دادگای ڕەسافە لە شاری بەغدا، بڕیاری دا دانیشتنی دادگاییکردنی "عەجاج جابر شەفی"، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ئەنفال، بۆ ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دوا بخات.
ئەم بڕیارەی دادگا لە کاتێکدا هات کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و وارسی قوربانیانی ئەنفال لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتبوونە بەردەم بینای دادگا، تاوەکو لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن و داوای سزای دادپەروەرانە بکەن. پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەکە ڕایانگەیاند، کە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی 14ی ئایار بە مەبەستی تەواوکردنی هەندێک ڕێکاری پێویستی یاسایی و گوێگرتن لە گەواهیدەرانی نوێ بووە کە زانیاریی گرنگیان لەسەر وردەکاریی تاوانەکە لایە.
عەجاج جابر شەفی، یەکێک بووە لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ڕژێمی بەعس و بە یەکێک لە ئەنجامدەرانی سەرەکیی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988 دادەنرێت. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵات هەڵاتبوو، لەم دواییانەدا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە بۆ عێراق؛ ئێستاش کەسوکاری قوربانیان چاوەڕێن لە ڕێگەی ئەم دادگاییکردنەوە زانیاریی نوێ دەربارەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی نوگرە سەلمان و بیابانی سەماوە دەست بکەوێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.