Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 09:05

ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای لە بەیروت کوشت

کوردستان TV
100%

لەکاتی جێبەجێکردنی یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆ سەر جەرگەی بەیروت دوای نزیکەی مانگێک، سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی ڕەزوانی سەر بە حزبوڵای ڕاگەیاند.

بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی لوبنان، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشەکانی دیکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لانی کەم 11 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری وڵاتەکەی جەختی کردەوە، کە سوپاکەیان توانیویەتی "مالیک بەلوت"، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ڕەزوانی حزبوڵا لە ناوچەی غوبەیری لە ناو جەرگەی بەیروت بکاتە ئامانج و بیکوژێت.

 هاوکات سوپای ئیسرائیل برینداربوونی 4 سەربازی خۆی بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لە باشووری لوبنان پشتڕاست کردەوە، کە برینی یەکێکیان سەختە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لەکاتێکدایە کە هەردوو لایەنی شەڕەکە یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، کە لە 17ی نیسانی ڕابردووەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 لەکاتێکدا حزبوڵا بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوور، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن لە ناوچە سنوورییەکان، ئەمەش مەترسییەکانی هەرەسهێنانی ئاگربەستەکەی زیاتر کردووە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.