما، کاک شەوکەتى برام ئەوکاتە لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقییە ئیشی ئەکرد کە لەو ئیدارەیە ھەبوو، ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: کاک برایمی خەیاتیش لەگەڵ خۆت بێنە ڕەزامەندى یەکى گۆرانییەکم بۆ وەرگرتوون، پێش ئەوکاتە دیوانەکەی (حەسیب قەرەداخى 1929_9/1/1997) بە ناوی ( فەرهەنگى خەم) تازە کەوتبووە بازاڕ، ئەوەی لێم ھەڵبژارد شیعری (بەھاری عومرم) بوو، خۆم زۆر سەرسامی شیعرەکە بووم، هاوڕێی یەکترى بووین لەگەڵ شێخ حەسیب، ئاوازەکەم بۆ شێخ حەسیبى شاعیر وت،
وتم: ئەمەت پێ چۆنە؟ وتی: ھەر زۆر زۆرم بە دڵە خۆزگە زوو تۆمار بکرایە، ئەوە خۆزگەی ئەو بوو.
لەگەڵ کاک برایمى خەیات (بەڕەحمەت بێت) چووین بۆ کەرکوک، کاک شەوکەت لە شەو و ڕۆژێکدا گۆرانى(بەھاری عومرم) ئامادەو دابەشکردنى مۆسیقاکەى بۆ کرد، کاک برایمیش گۆرانییەکی هەبوو بەناوى ( ئێمە گیانێکین لە دوو جەستە دا) (ئەو گۆرانییەى هونەرمەند ئیبراهیمى خەیات بەناوى (پەیمان، گێمە گیانێکین لەدوو جەستەدا) لەهۆنراوەى (ڕەزا حەمەى شاعیر) و ئاوازى برایمى خەیات، ئامادەو دابەشکردنى مۆسیقاى گۆرانیەکە لهلایهن هونهرمهند ( گۆران ئیبیراهیم) كوڕی هونهرمهندهوه بووه) ( نووسەر).
ھەردووکمان لە ڕۆژێکدا گۆرانییەکانمان تۆمار کرد، ئیتر چ گۆرانییەکەی من چ گۆرانییەکەی کاک برایم ناوبانگێکی باشی دەرکرد لەسەر ئاستى کوردستان، خەڵک زۆرپێیان موعجیب بوون، ناوە ناوەش تەلەفزیۆنی کەرکوک لەسەر داوای خەڵک ھەر دوو ڕۆژ جارێک، سێ رۆژ جارێک پەخشی ئەکرد، من بەو گۆرانییە ناوبانگم دەرکرد)(11).
هونەرمەند لەساڵى (1993) داوا لە شێخى شاعیران (حەسیب قەرەداخى) دەکات هۆنراوەیەکى بۆ بنووسێت ئەو سێ هەستەى تێدا کۆبکرێتەوە (نیشتمانى، چینایەتى و جیهانى ) بێت، شێخ حەسیب قەرەداخى لێیى دەپرسێ بۆ چیتە؟
سەلاح ڕەشید بەڕاشکاوانە پێی دەڵێـت (چۆن من ئەندامی حیزبی شیوعیم، ئەرکی سەرشانمە ھەتا ماوم پاش چەند ساڵ سروودێک بۆ ئەو حیزبە بڵێم ئەو حیزبەش پڕە لە قوربانی دان پڕە لە جوامێری، بە قافڵە شەھیدی ھەیە پاش دوو ڕۆژ شیعرەکەی بۆم ھێنام، لەماوەى سێ ڕۆژ دا ئاوازێکم بۆی دانا، داوام لە کاک (سەرباز جەمال) کرد کەئێستا لە ( هۆڵەندا) یە مۆسیقاکەی بۆ دابەش بکات، ئەوشەوە تابەرەبەیان کاک سەرباز بەئامێرێکى( کیبۆرد) ەوەزۆر ماندوو بوو پێوەى بەشێوەیەکى زۆر جوان ئامادەو دابەشکردنى مۆسیقاکەى بۆکرد و بەو ئامێرە سایزەرە تۆمارمان کرد، مەبەستم بوو کە پێش وەخت بڵاوی بکەنەوە چەند ڕۆژ بەر لە ئاھەنگە لەڕادیۆى حیزبى شیوعى، ڕۆژی ئاھەنگەکەش پێشکەشى جەماوەرم کرد: لەسروودەکەدا دەڵێم :
( سی و یەکى ئازارە ئەمڕۆ نەوبەیانی کارگەرە
یادی حیزبی کومۆنیستی ھاوڕێ فەهد ڕابەرە)..تاد .
