وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی نوێترین پێشنیازی ئەمریکادا، تاران داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرتاسەری ناوچەکە و ئازادکردنی سەرجەم داراییە بلۆککراوەکانی لە دەرەوەی وڵات کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی ئایار، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە داوای هیچ سازشێکمان نەکردووە، تەنیا شتێک کە داوامان کردووە مافە ڕەواکانی گەلی ئێران بووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە داواکارییەکانی وڵاتەکەی بریتین لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئازادکردنی ئەو سەرمایانەی کە هی گەلی ئێرانن و ساڵانێکی زۆرە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە بانکە بیانییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەم وەڵامەی تاران نیشاندەری ئەوەیە کە ئێران نایەوێت بچێتە ناو هیچ ڕێککەوتنێکەوە ئەگەر بێتو مەرجە دارایی و ئەمنییەکانی جێبەجێ نەکرێن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری سەربازیدا تێدەپەڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.