Erbil 31°C یەکشەممە 26 تەمووز 22:54

عێراق روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی دابەزینی هێزی بیانی لە بیابانەكان دەدات

کوردستان TV
100%

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی دابەزینی هێز لە بیابانەكانی نەجەف و كەربەلا بڵاو دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە رووداوەكە دوو مانگ بەر لە ئێستا روویداوە و قوربانیشی لێ كەوتووەتەوە.

سەعد میعەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەمرۆ یەكشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: لە رۆژانی رابردوو چەند پەیج و دەزگایەكی راگەیاندن هەواڵ و ڤیدیۆی دابەزینی هێزیان لە رۆژهەڵاتی نوخێب لە بیابانی كەربەلا و هەروەها نەجەف بڵاو كردۆتەوە، لای خۆمانەوە رایدەگەیەنین كە رووداوەكە ئێستا نەبووە و بەڵكو لە 5ی ئاداری رابردوو روویداوە.

راشیگەیاند: ئەو كات هێزە ئەمنییەكانی عێراق چووبوونە شوێنی دابەزینی هێزەكان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هێزە نەزانراو و رێگەپێنەدراوە روویدابوو، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكان دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژرابوون.

سەعد میعەن هەروەها رایگەیاند: دوای رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكان لە مانگەكانی نیسان و ئایاری رابردوودا چەند جارێك ناوچە بیابانییەكانیان پشكنیووە و هیچ هێزێكی بیانی بەدی نەكراوە.

سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختیشی كردەوە كە هێزە ئەمنییەكان ئەركەكانیان بەتەواوەتی جێبەجێكردووە و تەئكیدیش دەكاتەوە كە ئێستا هیچ هێزێكی بیانی لە خاكی عێراق بوونی نییە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.