ئیتر کۆمەڵێک بەرھەمی ترم ھەیە ناوە ناوە دامناوە و خەڵک گوێی لێ بووە کە لە ناوەڕاستی ھەشتاکانا بوو تۆمارکران، دواتر لەگەڵ سێ لەهونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى (بابان) لەدەورم بوون وەک کاک ( کامەران مستەفا) و ( ئەکرەم قادر) بەداخەوە لەژیاندا نەماوە و کاک ( سەرباز جەمال) لەماڵەکەى خۆم (9) ئاوازم هەبوو بەهاوکارى ئەوان تۆمارم کرد لەماڵى خۆمان، بەداخەوە تۆمارکردنەکە کوالێتى باش نەبوو، چونکە بەئامێرێکى تۆمارکردنى (ئاکاى) کرا بۆئەو مەبەستە چووم ئەو ئامێرەم کڕى ، دەتوانم بڵێ زۆرم بەدڵ نەبوو لەڕووى کوالێتى تۆمارکردنەکەیەوە، لەسەرەتاى ساڵى (2012) لەستۆدیۆکەى کاک (کارزان کامیل) لەو هەل و مەرجەدا بەشێوەیەکى زۆرجوان هەر (9) گۆرانییەکەم بەهاوکارى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى و تەلەفزیۆنى گەلى کوردستان بەمۆسیقایەکى باشەوە تۆمارکردەوە و ئێستا لەبازاڕدا ئەو بەرهەمانەم بوونیان هەیە.
گۆرانى ئەگەر هاتى یەکێکە لەشاکارە ناوازەکانى هونەرمەند سەلاح ڕەشید ئەویش لەهۆنراوەى (حەسیب قەرەداخى) یە..
(ئـەگـەر هاتی دەرگـاکـانـم لـەسـەر پـشــتن یـەکـسـەر وەرە
ئـەگـەر هاتی، ســنـوری مــن بـێ دیـوارە بـێ، ســـەنــگــەرە
ئـەگـەر هاتی باخـچـەی مـاڵـم، بـەم پاییـزەیش پڕ لە گـوڵـە
ئـەگـەر هاتی، دارو درەخت هەمووی سەوزە لــق و چــڵــە ).
یەکێکى دیکە لەبەرهەمە هونەرییەکانى هونەرمەند گۆرانى (سیاچەمانە) لەهۆنراوەى مامۆستا (گۆران 1904_1962) دەربارەى جوانى و بەرزى هۆنراوە و بۆ بەومیلۆدییە تۆمارى کردووە دەڵێـت( گەشتێک بۆ هەورامان شیعرى مامۆستا گۆرانە، مامۆستا گۆران ساڵانێکى زۆر لەناوچەى هەورامان بەتایبەتى تەوێڵە و بیارە مامۆستا بووە، کاتێک ئەو شیعرە دەخوێنیتەوە واى داڕشتووە و هەست دەکەیت ئەم مامۆستا گۆرانە هەر لەهەورامان لەدایکبووە،ئەوەندە شارەزاى جوانى هەورامان، سرووست و جوانى ئافرەتى هەورامان بووە، من بەڕاستى زۆر سەرسامى ئەو شیعرەبووم، بەڕحمەت بێ کاک برایمى خەیات لەساڵى شەستەکاندا ئاوازى بۆداناوە، ئاوازێکى کوردى خۆش، دواى ئەوە خاتوو (لەیلاى فەریقى) ئاوازى بۆداناوە و تۆماریشى کردووە، جوانیشى وتووە خۆشیی وتووە بەڵام بەڕاى من ئەو ئاوازە کوردى نییە..؟! هەروەها (چۆپى فەتاح) یش تۆمارى کردووە بەشێوازێک زیاتر بەلاى مۆسیقاى میسرى دا ئەشکێتەوە، وابزانم کاک نەجمەى غوڵامیش خوێندوویەتى بەڵام من نەمبیستووە..! بیرم کردەوە وتم مامۆستا گۆران ئەمەى بۆ هەورامان نووسیوە باشە بۆ بەشێوازى هەورامى نەبێـت، من هەورامى نیم و شارەزایی ئەوتۆشم لەگۆرانى هەورامیدا نییە، سوودم لەگۆرانییەکى هونەرمەند(محەمەد ئیبراهیم عەبدول ناسراو بەحەمە قوتوو 1939_10/2/1992) وەرگرت و سەرچاوەکەم هێنا بۆ پێشەکیەکەى و دواتر کۆپلەکانى خۆم بۆ دانا، بیرم کردەوە باشە بۆ بەشێوازى هەورامى نەبێت بۆتایبەت نەبێت بەوان؟ لەبەرئەوە ئەو ئاوازەم بۆدانا و لەئەلبوومەکەى خۆمدا بەوشێوەیە بڵاومکردەوە ، وابزانم گوێگریشى هەیە بەتایبەت دەڤەرى هەڵەبجەو هەورامان زۆریان پێ خۆشە.
