فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی 7ـی ئایار، هێزەکانیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی بێپاساوی ئێرانیان داوەتەوە و لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆیاندا، چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکەی ئێران لە کاتێکدا بووە کە سێ کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی بە ناوەکانی USS Truxtun (DDG 103)،USS Rafael Peralta (DDG 115) و USS Mason (DDG 87) لە گەرووی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان تێپەڕیون.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئێران لە ڕێگەی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمی بچووکەوە هێرشیان کردووە، بەڵام هیچ کام لە کەشتی و داراییەکانی ئەمریکا زیانیان بەرنەکەوتووە.
لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و ئەو بنکە سەربازییانەی ئێرانیان تێکشکاندووە کە بەرپرسیار بوون لە هێرشەکان، لەوانە: شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، و بنکەکانی هەواڵگری و چاودێری.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سێنتکۆم هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان نادات، بەڵام لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.