سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا بۆ سەر گەڕەکی زاحیەی باشووری بەیروت، "ئەحمەد غالیب بەلووت" فەرماندەی یەکەی نوخبەی "هێزی ڕەزوان"ی سەر بە ڕێکخراوی حزبوڵایان کوشتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی سوپای ئیسرائیل، غالیب بەلووت ساڵانێکی زۆر لەناو هێزی ڕەزواندا پۆستی گرنگی هەبووە، لەوانە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەرپرسی یەکەمی ئامادەسازیی و کۆکردنەوەی هێزەکان بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل. لە ماوەی ئەم جەنگە و بەتایبەت لە ماوەی ڕابردوودا، ناوبراو ڕێبەرایەتی دەیان هێرشی مووشەکی دژە تانک و چاندنی بۆمبی چێنراوی لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە بەلووت هەوڵێکی زۆری داوە بۆ نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی تواناکانی هێزی ڕەزوان و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی "پلانی داگیرکردنی جەلیل"، کە یەکەیەکی کۆماندۆی مەشقپێکراوی سەر بە ئێرانە و بە مەبەستی لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە کار دەکەن.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، کە بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هەر هەڕەشەیەک کە ڕوو لە هاووڵاتییان و هێزەکانی بێت، و ڕێگری دەکەن لە هەر هەوڵێکی هێزی ڕەزوان بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.