دواى ئەو هەموو ساڵانەخزمەتکردن بەهونەرى ئاواز و مۆسیقا و گۆرانى و سروودى کوردى ، هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەساڵى (2001) چارەنووس بەرەو وڵاتى (کەنەدا) ڕاپێچى دەکات و لەشارى ( تۆرینتۆ) دەگیرسێتەوە، هونەرمەند هەردەرفەتێکى بۆڕەخسابێت گەڕاوەتەوە نیشتمان و سەرى لەزێدەکەى داوەتەوە و بەردەوام لەنێو کۆڕو کۆبوونەوەى هاوڕێ دێرینەکانى و هونەرمەندان دا بووە، هەمیشە بە زمانە شیرینەکەى یادەوەرییە جوانەکانى ساڵانى شەست و حەفتا و هەشتاکانى سەدەى پێشوو کەلەنێو ژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریدا بەسەری بردووە وەک گوڵى مەجلیس بۆ ئامادەبووانى گێڕاوەتەوە و ئاشناى کردوون بەو یادەوەرییە شیرینانە،
هونەرمەند سەلاح ڕەشید بەهۆى هەڵکشانى تەمەن و ژیانى غوربەت و نامۆیی و نەخۆشییەوە بەداخەوە لەڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (13/3/2026) لەتەمەنى (84) ساڵیدا لەشارى تۆرینتۆ لەوڵاتى کەندا، ژیانئاوایی لە دنیاى هونەر و خانەوادەو ئازیزان و شارى سلێمانى کرد.
یاد و یادەوەریی و هونەرە جوانەکەى هەمیشە بەزیندوویی لەیادەوەریماندا دەمێنێتەوە، بەداخەوە هونەرمەند سەلاح ڕەشید وەک زۆر لەهونەرمەندانى دیکەى نەتەوەکەمان ئەویش گۆڕغەریب بوو، دڵنیام هەمیشە ئاواتى بووە لەگردەکەى سەیوانى سلێمانى بنێژرایە، یان لەتەنیشت گڵکۆى براگەورەکەى هونەرمەندى ناودار ( شەوکەت ڕەشید) لەگۆڕستانى (شێخ محێدین) ئەسپەردەى خاکى پیرۆزى کوردستان بکرێـت، گڵکۆکەت هەمیشە چراخان و ڕێبازت ڕۆشن و زیندووبێـت. جەمال عومەر (جەمالى دەلاک) 4/5/2026 سلێمانى .
سەرچاوە :
(1 و 2 و 4 و 5 و 10 و 11 )بەرنامەى (ئاوێنەى هونەر ) ئامادەو پێشکەشکردنى ( جەلال هانیسى) بەشى یەکەم ، کەناڵى ئاسمانى رۆژهەڵات (10/10/2013) لەیوتوب بڵاوکراوەتەوە.
(3) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەند و وێنەگرى دێرینى شارى کەرکوک( ڕەمەزان زامدار) رۆژى چوارشەممە (29/4/2026) ( سلێمانى _ کەرکوک) .
(6) دیدارم لەگەڵ هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەچایخانەى شەعب لەرێکەوتى (8/3/2019) (نووسەر)
(7) کتێبى ڕەهەندەکانى حەسەن زیرەک ، عادل محەمەد کەریم ، لاپەڕە ( 173 و 211).
(8) پەیوەندى تەلەفۆنیم لەگەڵ هونەرمەند سەلاح ڕەشید لەرێکەوتى (21/4/2022) ( سلێمانى _ تۆرینتۆ / کەنەدا) ( نووسەر).
(9) دیدارم لەگەڵ هونەرمەند و مامۆستا ( د.ئەلبێرت عیسا) ڕۆژى هەینى (10/4/2026) شارۆچکەى (عەنکاوە _ هەولێر) (نووسەر).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.